كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کتێبی (زەبیحی، ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب) چاپ و بڵاو کرایەوە

پەڕتووکی (زەبیحی، ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب)، لە ئامادەکردنی نووسەر و مامۆستا فەرەیدوون حەکیم‌زادە لە شاری مەهاباد و لەلایەن وەشانگەی ڕاژە-وە چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەم کتێبە کە لەبارەی قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی عەبدولڕەحمان زەبیحی و بەرهەمەکانی ئەو ڕووناکبیرەی کوردە، لە دووتوێی ۴۶۰ لاپەڕە و بەرگی ڕەق و قەوارەی ڕووقعی و کاغەزی باڵکی چاپ کراوە.

عەبدولڕەحمان زەبیحی (مامۆستا عولەما)، یەکێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی کوردە کە تاکوو ئێستا بە کەمی ئاوڕ لە ژیان و تێکۆشان و بەرهەمەکانی دراوەتەوە. زەبیحی لە ساڵی 1920 ز، لە شاری مەهاباد لەدایک بووه، لە تەمەنی لاوێتیدا کۆمەڵەی (ژێکاف) لەسەر دەستی ئەو و چەندین کەسایەتیی‌تر دامەزراوە، زەبیحی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕووداوە فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبووە و لە کاتی پەڕیوەبوونی بۆ باشوور، سە‌رەڕای گرینگیدان بە زمان و کولتوور، درێژە بە چالاکییەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی داوە.

یەکێک لە بەرهەماکانی قامووسی زمانی کوردی بەرگی ئەلف و بێ (کوردی بە کوردی)یە کە یەکێک لە فەرهەنگە گرنگەکانە.

کتێبی (زەبیحی، ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب) کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەیەکی وردە لەسەر ژیان، تێکۆشان و بەرهەمەکانی مامۆستا زەبیحی کە لە لایە‌ن فەرەیدون حەکیم‌زادە‌‌وە کاری بۆ کراوە. حەکیم‌زادە هەول و بەدواداچوونی چەندین ساڵەی خۆی لە هەمبەر عەبدولڕەحمان زەبیحی، لەو کتێبەدا گە‌یاندووەتە سە‌رە‌نجام و پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.

ئەو کتێبه لەخۆگری هە‌شت بە‌شە کە لەو هەشت بەشەدا وتارە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەدەبی، زانستی، فەرهەنگی و زمانەوانییەکانی زەبیحی جێگەیان گرتووه، هەروەها لە بەشەکانی‌‌‌تردا وتووێژەکان، بەڵگەنامەکان و ڕاوبۆچوونی هەندێک لە کەسایەتییەکانی کورد لەبارەی بە زەبیحی گونجێندراون، ئەو کتێبە هە‌نگاوێکە بۆ  پڕکردنەوەی بۆشایییەکانی نەناساندن و پە‌راوێزخستنی کەسایەتیی هە‌ڵکە‌وتە و تێکۆشەری کورد؛ عەبدولڕەحمان زەبیحی.

فەرەیدوون حەکیم‌زادە نووسەری ئەم کتێبە لە پێگەی خۆی لە (فەیسبووک) لەم بارەوە نووسیویە: "عەبدولڕەحمان زەبیحی یەکێک لە کەسە چالاکەکانی سەدەی بیستی زایینیە کە توانی لە بواری ڕۆژنامەگەری و نووسین شوێنێکی ئەوتۆی هەبێت و دەتوانم بڵێم زەبیحی یەکێک لە پێشەنگانی ڕەوتی ڕۆژنامەگەریی کوردی لەو ساڵانەدا بوو، زەبیحی لە ڕۆژنامەی کوردستان (مەهاباد ساڵی١٣٢٤هـ/١٩٤٦ز) و گۆڤاری نیشتمان (مەهاباد ساڵی١٣٢٢هـ/١٩٤٣ز) سەرنووسەری گۆڤاری نیشتمان بووە و دوای پەڕێوەبوونی بۆ باشووری کوردستان، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی باشوور وەک: هاوکاری، ڕۆشنبیری نوێ، چریکەی کوردستان (بە نێوی برزوو)، خەبات (بە نێوی زانا)، ڕزگاری (مامۆستا عیسا)، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ_دا نووسینی هەبووە و گۆڤاری باهۆزی بە زمانی عەرەبی و پێشڕەو(ی) بە زمانی کوردی دەرکردووە.