چییان بەسەر جوانیدا ھێنا!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
لەیلا حەمید 20/09/2021

چییان بەسەر جوانیدا ھێنا!

لەبیرمە تا سی ساڵ لەمەوبەریش، كە باسی جوانی دەکرا، پێوەر چاو و برۆ بوو، بەتایبەتی بۆ ژنان. برۆی کەوانەیی تەنانەت بۆ پیاوانیش ئیمتیازێکی تایبەت بوو، نەخاسمە ئەگەر تاجی هەر دوو برۆش لەسەر تاقی لووت یەکیان گرتبا. کچان و ژنان چەندی چاویان گەورەتر بایە، ئەوەندە لەبەر دڵان شیرنتر دەبوون. واتە ئەگەر چاو و برۆت وەک پێویست بووایە، لە خوار چاو و برۆشتەوە شێوەیەکی دیکەت بووایە، کێشە نەبوو، هەر دەیانگوت جوانە. بۆیە لەو سەردەمەدا خۆڕازاندنەوە زۆر باو بوو. ژنان، تەنانەت ئەوانەی چاویان گەورەش بوو، بە کل و بە مەسکارا و ریمێڵ هەوڵی زەقترکردن، یان بە خەیاڵی خۆیان، سەرنجڕاکێشترکردنی چاوەکانیان دەدا، تەنانەت هەندێک لە پیاوانیش، بەتایبەتی ئەوانەی بەردەوام بۆن و بەرامی سابوونیان لێ دەهات، کلیان دەکردە چاوان و ئەمەش بە عەیبێکی گەورە بۆیان هەژمار دەکرا! (هەرچەندە بەپێی ئایینی ئیسلام، کل لە چاو کردن بۆ پیاو حەڵاڵ و بۆ ژن حەرامە)، بەڵام لەناو کوردەواریدا پێچەوانەکەی عەیب بوو!

میکیاژکردنی بەشەکانی تری دەموچاویش هەر هەبوو، بەڵام بەقەدەر هی چاو دیار نەبوو. ژنان پاودەرێکی سپیی وەک ئاردیان لە رووی خۆیان دەدا، کە بەواتای وشەوە وەک گەچ وابوو و رەنگێکی تەواو جیاوازی لە رەنگە بۆرتر، یان زەردترەکەی مل و سینگیان هەبوو. ئەوەی لێوی بچووک بایە، بە قەڵەم یان بە سووراو هەوڵی گەورەترکردنی دەدا. کاتێکیش باوی لێوی بچووک بوو، هەر بە هەمان ئەم ئامرازانەوە هەوڵی بچووککردنەوەیان دەدا. میکیاژەکە تەنک بایە یان خەست، رووخساری راستەقینەی کەسەکەی قەت نەدەشاردەوە. هەموو دەموچاوێک سەرەڕای میکیاژ دەناسرایەوە و هەرگیز گۆڕانکارییەکە ئەوەندە ناسروشتی نەبوو، کە دوو رووخساری تەواو جیاواز وەک یەک لێ بکات. میکیاژ ئەوەندەش باو نەبوو، زیاتر باوی پاکوخاوێنی و بۆنخۆشی بوو، بەڵام بەرەبەرە ئەمەش گۆڕا.

لە ساڵانی ٢٠٠٠ەوە ئەوەندەی بەبیرمە، لەناو کورددا تاک و تەرا نەشتەرگەریی جوانکاری دەستی پێ کرد. زۆربەشی ئەو کەسانە بوون، کە یان لووتیان زۆر زل، یان خێچ و خوار بوو، یانیش سەرەڕای قەبارە و شێوەی لووت، کێشەی هەناسەدانیشی بۆ درووست کردبوون. ئەوکات ئەوەندە بابەتەکە هەستیار بوو، کە چارەخوازان بەدزیی خزم و کەسوکاریانەوە نەشتەرگەرییەکەیان دەکرد و تا بۆیان دەکرا خۆیان دەشاردەوە. خێزانی ئەو کەسانەش کاتێک بابەتەکە ئاشکرا دەبوو، بیانوویان بۆ دەهێنانەوە و هەوڵیان دەدا کەسانی تریش پەلکێشی نەشتەرگەریی جوانکاری بکەن. وەلحاسڵ، بیست ساڵ لەمەوبەر، زۆر بەدەگمەن نەشتەرگەری دەکرا و ئەگەر کرابایەش، بۆ راستکردنەوەی هەندێک ناڕێکیی زگماکیی لووت، یان چەناگە، یان چاو بوو نەک زیاتر. ئەگەر بیریان لێ بکەینەوە، هەرچەندە ئەم نەشتەرگەرییانە رەنگە شێوەی رەسەنی مرۆڤەکانی گۆڕیبووایە، بەڵام لەدواییدا دەبوونە هۆی ئاسوودەیی دەروونیی ئەو کەسانەی، کە لەوانەیە بەهۆی شێوەی ئەو ئەندامانەی جەستەیانەوە، رۆژانە رووبەڕووی جۆرەها توانج دەبوونەوە.

راستە ئێستا بیست ساڵی رابردوو نییە، راستە کۆمەڵگە هەمان کۆمەڵگە نییە و نەشتەرگەریی جوانکاری ئەوەندە بەربڵاوە، کە لە ماڵێکدا بەدەگمەن کەسێک نییە نەشتەرگەریی جوانکاریی نەکردبێت، یان بەتەمای نەبێت، راستە زۆر لەمێژە نەشتەرگەریی جوانکاری لەناو کورددا بازنەی دەموچاوی تێپەڕاندووە و لە تۆقی سەرەوە هەتا ئەنگوستەکانی پێیان دەگۆڕن، بەڵام ئایا پێوەری جوانی کامەیە؟ ئایا کورد ئەوەندە خەڵکی ناشرین و خوار و خێچی تێدایە، کە ئەوەندە پێویستی بە چەکوشکاری و دروومان و دەرزیی پزیشکەکان هەبێت؟

رۆژ نییە کەسانی لووت پێچراو، یان کەسانێک کە لێویان وەک میزەڵان هەڵمساوە، نەبینم. زۆریانم پێشتر بینیوە و هیچ ناڕێکییەکیان نەبووە، کەچی نەشتەرگەرییان کردووە. ئایا پاڵنەری ئەمانە چییە؟ ئایا پێوەرەکانی جوانی ئەوەندە گۆڕاون؟ ئایا کەی لێوێک، کە هەڕەشەی داگیرکردنی تەواوی رووبەڕی دەموچاو دەکات، بووەتە پێوەری جوانی؟ نازانم بە قسەی کێ ئەگەر شێوەی لەشی ژن لە مراوی یان ئەسپ بچێ، ئەوا ئەم ژنە زۆر جوانە؟ ئایا چرچولۆچێکی سروشتیی جوانترە، یان ئەو هێڵانەی، کە بە زەبری دەرزی و بۆتۆکسەوە دەشاردرێنەوە، بەڵام دەموچاوێکی سار و سڕ و بێ جووڵە بەرهەم دێنن؟ ئایا مۆدێلکارەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەبنە پێوەری جوانی بۆ گەنجان و تەنانەت بەتەمەنەکانیشمان؟ ئەگەر وابێ، بەدڵنییایەوە زۆر ناخایەنێت، کە شێوەی هەموو کچان و ژنان و تەنانەت کوڕان و پیاوانیش وەک یەکی لێ دێت، هەمووی کۆپی و پەیست! چەندی ئەم دۆخەش بەردەوام بێت، نەشتەرگەریی جوانکاری زیاتر پەرە دەسەنێت. راستە بە قازانجی پزیشکەکانە، بەڵام کۆمەڵگەیەک بەرهەم دێنێت، کە بڕوابەخۆبوونی تاکەکانی بەستراوەتەوە بە شێوەی جەستەیانەوە، ئەو تاکانەی، کە لە پێشبڕکێدان بۆ خۆدانە بەر چەقۆ و ئەمەش گەورەترین ئەولەویەتی ژیانیان دەبێت.

دەتوانرێت پێش بەم لێشاوە بگیرێت، لانی کەم دەتوانرێ کەم بکرێتەوە. لانی کەم منداڵان فێری ئەوە بکرێن. کە جەستە و شێوەی خۆیان خۆش بوێت. دەتوانرێ پێداچوونەوە بە پێوەرەکانی جوایدا بکرێتەوە، هەرچەندە جوانی بابەتێکە بەگوێرەی سەلیقەی کەسەکان دەگۆڕێت، بەڵام هەمووان حەز دەکەن جەستە و رووخساری سروشتیی یەکدی ببینن.