بەرپرسێكی گۆڕان: یەكێتی چاو لە زیادەڕۆییەكانی سلێمانی دەپۆشێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەرپرسێكی گۆڕان: یەكێتی چاو لە زیادەڕۆییەكانی سلێمانی دەپۆشێت

حاكم شێخ لەتیف: ئەوەی یەكێتی بە تایبەتی لە سەردەمی هاوسەرۆكایەتیدا بەسەر سلێمانییدا هێناوە، لە سەردەمەكانی پێشوودا سەدا یەكیشی نەكراوە

بەرپرسێكی گۆڕان ئاشكرای دەكات، زیادەڕۆییەكانی سلێمانی بە دەست یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوەیە و پەرلەمانتارێكی پێشووی بزووتنەوەكەش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، ”بە زارەكی فەرمان دراوە“ چاوپۆشی لە دروستكردنی خانووی زیادەڕۆ لە گوندەكانی دەوروبەری سلێمانی بكرێت و بەم هۆیەشەوە نرخی ئەو زەوییانەی موڵكی حكوومەت كە مامەڵەی نایاساییان پێوە دەكرێت، بۆ هەر (١٥٠) مەتر، زیاتر لە پێنج هەزار دۆلار بەرز بووەتەوە.

ئه‌حمه‌د پیرۆت، ئه‌ندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كە حزبەكەی هاوپەیمانی یەكێتییە بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”وه‌ك گۆڕان له‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لییەوە بگره‌ تا خواره‌وه‌، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی باسی ئه‌م زیادەڕۆییە كراوه‌، هه‌وڵی زۆر دراوه‌“.

بە گوتەی ئەو: ”ئیستاش كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌م باسه‌مان كردووه‌، ئه‌وان دەسەڵاتن و جومگه‌ی گرنگیان بە دەستەوەیە، پێمان گوتوون زیادەڕۆییەكان به ‌ده‌ست ئێوه‌یه‌ و له‌ سنووری سلێمانی به‌ ڕێكخراوی كراوه‌، به ‌ئاشكرا ئه‌مەمان له‌گه‌ڵ باس كردوون“.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان داوا دەكات زیادەڕۆییەكانی سلێمانی ڕابگیرێن، دەڵێت: ”ناكرێ خه‌ڵكێك هه‌یه‌ بواری دراوه‌تێ و چاوپۆشیی لێ كراوه‌ و له ‌هیچ شتێك ناگەڕێتەوە، به‌رده‌وامه‌ له‌ زیادەڕۆیی، ناكرێ بۆ مانه‌وه‌ی حزبی و ده‌سه‌ڵاتی حزب چاوپۆشی بكرێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی روو ده‌دات كاره‌ساته‌ به‌سه‌ر ئه‌م شاره‌دا هێنراوە“.

تا دوای هەڵبژاردن چاوپۆشی بكرێت!

هەر پێوەند بەو پرسە، حاكم شێخ لەتیف، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان، نووسینێكی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: ”زانیاریی باوەڕپێكراوی هەیە كە بە زارەكی فەرمان دراوە، چاوپۆشی لە دروستكردنی خانووی زیادەڕۆ لە گوندەكانی دەوروبەری شار \مەبەست لێی شاری سلێمانییە\ بكرێت تا دوای هەڵبژاردنەكان“.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە: ”هەر پارچە زەوییەكی١٥٠ مەتریی تۆزوبا، واتە زەویی زیادەڕۆ كە هی دەوڵەتە و كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێ“، لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا پێنج هەزار دۆلار لە نرخەكەی زیاد بووە و ”فڕکان فڕکانی دروستکردنی خانووی زیادەڕۆیە“.

هاوكات باسی لە جیاوازیكردن لەنێوان زیادەڕۆكاران كردووە و ئاماژەی بەوە داوە كە: ”دادوەر ھەیە بۆ ماوەی سێ مانگ ژنێكی زیندانی کردووە، لەبەر ئەوەی مێردەکەی دوو ژووری زیادەڕۆی دروست کردووە“.

بە گوتەی حاكم شێخ لەتیف، ئەوانەی زیادەڕۆیی لە سلێمانی دەكەن: ”بازرگان و تاڵانچییەکانن و ھاوبەشی خۆیانن، نەک خەڵکی ھەژار و شایستە“. نیگەرانیی خۆیشی لەوە دەربڕیوە كە ”ئەم شارەیان \مەبەستی سلێمانیە\ بە تەواوی کاول کرد“.

ئەوەشی راگەیاندووە كە: ”لە ھەموو سەردەمەکانی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی حوکمڕانیی عێراق، ئەو تاڵانکاری و کاولکارییەی لەسەر دەستی حوکمڕانانی یەکێتی لەم ٣٠ ساڵەدا و بە تایبەتیش لە سەردەمی ھاوسەرۆکایەتیدا بەسەر ئەم شارەدا ھێنراوە، ھەرگیز سەردەمانی پێشوو سەدا یەکی ئەوەی پێنەکراوە. لەوە دەچێ بە بەرنامە وا لەم شارە بکەن ١٠ ساڵی تر حوکمڕانی بکەن، داری بەسەر بەردیەوە ناھێڵن“.

شەڕە تەقە دروست بوو

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ٩ی ٢٠٢١، لە گەڕەکی تووەسپیی شاری سلێمانی، بە ھۆی ڕووخاندنی ژمارەیەک خانووی ھاووڵاتییانەوە لە لایەن پۆلیسی دارستانەوە، شەڕە تەقە لەنێوان ھاووڵاتییانی گەڕەکی تووەسپی و دەزگا ئەمنییەکاندا ڕووی دا.

لەمبارەیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھێزەکانی پۆلیسی دارستان بە مەبەستی ڕێگری لە زیادەڕۆیی، بەرەو گەڕەکی تووەسپی ڕۆیشتوون، بەڵام شەڕە تەقە ڕووی داوە و پۆلیسێک بریندار کراوە.

هەر لەبارەی زیادەڕۆیی لە سلێمانی، عومەر تۆفیق، پارێزەری نێودەوڵەتی كە پێشتر كاری لەسەر چەندان كەیسی گەندەڵی و زیادەڕۆیی لە سلێمانی كردووە، نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا داوای كردووە،: ”بڕۆن ئەوانە بگرن کە ماستەرپلان و نەخشەی شارەکەیان ساختە کرد و کۆشک و ڤێلایان لەسەر زەویی زانکۆ دروست کردووە، ئەوانەی شوێنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنکەی ئاسایش و پۆلیس و  و باخچەی گشتی و تەنانەت ماڵی خواشیان فرۆشتووە“.

ئەو پارێزەرە دەڵێت: ”بڕۆن ئەوانە بگرن کە دادگا و شارەوانی و کشتوکاڵ و پارێزگا و فەرمانگەکانی حکوومەتیان لە سلێمانی  فێری بەرتیل و گەندەڵی کرد، ئەوانەی زەویی موڵکی گشتی و و وەزارەتی دارایی بە كۆ دەفرۆشن، ئەوانەی سلێمانییان وێران کرد، ئەوانەی (٢٥٠) ملیۆن دۆلاری پارەی موڵکی گشتی و خەڵکیان دزیوە لە دەرەوە پێی ڕادەبوێرن“.

عومەر تۆفیق ئاشكرای كردووە كە: ”هەندێك كەس تا دوێنێ سایەقی گەڵابەی کرێ و عەنتەر و تانکەری علووج بوون، لە کەوڵە کۆن فرۆشتنەوە، ئێستا بە ناوی یەکێتی و لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدان و پارووی قووتی منداڵەكانیان، بوونەتە ملیۆنێر“.