ئەمریکا و ڕووسیا داوای ڕێککەوتن لە پەیەدە و ئەنەکەسە دەکەن و پەكەكە رێگرە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەمریکا و ڕووسیا داوای ڕێککەوتن لە پەیەدە و ئەنەکەسە دەکەن و پەكەكە رێگرە

ناوەڕاستی ئەم مانگە، شاندێكى باڵاى ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیداره‌ى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریى ڕۆژئاواى كوردستان، بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ڕووسیا سەردانی مۆسکۆیان کرد و دواتریش چوونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، لە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئەمریکا، کە ئێستا هەژموونی گەورەیان بەسەر سووریادا هەیە، داوا لەو شاندە و پێشتریش لە شاندەکانی ئەنەکەسە کراوە کە ڕێک بکەون و ئەو بەڵگەنامەیە واژوو بکەن کە بە ناوی (بەڵگەنامەی شەرەف)ە و لە شەش خاڵ پێک هاتووە و تەنیا دوو خاڵی ماوە، بەڵام بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، پەکەکە ڕێگری دەکات لە هەر ڕێککەوتنێکیان کە لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) واژووی بکەن.

ئەمریکا و ڕووسیا لەگەڵ ڕێککەوتنن

د. کاوە عەزیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەجێندای ئەمریکا و ڕووسیا لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان جیاوازە، بەڵام لە خاڵێکدا یەکن کە چاویان لەوەیە کورد لە پرسی مافەکانیدا یەکگرتوو بێت و هەردوولایان (ئەنەکەسە) و (پەیەدە) ڕێک بکەون و گوتی: ''هەر کات گفتوگۆکان دەگەن بە ئەنجام، پەکەکە دەبێتە لەمپەر لەبەردەمیان و ئەوەش ڕێککەوتن و گفتوگۆکان ڕادەگرێت''.

ئاماژەی بەوەش دا: ''ئەو بابەتە کێشەی گەورەی لەنێوان فەرماندەی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی و پەکەکەدا دروست کردووە و تا ئاستی ئەوە هاتووە کە ئەمریکا بە دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای کوردستانی گوتووە، خۆیان چارەسەری پەکەکە دەکەن''.

ئەجێندای ئەمریکا لە سووریا

زانیارییە ئەمنی و ڕۆژنامەوانییەکان تاوەکوو ئێستا ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەمریکا لەگەڵ سووریایەکی یەکگرتووە و دەیەوێت کێشەی کورد لەسەر بنەمای فیدراڵی چارەسەر بکرێت، کە هەر ئەوەش داواکاریی (ئەنەکەسە)یە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەپاڵ ئەوەشدا ئەمریکا تاوەکوو ئێستا بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵ دەدات.

ئەجێندای ڕووسیا لە سووریا

هەر بەپێی زانیارییەکان و ئەو لێدوانە ڕۆژنامەوانییانەی لەلایەن سەرکردە باڵاکانی ڕووسیاوە پەیوەست بە دۆخی سووریا خراونەتە ڕوو، مۆسکۆ لەگەڵ ئەوەدایە کە دۆخی سووریا بە گفتوگۆی کورد لەگەڵ حکوومەتی ئێستای بەشار ئەسەد چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش بە گوێرەی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لەوەدا ئەمریکاش پشتیوانی لە تێگەیشتنی ڕووسی دەکات و ئەجێندای هەردوولاشیان بەپێی ئەو خواستەی کە لە سووریا هەیانە، لەو خاڵەدا یەک دەگرێتەوە.

بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بڕیاری 2254ی بە كۆی دەنگ لە ساڵی 2015 دەركردووە، بەپێی ئەم بڕیارە، دەبێ لایەنە شەڕكەر و ناكۆكەكانی سووریا ئاگربەست ڕابگەیەنن‌ و بگەنە چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا، بەپێی بڕیارەكە دەبێت دەستوورێكی نوێ بۆ سووریا بنووسرێتەوە‌ و لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، بە جۆرێك کە نەیارەكانی بەشار ئەسەدیش بتوانن بە شێوەیەكی ئازادانە خۆیان بۆ هەڵبژاردن كاندید بكەن.

د. کاوە عەزیزی، سەبارەت بەو پرسە ڕایگەیاند: "ڕاستە ئەمریکا و ڕووسیا ئەجێندای جیاواز و لە چەند بوارێکدا دژ بە یەکتریان هەیە، بەڵام هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی کە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە یەکگرتوویی بچێتە ناو هەر گفتوگۆیەکەوە، تەنانەت ئەمریکا لەوەشدا ناکۆک نییە کە کورد لە سووریا بە یەکگرتوویی گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی سووریا بکات''.

هەر پەیوەست بەو بابەتە، لە ماوەی ڕابردوودا باڵوێزخانەی ئەمریکا لە سووریا دەربارەی دانوستانەکانی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە، لە ڕاگەیەنراوێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە دیالۆگی نێوان پارتە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن.

لە ڕاگەیەنراوەکەی باڵوێزخانەی ئەمریکادا هاتووە: ''جۆی هوود، یاریده‌ده‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنەکەسە و یەکێتیی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆ بووەتەوە و جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ دیالۆگی نێوان ئەو لایەنە کوردییە کردووەتەوە''.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لەو لایەنانە کردووە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

دانوستانەکان دەست پێدەکەنەوە

د. کاوە عەزیزی، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ پەیەدە، ئاشکراشی کرد، دوو هەفتەی دیکە جۆی هوود، یاریده‌ده‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ پەیەدە دەگەڕێتەوە سووریا و گوتی: ''ئەمریکا ڕژدە لەسەر ئەوەی کە بە هەر شێوەیەک بێت، دەبێ ئەنەکەسە و پەیەدە بگەن بە ڕێککەوتن، ئەگەر نا کورد بەهۆی پەکەکە و ڕێکنەکەوتنەوە دووچاری کارەسات و داهاتوویەکی نادیار دەبێتەوە''.

ڕاشیگەیاند: ''لێکتێگەیشتنیان لەسەر چوار خاڵ لەگەڵ پەیەدە کردووە کە خاڵەکان پەیوەستن بە ئیدارەدانی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی دهۆک''.

بەندەکانی ڕێککەوتنی دهۆک لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە پێک هاتبوون لە: سەرکردایەتییەکی سیاسیی کوردی دادەمەزرێت، بە شێوەیەک کە 40٪ی لە تەڤدەم، 40٪ی لە ئەنەکەسە و 20٪یشی لە لایەنەکانی دیکە بێت.
ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتییە سیاسییەکە 32 کەس دەبن، بە شێوەیەک کە 12 کەس لە تەڤدەم، 12 کەس لە ئەنەکەسە و هەشت کەسیش لە هێزەکانی دیکە دەبن.

لە ڕووی سەربازییەوە ''لەشکری ڕۆژ'' دەگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ناوچەی دیاریکراوی جێگیر دەبێت.
لە ڕووی ئابووری و ئەمنییەوە گفتوگۆکان بە نێوەندگیریی ئەمریکا درێژەیان دەبێت، بەڵام ئەوەی جێی باسە، تاوەکوو ئێستا لەلایەن پەیەدەوە هیچ خاڵێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، هێندە نەبێت باڵێکی سیاسی و سەربازی لەناو پەیەدە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا پشتیوانی لە ڕێککەوتن دەکەن.