وەزارەتی تەندروستیی عێراق رێژەی وەرگرانی ژەمی یەکەم و دووەمی پێکوتەی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا، ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-9-2021، روبا فەلاح، ئەندامی تیمی راگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاندووە: پابەندنەبوون بە رێکارە خۆپارێزییەکان رەنگە ببێتە هۆی هاتنی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا.
روبا فەلاح هەروەها رایگەیاندووە: هیچ رێگایەک نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا جگە لە وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا و پابەندبوون بە رێکارە خۆپارێزییەکان و داواشی لە هاووڵاتییان کردووە پێکوتەکە وەربگرن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رێژەی ئەو کەسانەی پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە ئاشکرا کردووە کە بریتییە لە:
- 18%ـی دانیشتوانی عێراق ژەمی یەکەمی پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
- 11%ـی دانیشتوانی عێراق ژەمی دووەمی پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تا ئێستا یەک ملیۆن و 981 هەزار و 493 کەس لەو وڵاتەدا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 21 هەزار و 911 کەس گیانیان لەدەست داوە.