شیلان گیلانی: بۆ نووسینی کتێبی (ژنانی کورد) ڕۆژووی فەرهەنگیم گرت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شیلان گیلانی: بۆ نووسینی کتێبی (ژنانی کورد) ڕۆژووی فەرهەنگیم گرت

"بەرگی دووەمی تایبەتە بە ژنانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان"

لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرگی یەکەمی کتێبی ژنانی کورد، لە نووسینی خاتوو شیلان گیلانی، نووسەر و شاعیری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ کرایەوە، و ئاژانسی (باسنیوز) بۆ زیاتر تیشکخستنە سەر ناوەرۆکی ئەم کتێبە وتووێژێکی لەگەڵ نووسەری کتێبی ژنانی کورد پێک هێناوە.

نووسەری کورد خاتوو شیلان گیلانی، باس لە ئامانجی ئامادەکردنی کتێبی ژنانی کورد دەکات و چندین ئامانجی سەرەکی خۆیان لە چاپی ئەم کتیبە بۆ (باسنیوز) ڕوون کردەوە و گوتی: "ساڵی 1386ی هەتاوی (2007ی زایینی) د.کتور جەهانبەخش سەواقب'' ئەندامی زانستیی زانکۆی لوڕستان، لە کتێبە فارسییەکەی ژنانی دەسەڵاتدا (زنان فرمانروا)، باسی چەند ژنەکوردی بە دەسەڵاتی ئەوسای کردووە بەبێ ئەوەی بڵێت کورد بوون. بۆیە بە پێویستم زانی ئەم دەقە دوایی بۆ فارسەکان بگوازمەوە، هەتا سالارەژنەکانی کوردیان بە جوانی پێ بناسێنم. هەروەها لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش ژیاننامەی چالاکانی ژنی کورد کەم و دەگمەن بووە، بۆیە لە ساڵی 1393ی هەتاوی (2014ی زایینی) لە ڕۆژنامەکاندا بانگھێشتی ژنە چالاکوانەکانم کرد و دوایی بە لێکۆڵینەوە، ژیاننامەکەیانم نووسیەوە هەتا بزانین ژنانی ئەوسا چییان بە یادگار و دیاری بۆ بەجێ هێشتووین کە خوێندەواریشیان نەبووە، لەلایەکی دیکەوە ژنانی ڕۆژھەڵات، ژنە چالاکوانەکانی پارچەکانی‌تریش بناسن، مەبەستی سەرەکیم، نووسینی ژیاننامەی ئەو ئافرەتانە بووە کە بە چەرمەسەری و ئازاری زۆرەوە، دوور لە ھێزی پیاوان لە بواری خوێندەواری، یان دەستڕەنگینی و پیشەییەوە، خۆیان پێگەیاندووە. وەک پێشینیان دەڵێن

    دەستی خاڵی ھەر بۆ چەپۆک چاکە               

  بیدەی لە تەپڵی سەری خۆت کاکە

   ژنێک بە مەردی مناڵی ژیاند                        

   بێ بوونی پیاو‌ سەختی تێپەڕاند

   ناوی زۆر بەرزە لەسەر چاوانە                       

  لە بۆ کۆمەڵگا ھێز و دەرمانە

ژیاننامەی نەخوێندەواری خۆپێگەیاندوو، هونەرمەند، داهێنەر، دەستڕەنگین و جواننووس، وێنەکێش، سواڵەتکار (گۆزەکەر) و خۆڕسکیشم نووسی، چونکە مایک و هەلی خۆدەرخستنیان بۆ نەڕەخسابوو، بەڵام ڕەمزی سەرکەوتنیان، بڕوا بەخۆ بووە. تا چەند ساڵ لەمەوبەر ژنانی کورد، لە کوورەخانەکانیشدا بە تایبەت کوورە خشتپەزییەکانی تاراندا لەبۆ نانێکی حەڵاڵ، بە بەر قرچە و برژەی کوورە و هەتاوی هاوینان لەوپەڕی هەژاریدا لەگەڵ مێردەکانیان ئازاریان دەچێشت. ئەگەر تەمەن مەودام بدات لە بەرگی دووەمی کتێبەدا کە تایبەتە بە ژنانی چالاکی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکوو بیانبینمەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نووسەر لەسە جیاوازیی پرۆژەی کتێبی ژنانی کورد لەگەڵ ئەو کتێب و پرۆژانەی دیکە کە لەم بوارەدا چاپ و بڵاو بوونەتەوە، ڕایگەیاند: "مێژووی کورد بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە بەرهەم و هونەری تاڵان کراوە و دەسەڵاتەکان کردوویانەتە موڵکی خۆیان. بەم کەمەش کە بۆمان ماوەتەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە فەرهەنگ و کولتوورێکی دەوڵەمەندمان بووە و داپیرە و باپیرەکانمان لە فەوتان ڕزگاریان کردووە. بۆ نموونە لە ئەوین و خۆشەویستیدا لە ئوستوورە و دێرۆکەکاندا کەسانێک وەک: مەم و زین، شیرین و فەرهاد و چەندین کەسی ترمان هەیە کە نموونەی ڕاستەقینەی دڵدارین".

خاتوو شیلان هەر لەمبارەوە ڕایگەیاند:"لە بەشی دەسەڵاتدا سەرەژنگەلێکمان بووە کە دەسەڵاتی گوند و شارەکەیان بە ئەستۆ بووە و لە پیاوان بە جورئەتتر و بەهێزتر وڵاتیان بە جوانترین شێوە بەڕێوە بردووە و یەکسانی و ئارامییان بە خەڵک بەخشیوە. وەک: خوداداد خاتوون، شەجەرەدوڕ، خانزادی سۆران، شاخاتوون،  حەپسەخانی نەقیب، قەدەمخێر خانم، عادیلەخانم، بەڵام بەداخەوە ژنانی ئێستا مێژووی گەورە و حاکمە ژنان و شەڕڤانەکان ناخوێننەوە بۆیە زیاتر خەریکی ڕوخسار و جوانکاری و نەشتەرگەریگەل نابەجێن. لە فەرموودەبێژی و خێرخوازیدا ژنگەلێک بە خوێندنی قورئانی پیرۆزەوە سەدان قوتابخانە و خانووبەرەیان بۆ هەتیوان و دەستکورتان کردووە و سەلامەتیی جەستە و ڕۆحی کۆمەڵگەیان مسۆگەر کردووە".

 نووسەری کتێبی ژنانی کورد لە بواری شێوازی پۆلێنبەندیی پڕۆژەکەی گوتیشی: "لە هەموو بوارەکانی سیاسی و دەسەڵات، فەرهەنگ و ئەدەبیات، ژنانی خێرومەند و فەرموودەبێژ، ژنانی ئەوسا و هەنووکەی زانا و دەستڕەنگین و گیادەرمانی کۆن و... بە شێوازێکی ڕێکوپێک پێڕست کراوە."
ئەو جۆرەی کە خاتوو شیلان گیلانی باس لە شێوازی لێکۆڵینەوەکەیان دەکات ئەم پڕۆژەیە هەم شێوازی مەیدانی و هەم بە شێوازی کتێبخانەیی بەرهەم هاتووە و خۆی لەمبارەوە دەڵێت:" هەم بە شێوەی مەیدانی و هەم بە تەلەفون و ئیمەیل و هەمیش لەڕووی چەند سەرچاوەی ڕوون کراوە، بەڵام بەهۆی باردۆخی سیاسی و کۆرۆناوە نەمتوانی بە کوردستانی باکوور و ڕۆژاوا سەفەر بکەم، ئەگەر تەمەن دەرفەتم بدا دوایی دەڕۆم و لە نزیکەوە کتێبێکی چڕوپڕتر دەنووسمەوە و ڕاڤەیان لەسەر دەکەم".

لە وڵامی پرسیاری هەبوونی بەربەست لەرێگای بە ئەنجامگەیاندنی لێکۆڵینەوەکەی و بە چاپ گەیاندنی کتیبی ژنانی کورد، شیلان گیلانی ڕایگەیاند: "بەربەستی زۆرم بۆ هاتووەتە پێشەوە، زۆر بە دوای سەرچاوەدا گەڕاوم. ژنانێک چالاک و دەستڕەنگین و شانۆکار و مێدیاکار بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات، ئامادە نەبوون باسی خۆیان بکەن و ڕەمزی سەرکەوتنیان بۆ لاوەکانی دواڕۆژ دەرخەن. یان ئامادەگییان دەردەبڕی و پەشیمان دەبوونەوە، یان لەبیریان دەکرد و دەبوا بەردەوام بە تەلەفون وەبیریانم بهێنایەوە، وەک لە بەرایی کتێبەکەیشدا باسم کردووە "سواڵی فەرهەنگی"م کردووە، کەسانێکی زۆر لەباتی ژیاننامە، ڕێزوومە، واتە کورتە چالاکییەکیان لە چەند ڕستەدا بۆ ڕەوانە دەکردم، سەدانجار بە تەلەفون پێناسە و جیاوازی ژیاننامە و ڕێزوومەم بۆیان کردوو، ئەم لێکۆڵینەوە کوێرەوەری زۆرە دواییش زۆر کەس بایەخی پێ نادەن و پێیان وایە کارێکی ساکار و سادەیە. بڕێک لە سەرچاوەکان لە ڕۆژهەڵات نەبوون، ناچار لە باشوور گەڕاوم هەتا دەستم کەوتووە. بەڕاستی ئەم کتێبە پیری کردم، دڵەڕاوکێی زۆری هەبوو. وای کرد کە ڕۆژووی فەرهەنگیم گرت. بەدەگمەن دەچوومە میوانی و کۆڕ و کۆبوونەوەکان و سەفەر بۆ لای خزم و کەسوکار و...

خاتوو شیلان گیلانی، لە وەڵامی دوایین پرسیاردا لەسەر ئەوەی کە ئایا چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێب و پڕۆژەی لەم شێوە چ سوود و کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگە و بە تایبەتی بۆ ژنان دەبێت، ڕایگەیاند: "ئەم کتێبە ئەگەر خوێنەری خۆی هەبێ، سوودێکی زۆری هەیە بۆ ژنان، بەتایبەت و بۆ خوێندکارانی زانکۆ هەتا باشتر لە مێژووی خۆیان بگەن. لەوانەیە ببێتە تیشکهاوێژێک بۆ داهاتوویان کە خۆیان لە کەسایەتییەکدا بدۆزنەوە و هەڵکەوتەییان مسۆگەر بکەن بۆ دواڕۆژی نیشتمان. لە کۆتاییدا لە میری مەزن داواکارم پەتای کۆرۆنا بنەبڕ بێت و ئاشتی و ئارامی باڵ بکێشێ بەسەر کوردستاندا و نەیارەکانی نیشتمان ببن بە یار. باشووری ماڵەباوانیشمان بۆ بمێنێت.

سپاسی دکتۆر عەلی ئەشرافی و مامۆستا ساماڵ ئەحمەدی دانیشتووی باشوور دەکەم کە ئەرکی پێداچوونەوەی کتێبەکەیان بە ئەستۆ گرت، هەروەها سپاس و پێزانینم پێشکەش بە کچە زەحمەتکێشەکەم دکتۆرە سۆما دەکەم کە ئەرکی لە چاپدانی ئەم کتێبەی بە ئەستۆ گرت، هیوادارم لەگەڵ ئێوە بەڕێوەبەرانی (باسنیوز) بەختەوەر و تەندروست بێت".
شیلان گیلانی نووسەر و شاعیری خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەتایبەتی لەسەر ئەدەب و شیعری منداڵان و مێرمنداڵان کار دەکات و تا ئێستا چەندین بەرهەم وەکوو "دیارییەکان دایە، ماسیخۆرەی داوباز، فریشتەی دیان" لەم بوارەدا بە چاپ گەیاندووە. شیلان گیلانی جیا لە شیعری منداڵان و مێرمنداڵان، لە بوارەکانی دیکەشدا شیعر دەنووسێت و چالاکوانێک و هەڵسووڕی بواری مافەکانی ژنانیشە.