لەبارەی دانەوەی قەرزی کارەبا ڕوونکردنەوە دەدرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لەبارەی دانەوەی قەرزی کارەبا ڕوونکردنەوە دەدرێ

بەڕێوەبەرێکی گشتیی وەزارەتی کارەبا، وردەکاریی دانەوەی قەرزی کارەبا و 12 قیستەکەی گێڕانەوەی قەرزی کارەبا دەخاتە ڕوو.

حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دەسەڵات لە وەزارەتی کارەبا دراوەتە بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆ ئەوەی قەرزی کارەبای هاوبەشانی کارەبا تاوەکوو 12 قیست دابەش بکەن، مەرج نییە هەموو قەرزێک بکرێتە 12 قیست، بەڵکوو قیستەکان بەپێی زۆری و کەمیی بڕی قەرزەکە دەبێ".


بەپێی بڕی قەرز، ژمارەی قیستەکان دیاری دەکرێن

وردەکاریی زیاتری خستە ڕوو و گوتی: "بەپێی بڕی قەرز، ژمارەی قیستەکان دیاری دەکرێن، بۆ نموونە، کەسێک قیستەکەی دابەشی سێ مانگ کراوە، دەبێت لەو سێ مانگەدا قەرزەکە بداتەوە، کەسێک 12 ملیۆن قەرزی هەبێ، ئەوا دابەشی 12 مانگ دەکرێ و مانگانە ملیۆنێک دەداتەوە، هەر قەرزێک بەم شێوەیە دەکرێتە قیست، بەڵام مەرج نییە هەمووی 12 قیست بێ".


هەموو هاوبەشانی کارەبا دەگرێتەوە


بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، ئەوەشی خستە ڕوو: " قەرزەکە کەم بێت، قیستی دانەوەی قیستەکانیش کەم دەبێ، قەرزیش زۆر بێ، قیستەکانی درێژ دەکرێنەوە، ئەوەش هاوکاری و بارسووککردنە بۆ هاوبەشانی کارەبا".

بە بڕیارێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی نۆ مانگ لە %15ی لێخۆشبوون بۆ قەرزی کرێی کارەبا هەبوو، بەڵام ئێستا قەرزی هاوبەشانی کارەبا تاوەکوو 12 قیست دەبێ.

حوسێن حەمەد، باسی لەوەش کرد، ئەو بڕیارە هەموو هاوبەشانی کارەبای ماڵان و میری و بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازی دەگرێتەوە.

بەپێی داتای وەزارەتی کارەبا، قەرزی هاوبەشانی کارەبا ترلیۆنێک و 300 ملیۆن دیناری تێپەڕاندووە.

وەزارەتی کارەبا: بڕیارەکە بۆ هاوکاری خەڵکە

لە سەرێکی دیکەوە، لێپرسراوى بەشی کاروباری وزە لە بەڕێوەبەرایەتیى گشتىی کارەباى سلێمانى رایگەیاند: "وەک هاوکارییەک بۆ هاووڵاتییان و هاوبەشانى کارەبا، هەرکەسێک بیەوێت پارەى کارەبا، یان قەرزى کارەبا بداتەوە، بۆى دەکرێت بە 12 پشک (قیست)".

یەک ملیۆن و 700 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەن

لای خۆیەوە، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هەر هاوبەشێکی کارەبا قەرزی کارەبای هەبێ، ئەوە بۆی دابەشی چەند قیستێک دەکرێ، ئەوەش وەکوو هاوکاری بۆ خەڵکەکە، تاوەکوو بەئاسانی قەرزەکانیان بدەنەوە".