لە قامووسی كتێبخانەی پەرلەمانی توركیا باس لە كوردستانیبوونی كەركووك كراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە قامووسی كتێبخانەی پەرلەمانی توركیا باس لە كوردستانیبوونی كەركووك كراوە

"سێ لەسەر چواری دانیشتوانی کەرکووک کوردن"

لە قامووسی كتێبخانەی پەرلەمانی توركیا، باس لە ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووك كراوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو قامووسە بێت، كە دەیان ساڵ بەرلە ئێستا ئامادە كراوە، ئەگەر كەركووك بكەیت بە چوار بەشەوە، سێ بەشی كورد بووە.

لە میدیاكانی توركیا زۆرجار باس لە كەركووك دەكرێت و وەكوو شارێكی توركمانی ناوی دەهێنن، ئەگەرچی بەڵگەكانیان بۆ توركمانبوونی كەركووك لاوازە، بەڵام وەكوو شارێكی توركمانی و میراتی عوسمانییەكان ناوی دەهێنن، بەڵام لەناو پەرلەمانی تورکیا، كوردستانیبوونی كەركووك ئاماژەی بۆ كراوە و ئاگادار نین.

ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، چەند هەفتەیەك بەر لە بەڕێوەچوونی ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە 2017، لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێكی پێشكەش كرد و زانیاری لەسەر كەركووك ئاشكرا كرد.

ئالتان تان، كە بڕوانامەی دكتۆرای هەیە، سیاسییەكی گەورەی كوردە لە توركیا، باسی لە قامووسی شەمسەدین سامی كردووە كە زانایەكی گەورە بووە و لە كتێبخانەی پەرلەمانی توركیا قامووسەكەی هەڵگیراوە و گرنگیی پێ دەدرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە قامووسی شەمسەدین سامیدا هاتووە، كەركووك ژمارەی دانیشتوانەكەی 30 هەزار كەسە، لەو رێژەیە سێ لەسەر چواری كوردە و بەشەكەی تریشی لە توركمان و عەرەب پێكهاتووە، هەروەها 462 کەسی كلدان و 760 کەسی جووی تێدا ژیاوە".

ئاڵتان تان، باسی لەو ساڵە نەكردووە كە شەمسەدین سامی لە قامووسەكەیدا باسی لە ژمارەی دانیشتوانی كەركووك كردووە، بەڵام رەنگە باسی ساڵانی بیستی سەدەی رابردووی کردبێت.

جیا لە ئاڵتان تان، تەها ئاكیون مێژوونووسی بەناوبانگی توركیاش لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی CNN-ی توركی، باسی لە ژمارەی دانیشتوانی كەركووك و مووسڵ كردووە، ئەویش دانی بەوەدا نا كە لەو دو شارەدا ژماری كورد زیاتر بووە.

تەها ئاكیون، لەو بەرنامەیەدا بە درێژی باسی لە بوونی كورد و توركمان و عەرەب و ئاشووری كرد لە كەركووك و مووسڵ، دانیشی بەوەدا ناوە لە كەركووك و مووسڵ ژمارەی كورد زۆر لە توركمان و عەرەب زیاتر بووە.

بەهۆی ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) كە پارتێكی نەتەوەپەرستی توركیایە و دایك و باوكی توركمانە، لەڕێگەی میدیاكەیەوە رای گشتیی توركیای شێواندووە و بەردەوام باس لە توركمانبوونی كەركووك دەكات.

باخچەلی، چەندینجار لە میتینگەكاندا بە دەنگی بەرز گوتوویەتی: "كەركووك شارێكی توركمانییە و كورد داگیری كردووە" بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكیش نیشان بدات.

بەڵام ئاڵتان تان لە وتارەكەیدا لەناو پەرلەمانی توركیا، ئاماژەی بەوە داوە كە ئەوە كتێبخانەی پەرلەمانی توركیایە باس لەوە دەكات سێ لەسەر چواری دانیشتوانی كەركووك كوردن و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو سەرچاوەیە، كە قامووسی گەورە زانای توركیا شەمسەدین سامییە.

ئاڵتان تان باسی لەوەش كردووە: "ئەگەر لە دەوڵەتێكی كوردی دروست ببێت، دونیا ناڕووخێت".