منارەی چۆلی.. لەگەڵ قەڵای هەولێردا ناوی دێت بەڵام بایەخی گەشتیاریی پێنەدراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

منارەی چۆلی.. لەگەڵ قەڵای هەولێردا ناوی دێت بەڵام بایەخی گەشتیاریی پێنەدراوە

بە گوتەی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسان، مێژووی دروستکردنی منارەی چۆلی لە هەولێر، دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا و هەمیشە کە ناوی قەڵای هەولێر دێت ناوی منارەش لە پاڵیدا دێت، بەڵام وەک قەڵا گرنگیی پێنەدراوە، بەتایبەت لەڕووی گەشتیارییەوە، رۆژانە ژمارەیەکی کەمی گەشتیار سەردانی منارەی چۆلیی هەولێر دەکەن. (باسنیوز) لەم ڕیپۆرتاژەدا چەند زانیارییەک سەبارەت بەو شوێنەوارەی هەولێر و مێژوو و چیرۆکی دروستکردنەکەی دەخاتە ڕوو و بابەتی پشتگوێخستنەکەی و هۆکارەکەی دەوروژێنێ.

لەڕووی گەشتیارییەوە

نادر بەکر، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر، پێوەند بە پشتگوێخستنی شوێنەواری منارەی چۆلی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "منارەی چۆلی مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا، لەڕووی شوێنەوارییەوە گرنگییەکی زۆر بە منارەی چۆلی دراوە و بە شێوەیەکی پێشکەوتوو نۆژەن کراوەتەوە، هەروەها پارێزراویشە بەتایبەت لە کاتی بارانبارین ئەژماری ئەوە کراوە کە بە هیچ شێوەیەک ئاو لە شوێنەکە کۆنەبێتەوە و زیانی بەرنەکەوێت، بەڵام لەڕووی گەشتیارییەوە پێویستە زیاتر گرنگیی پێبدرێت، هەرچەندە ئێستا ئەو منارەیە لەنێو پارکە بەڵام لە بەرنامەماندا هەیە کە پڕۆژەیەک لە دەوروبەری منارەکە جێبەجێ بکەین و بیکەین بە شوێنێکی گەشتیاری".

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر ئاماژەی بە ئەوەش دا کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکەیان دەکەن، سەبارەت بە گرنگیدان بە منارەی چۆلی لەڕووی گەشتیارییەوە و بە نووسراو سەرووی خۆیانی لێ ئاگادار دەکەنەوە پاش رەزامەندیدان، بە هاوکاریی کەرتی تایبەت شوێنەکە دەکەن بە گەشتیاری تا گەشتیاران زیاتر سەردانی شوێنەکە بکەن و بە منارەی چۆلی ئاشنا بن.

منارەیەکی دەگمەنە

نموونەی منارەی چۆلی زۆر کەمە، دەتوانین بڵێین هەر نییە، چونکە ئەو منارەیە جیاواز لە منارەکانی دیکە دوو دەرگای هەیە و دوو پەیژەی جیاوازی بۆ سەرکەوتن بۆ سەرەوە هەیە، بە شێوەیەک کە پەیژەکان لەسەر یەکترین و پەیوەندییان بە یەکترەوە نییە ئەوەش یەکێکە لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی منارەکە.

مێژووی دروستکردنی

منارەی چۆلی کە بەرزییەکەی ٣٧ مەترە لە کتێبە مێژووییەکان هەندێک جار بە منارەی مزەفەرییەش ناو دەبردرێت، یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری ھەولێر، دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای قەڵای ھەولێر، زۆرینەی جار کە ناوی هەولێر دێت ناوی قەڵاش دێت لەپاڵ ناوی قەڵاش ناوی منارە دێت بە "هەولێری قەڵا و منارە" ناوی شارەکە دەهێندرێت، لە کاتی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری لە سەردەمی دەوڵەتی بەکتکینی (١١٥٣-١٢٣٢)ی زایینی کە حاکمی هەولێر بوو، منارەی چۆلی دروست کراوە و بەشێک لە شوێنەوارناس و مێژوونووسان ئاماژەیان بەوە داوە کە پێشبینی دەکرێ ئەو منارەیە پاشکۆی مزگەوتێکی گەورەی ئەو سەردەمە بووبێت.


بەشێکی منارەکە رووخاوە

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر روونی کردەوە، منارەی چۆلی لە ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن پسپۆرانی وڵاتی چیکەوە بە شێوەیەکی تایبەتمەند نۆژەن کراوەتەوە و ئەو نۆژەنکردنەوەیە وای کردووە کە ئەو منارەیە لەو چەند ساڵەی دوایی تەواو پارێزراو بێت و چیدیکە نەڕووخێت، دەشڵێ کە بەر لە نۆژەنکردنەوەکە بەشێکی لوتکەی منارەکە رووخاوە و کەمێک لار بووەتەوە، ئێستا لاربوونەوەکەی وەستاوە.


پاشکۆی ناوی چۆلی لە چییەوە هاتووە؟

کتێبە مێژووییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە لە سەردەمی سوڵتان مزەفەردا، بەھۆی گەشەسەندنی شار و ئارامی و دڵنیایی ھاووڵاتیان، بۆ یەکەمین جار خەڵک لە دەرەوەی قەڵات جێگر بوونە و سوڵتان دوو قوتابخانە و مزگەوتێک و بازاڕێكی لە خوارووی قەڵات دروست کردووە، بەڵام دوای کۆچی دوایی سوڵتان و ھێرشەکانی مەغۆل و جەلائیری و ئیلخانی و تورکمانی و سەفەوی بۆ سەر ھەولێر، ئەم بەشەی شار لە دەرەوەی قەڵات بووەتە وێرانە و شوێنی منارە تا سەرەتای سەدەی ڕابردوو چۆڵەوانی بووە و کەسی لێ نەژیاوە، بۆیە ناو نراوە "منارەی چۆلی" هەر بۆیە تاوەکوو ساڵی ١٩٣٥ فەرامۆش کراوە و دواتر لەو ساڵەدا بە فەرمی وەک شوێنەوار ئەژمار کراوە و لە ساڵی ١٩٦٠ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەواری عێراقی، دیواری بە چواردەوریدا بۆ دروست کردووە و نۆژەن کراوەتەوە.

چیرۆکە بڵاوەکەی دروستکردنی منارە


د.وریا عومەر ئەمین، لە نووسینێکیدا کە بە ناونیشانی "لەبەر چی منارەى داقووق و چۆلیى هەولێر لێک دەچن؟“ بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بە چیرۆکە بڵاوەکەی دروستکردنی منارەی چۆلی کردووە و نووسویەتی: "سوڵتان مزەفەرەدین گۆکبەری حاکمی هەولێر (١١٥٣-١٢٣٢ز) كاتێ سەردانی خەلیفەی عەباسی (موستەنسر بیللا ١١٩٢-١٢٤٣)ی کرد، کە حوکمی بەغدای دەکرد لە ساڵانی (١٢٢٦-١٢٤٢)، خەلیفە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرد و لە شوێنێکی زۆر شیاو جێنشینی کرد و زۆر پاداشت و دیاریی پڕ بەهای پێ دا، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ هەولێر، سوڵتان بە "داقووق"دا تێپەڕیوە و چاوی بە منارەی داقووق کەوتووە، شێوەکەی و جوانییەکەی و چۆنیەتیی دروستکردنی سەرنجی راکێشاوە، بۆیە پەسەندی کردووە و بڕیاری داوە کە منارەیەکی لە هەمان شێوە لە هەولێر دروست بکات“.

د.وریا عومەر لە درێژەی نووسینەکەیدا دەشڵێ: "سوڵتان چاوی بە وەستای ئەندازیاری ئەو منارەیە کەوتووە و داوای لێ کردووە کە بێتە هەولێر و منارەیەکی لە شێوەی منارەی داقووق دروست بکات، ئیدی پێکهاتوون کە بێتە هەولێر بۆ نەخشەدانان بۆ پرۆژەکە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک نەیتوانیوە لەو کاتە لەگەڵ سولتان گەشت بکات، بۆیە یەک لە قوتابیە یاریدەدەرەکانی خۆی راسپاردووە لەگەڵ سوڵتان گەشت بکات بۆ هەولێر و لەبری ئەو، نەخشەی دروستکردنی منارەکە بکێشێ بەو هیوایەی کە پاشان وەستاکە بێت و دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکات لە هەولێر، بەڵام قوتابییەکە لە هەولێر راستەوخۆ دەست بە نەخشەکێشان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکات و لە ماوەیەکی پێوانەییدا منارەکە دروست دەکەن کە جوانتر بووە لە منارەی داقووق".

بەپێی نووسینەکەی د.وریا عومەر ئەمین، وەستای قوتابییەکە کاتێک دێتە هەولێر و دەبینێ کە قوتابییەکەی منارەیەکی وا ناوازەی دروست کردووە، ئیرەیی پێدەبات و بە پیلانێک دەچنە سەرەوەی منارەکە لەسەرەوە کاتێک دەیەوێ قوتابییەکەی هەڵبداتە خوارەوە، خۆی دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەست دەدات.

منارەی چۆلی لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی یەكەم بنکەی منارەكەیە بەرزییەكەی ١٥ مەترە و بەشی دووەم لوولەكەیەتی بەرزییەكەی٢٢،١٠ مەترە و تێکڕای بەرزییەکەی ٣٧،١٠ مەترە، تێکڕای منارەکە لە خشت دروست کراوە و بۆ سەرکەوتن بۆ سەرەوە، دوو دەروازەی جیاوازی هەیە.

مەترسییەک لەسەر منارە

راستەوخۆ لەپشت منارەی چۆلییەوە، شەقامێکی نیمچە گشتی هەیە کە بەنێو گەڕەکی منارەدا تێپەڕ دەبێت، دەپرسین ئاخۆ هیچ ئاگادارییەک سەبارەت بە قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ دوورخستنەوەی منارەکە لە زیانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دراوە بە لایەنی پەیوەندیدار کە ئەگەری هەیە بەهۆی گوشار و هێزی جوڵەی هەواوە دروست بێت؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر رایگەیاند: "ئەو پرسە زۆر گرنگە و سوپاس بۆ (باسنیوز) کە ئێمە لەو مەترسییە ئاگادار کردەوە و ئەو بابەتەی وروژاند، لەو ڕۆژانە نووسراوی فەرمی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر دەکەین بۆ ئەوەی هاتوچۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە شەقامی پشت منارەی چۆلیدا قەدەغە بکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی منارەکە لەو زیانە دوور بێت کە ئەگەری هەیە لە ئەنجامی هاتوچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە و گوشاری هێزی هەواوە دروست دەبێت و کار بکاتە سەر لاربوونەوەی منارەکە.