عه‌بدوولی سوران.. باوه‌ڕێكی پیرۆز لەژێر چه‌قۆی ناپاكیدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەندرێن جەمال سوران 21/09/2021

عه‌بدوولی سوران.. باوه‌ڕێكی پیرۆز لەژێر چه‌قۆی ناپاكیدا

كاك عه‌بدوولی سوران، یه‌كێك بوو له‌ داینه‌مۆکانی به‌گه‌ڕخستنی بیری كوردایه‌تی، ئه‌و كاتانه‌ی كوردبوون بڤه‌ بوو، ئه‌و كاتانه‌ی رژێمه‌ فاشسته‌كان بیری كوردبوونیان كه‌له‌پچه‌ و زنجیر كردبوو، ئه‌و كاتانه‌ی بەشێکی خەڵک ده‌ستیان به‌ كڵاوی كۆیلا‌یه‌‌تییەوه‌ گرتبوو، ئه‌و كاتانه‌ی خه‌وی بێئاگاییان له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ خستبوو، كاك عه‌بدوولی سوران یه‌كێك بوو له‌و كه‌سایه‌تییه‌ دەگمەنانه‌ی دڵسۆزانه‌ كوردبوونیان جاڕ ئه‌دا، كه‌له‌پچه‌ و زنجیریان بۆ جوانی ئه‌كرده‌ مل و بازوویان، كڵاوی كۆیلا‌یه‌تییان ئه‌دا به‌ده‌م باوه‌، خه‌ڵكی نووستوویان بۆ ئازادی له‌ خه‌و راده‌چڵه‌كاند.

زیندانه‌كانی خوارووی عێراق، تاراوگه‌ی ئه‌و كورده‌ ئابڕوومه‌نده‌ و به‌ڵگه‌ی قاره‌مانیی ئه‌و پیاوه‌ مه‌رده‌ن. عه‌بدوولی سوران ئاوێتەی وشه‌ی تێكۆشان و خه‌بات له‌پێناو كورد و كوردستاندا بووبوو، هه‌موو خه‌ڵكی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری به‌تایبه‌تی و هه‌موو كوردستان به‌گشتی، هه‌ر كاتێ ناوی كاك عه‌بدوول ئه‌هات، كوردستانپەروەرییان بیر ئه‌كه‌وته‌وه‌. ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم به ‌ئێستاشه‌وە، ئه‌و ناوه‌ هه‌ر كاڵ نه‌بووەته‌وه‌ و له‌ ویژدانی هه‌موو كوردێكی خه‌مخۆردا ره‌نگ ئه‌داته‌وه‌ و ناوی كاك عه‌بدوولی سوران له‌ گشت به‌رخۆدانه‌كانی نیو سه‌ده‌ی دۆزی گەلی كورد ئه‌دره‌وشێته‌وه‌.

دوای نسكۆی شۆڕش، ساڵی ١٩٧٥ كاك عه‌بدوولی سوران بۆ جاری چه‌ندەمین راپێچی مەنفا‌ و ده‌ربه‌ده‌ری كرا، ئه‌و خوارووی عێراقه‌، كه‌ هه‌میشه‌ جێی مەنفای ئه‌م پیاوه‌ مه‌رده‌ بوو، وه‌ك سه‌دان تێكۆشه‌ری دیکەی ئه‌م كورده‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌، دیسانه‌وه‌ بووه‌وه‌ به‌ ژینگه‌ی كاكه‌ عه‌بدوول. سەربارى ئەو هەموو دەربەدەرى، گرتن، ئەشكەنجه، شەهیدكردنى برایەكى و ئازاردان و زوڵمكردن له زۆر له ئەندامانى بنەماڵەكەى لەلایەن دوژمنانى كورد و بەكرێگیراوەكانیانەوە، كاك عەبدوولی سوران هەرگیز له كاروانی كوردایەتى و خەبات دانەبڕا.

له‌ رۆژی ١٢ی ئه‌یلوولی ساڵی ١٩٨١، ده‌ستێكی ره‌ش، ده‌ستێكی سەرلێشێواو و به‌كرێگیراوى پولپوتی خۆفرۆش و دڵ پڕ له كین و خائین ئه‌چێته‌ خوێنی ئه‌و كه‌سه‌ جوانه‌ی كه‌ مۆمێك بوو بۆ كوردایه‌تی و لەپێناو یەكڕیزیى میللەتەكەیدا ئه‌سووتا، به‌ فیشه‌كی نامه‌ردان بریندار ئه‌كرێت و ئه‌یگه‌یه‌ننه‌ نەخۆشخانه‌ی سلێمانی، لەوێ حه‌وت رۆژ به‌ برینداری ئه‌مێنێته‌وه‌ و چانسی ژیانی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، دڵسۆزان و هه‌ڤاڵانیشی به‌ چاكبوونه‌وه‌ی دڵخۆش ئه‌بن.

بەڵام پاكى، كوردایەتى، مێژووى پڕسەروەرى و رەسەنى شەهید و بنەماڵەكەى و خۆشەویستی و رێزى زۆرى كاكه عەبدوولی سوران له دڵى خەڵكى بەشەرەفى سلێمانى و كوردستاندا، هێنده خۆفرۆشەكانى تۆقاندبوو تەنانەت كه به بریندارییش له نەخۆشخانه دەستیان له تاوان بەرامبەر بەو پیاوە دلێرە هەڵنەگرت و له رێگەى جڕوجانەوەر و ئەڵقەلەگوێیەكانى ناو شاریان، دەستى رەشیان گەیانده دەرمان و چارەسەریى كاك عەبدوولی سوران و ئه‌و پیاوه‌ جوانه‌ بۆ جاری دووه‌م تیرۆر ‌دەكەن‌.

ئاوایه رێگه‌‌ی ناپاكان، ناپاكى له هەموو بەهایەكی پیرۆز، تەنانەت پیشەكەیان، بەمەش بەدڕەوشتى و شەرمەزارییەكى دیکەى وایان بۆ خۆیان و ئاغاكانیان تۆمار كرد كه له مێژوودا كەموێنەیه.
ئاخر ئه‌وه‌ هه‌روا ئاسان و سه‌رزارەكی نییه‌، لەدوای ٤٠ ساڵی ره‌به‌ق، بكوژانی ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، په‌رده‌ی شووره‌یی له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌ڵده‌ماڵن و ماسكی شەرمەزاری له‌سه‌ر رووی ره‌شیان ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌ و سووك و ریسوای به‌رده‌م ئه‌رز و ئاسمان ده‌بن و ئاشكرا ده‌بێت، كێ بۆ كورد له‌ تێكۆشاندا بووه‌ و كێش په‌یمانی به‌ دوژمنان داوه‌، هه‌رچی ده‌نگی سه‌به‌خۆییه‌ كپی بكه‌ن. ئه‌نجامه‌كه‌شی، به‌ گۆڕبه‌گۆڕبوونی ئه‌وان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی كوردایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی كۆتایی هات.

رۆژێك دێت نهێنییەكان بەتەواوى ئاشكرا دەبن و پولپوت و رووته و كاسەلێسەكانیان زیاتر شەرمەزار و رووڕەش دەبن. ئەوكات پله و پاره، كه له پاداشتى تاوانەكان وەریانگرتووه، به كەڵكیان نایەت و بەتەواوى بەر لەعنەتى خەڵك و مێژوو دەكەون و مێژووش رەحم به كەس ناكات.

*برازای شەهید عەبدوولی سوران

No description available.

عەبدوولی سوران و دکتۆر هەندرێن نووسەری ئەم بابەتە بە منداڵی

No description available.

عەبدوولی سوران لە پێشوازیی بارزانیی نەمردا