كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 21/09/2021

بەشی دوای ھەڵبژاردنی تیا بھێڵنەوە

تۆ دەتوانیت وەكوو من لەڕووی حزبیەوە پارتییش نەبیت، بەڵام نابێ ئەوەندە ئاستی ڕۆشنبیریت لاواز بێت كە وا بزانیت ئەگەر پارتی لە كەركووك نەبێت یان لە كەركووك بێت و كێشە و گیروگرفت بۆ كاندیدانی پارتی دروست بكرێت، تۆ پێت خۆش بێت و تانە و توانج بگریتە پارتی و پێت وابێ بەم تانە و توانجانە دەتوانیت كەركووك لە پارتی داببڕیت.

ئەوانەی لە ڕاگەیاندنی حزبە مونافیسەكانی پارتی ئیش دەكەن، ئەرك و مافی خۆیشیانە پشتیوانی لە كاندید و لایەنەكانی خۆیان لە ھەڵبژاردنەكاندا بكەن و شەو و ڕۆژ ”ھای ترێ..“ بۆ كاندید و لایەنەكانی خۆیان بكەن، بەڵام:

1- ئەوانە نابێت ئەوە نەزانن كە پێش ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 خوالێخۆشبوو جەنابی مستەفا بارزانی لە ناوپردان بوو، خەڵكی تریش ھەبوو وەك نوێنەری كورد خۆیان دەناساند و لە بەغدا بوون، بەڵام بەرپرسانی گەورە و بڕیاربەدەستانی ئەوكاتی بەغدا و ھەر بەدیاریكراویش سەدام حسێن، لە شەوی 9ی ئاداری ساڵی 1970 ھاتە ناوپردان و لەگەڵ جەنابی بارزانی لەسەر گشت باشووری كوردستان بە كەركووكیشەوە گفتوگۆیان كرد و ھەر لەناوپردانیش ڕێك كەوتن و دوو ڕۆژ دواتر ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 بەفەرمی و لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی فەرمیی عێراقەوە ڕاگەیەندرا.

واتە، پارتی لە كوێ بووە كوردستان بە كەركووكیشەوە لەوێ بووە، ئەگینا بۆچی ھەر لەو كاتانەدا كوردی دیكەش ھەیە و لە ناوجەرگەی بەغدا و شارەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقیشدا بارەگایان ھەیە، كەچی حكوومەتی عێراق گوێ بەو كوردانە نادات و لە بەغداوە دێن بۆ بارەگای جەنابی مستەفا بارزانی لە ناوپردان؟

2- ئەوانە نابێت ئەوە نەزانن كە ئەو كاتەی یەكێتی لە ساڵی 1983 - 1984 لەگەڵ عێراق خەریكی گفتوگۆ بوو، ھۆكارەكە ھەرچیەك بووبێت ئەو گفتوگۆیانە ھیچ ڕێككەوتنێكی لێ پەیدا نەبوو، بەڵام ھەر لە سەرەتای گفتوگۆدا بوو كە گۆڤاری (الطليعة العربية) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال كردووە، لە وەڵامی پرسیارێكدا كە لەسەر چ بنەمایەك گفتوگۆ لەگەڵ عێراق دەكەن؟ جەنابی مام جەلال دەڵێت: ”ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 بنەمای گفتوگۆكانی نێوانمانە“.

تەنانەت ھەر جەنابی مام جەلال لە نەورۆزی ساڵی 1984یشدا و لە سوورداش و لەبەردەم ژمارەیەكی زۆر لە سەیرانكەراندا، ئەم گوتەیەی دووبارە كردەوە و ئاماژەی بە ڕێككەوتنی 11ی ئاداری ساڵی 1970 وەك بنەمایەك بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عێراق دایەوە. جا سەیر بكەن دوای تێپەڕبوونی 14 ساڵ بەسەر ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری نێوان جەنابی مستەفا بارزانی و حكوومەتی عێراق، حزبێكی دیكەی غەیری پارتییش گفتوگۆ لەگەڵ عێراق دەكات كەچی ھەر ڕێككەوتننامەكەی نێوان جەنابی مستەفا بارزانی و حكوومەتی عێراق دەبنە بنەمای گفتوگۆ! ئەوە لە كاتێكیشدایە كە جەنابی مستەفا بارزانی لە ژیانیشدا نەماوە، بەڵام ڕێككەوتننامەكەی و ئیمزاكەی ماون و دەبنە بنەما.

3- ئەوانە نابێ ئەوە نەزانن كە دوای ھاتنەوەی ھەندێك لەو كوردانەی كە پێشتر لە بەغدا بوون بۆ ناوپردان و بۆ لای جەنابی مستەفا بارزانی، پێیان گوت ئێمە خائین بووین و كوردایەتی ڕاستەقینە لای تۆیە \ئەمە بە تۆماری دەنگی ھەیە\ بۆیە دەڵێم حەق وایە ڕاگەیاندنی حزبە مونافیسەكانی پارتی، لە كاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا بەشی دوای ھەڵبژاردنی تیا بھێڵنەوە، چونكە دوای ھەڵبژاردن دەبێ لەگەڵ پارتی ڕێك بكەون كە لە بەغدا بەیەكەوە چی بكەن و چۆن.

ئەوەشتان بیر نەچێت كە ئێوە ئێستا لە گشت داوودەزگا دەستووریەكانی ھەرێمی كوردستان بەیەكەوەن، لە دوو دەزگای باڵای بەڕێوەبردن پارتی سەرۆكتانە، ئەمەش بە زۆر و خۆسەپاندنی پارتی نەبووە، بەڵكوو بە دەنگی خۆیشتان بووە لە پەرلەمانی كوردستان كە ئەمەیان سەرۆكەكەیشی لە خۆتانە، بۆیە جارێكی تر دەڵێم لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا چەند دەتوانن ھای ترێ بۆ كاندید و حزبەكانی خۆتان بكەن، بەڵام پیاوی چاك بن بەشی چاوپێكەوتن و ڕێككەوتنی دوای ھەڵبژاردن لەگەڵ پارتی تیا بھێڵنەوە، ھیچ نەبێت با ئەندام و لایەنگرانتان ئەو كاتە ڕووی ئەوەیان بێت كە سەیری دیمەنەكانی ئەو چاوپێكەوتن و كۆبوونەوە و ڕێككەوتنانەتان لەگەڵ پارتی بكات!