مه‌سرور بارزانى: پڕۆژه‌ی به‌بازاڕكردنی گه‌نم ئاسایشی خۆراك دابین ده‌كا و دڵنیاییش به‌ جووتیاران ده‌دا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مه‌سرور بارزانى: پڕۆژه‌ی به‌بازاڕكردنی گه‌نم ئاسایشی خۆراك دابین ده‌كا و دڵنیاییش به‌ جووتیاران ده‌دا

له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا و به‌ ئاماده‌بوونى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای دهۆک دانرا، سه‌رۆكی حكوومه‌ت گرنگیی ئه‌و جۆره‌ پڕۆژانه‌ی خسته‌ روو و ڕایگه‌یاند كه‌ ئاسایشی خۆراك دابین ده‌كا و دڵنیاییش به‌ جووتیاران ده‌دا.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20/9/2021، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا و به‌ ئاماده‌بوونى مه‌سرور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای دهۆک دانرا و  تێیدا سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ وتارێكدا ڕایگه‌یاند: "ئه‌م جۆره‌ پڕۆژانه‌ ئابووری كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی پێشكه‌وتووتر ده‌با و ئاسایشی خۆراك دابین ده‌كا، هه‌روه‌ها جووتیاران پشتڕاست ده‌كا كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌رده‌گرێ و خه‌می ئه‌وه‌یان نابێ چی له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان بكه‌ن".

مه‌سرور بارزانی ڕایگه‌یاند، كه‌ دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی به‌بازاڕكردنی گه‌نمی پارێزگای دهۆك، وه‌كوو پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی، كه‌ له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا گرنگییه‌كی زۆرمان به‌م جۆره‌ پڕۆژانه‌ داناوه‌، ئه‌مه‌ سێیه‌مین پڕۆژه‌ی له‌م جۆره‌یه‌ دوای سلێمانی و هه‌ولێر، هیوادارم كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژێرخانێكی به‌هێزی ئابووری كوردستان هه‌بێ و خزمه‌تی خه‌ڵكی ئیمه‌ بكه‌ن.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت، گوتیشی: ده‌ستخۆشی له‌ هه‌ردوو كۆمپانیای خۆشناو و قه‌یوان ده‌كه‌م بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌ و هه‌ردوو پڕۆژه‌ی سلێمانی و هه‌ولێریش ئه‌وان جێبه‌جێیان كرد و ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

مه‌سرور بارزانی، ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی ئه‌و پڕۆژانه‌ كرد و گوتی: ئه‌م جۆره‌ پڕۆژانه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگن، چونكه‌ ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئابووریی كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی پێشكه‌وتووتر بچێ، له‌لایه‌كه‌وه‌  ئاسایشی خۆراك دابین ده‌كا و پێویستمان نابێ ئه‌و جۆره‌ به‌رهه‌مانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بێنین، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌روه‌ها جووتیاران پشتڕاست ده‌كا كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌رده‌گیرێ و خه‌می ئه‌وه‌یان نابێ چی له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان بكه‌ن.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوتیشی: ئه‌م جۆره‌ كارگانه‌، كه‌ پێك دێن له‌ سایلۆ و كۆگا و ئاش، بۆ دروستكردنی ئه‌و خۆراكانه‌ی له‌ گه‌نم دروست ده‌كه‌ن. ئه‌م پڕۆژانه‌،‌ هه‌لی كار دابین ده‌كا و وا ده‌كا ده‌رچووانیش پسپۆڕیی و شاره‌زایی خۆیان بۆ زیادكردنی به‌رهه‌می ناوخۆیی به‌كار بێنن.

گوتیشی: له‌سه‌ر حكوومه‌ته‌، كه‌ پشتیوانیی ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ بین و پشتیوانی كه‌رتی تایبه‌تیش بین، وه‌كوو كه‌رتی گشتیش درێژه‌ به‌م كاره‌ هاوبه‌شانه‌ بده‌ین و ئایینده‌یه‌كی زۆر باشتری ئابووری مسۆگه‌ر ده‌كه‌ین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر جووتیارێك خه‌می ئه‌وه‌ی نه‌بێ به‌رهه‌مه‌كه‌ی چی لێ بكا و لایه‌نێكیش هه‌بێ به‌رهه‌مه‌كه‌ی وه‌ربگرێ، ئه‌وكات هه‌لی دیكه‌ی كاریش دروست ده‌بێ.

باسی گرنگیی كه‌رتی كشتوكاڵ كرد و ڕایگه‌یاند: كشتوكاڵ، یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئابووریی هه‌ر وڵاتێك، جیاوازیی كشتوكاڵ له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌كانی تری داهات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ كاتێك ته‌واو نابێ و هه‌موو ساڵێك به‌رهه‌م دێ و دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سوود له‌ ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ربگیرێ، به‌رهه‌مه‌كان ساڵ به‌ ساڵ زیاتر ده‌بن.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ به‌ هه‌موو جۆرێك پشتیوانی ئه‌و جۆره‌ پڕۆژانه‌ن، چونكه‌ كوردستان ده‌رفه‌تی زۆری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی ئابووریی زیاد بكه‌ین. نابێ ته‌نیا پشت به‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌ ببه‌ستین و مادام خوا نیعمه‌ت و خاكی پڕخێری پێ داوین، پێویسته‌ سوودی لێ وه‌ربگرین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رهه‌مێك له‌ كوردستان زیاتر له‌ پێویستیی ناوخۆی به‌رهه‌م بێ، ئێمه‌ ده‌توانین هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌شی بكه‌ین و له‌ زۆر دیدارمان له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌مان داوه‌ بازاڕێكی بیانی بۆ به‌رهه‌می كوردستان ببینینه‌وه‌، كه‌ دیسان ده‌بێته‌ داهات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و بۆ پێشخستنی كه‌رتێكی تر، یان خزمه‌تی زیاتری ئه‌و بواره‌.

گوتیشی: داوا ده‌كه‌م ئێوه‌ هه‌موو پشتیوانی ئه‌م جۆره‌ پڕۆژانه‌ بن و سه‌رمایه‌داران بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ سه‌رمایه‌ی خۆیان له‌ كوردستان بخه‌نه‌ گه‌ڕ و بیر له‌ پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان بكه‌نه‌وه‌.

سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش: پێمان خۆشه‌ كاری هاوبه‌ش له‌ نێوان كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت بكه‌ین، له‌سه‌ر حكوومه‌ت ئه‌ركه‌ پشتیوانی و پارێزگاری له‌ كه‌رتی تایبه‌ت بكا، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ كاری هاوبه‌شیدا حكوومه‌ت هه‌نگاوی پێویست ده‌هاوێت.

له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان، وتی: یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌كوو مافێكی ده‌ستووریی له‌ به‌غداوه‌ دێ و سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت، سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ به‌رهه‌م و داهاتی ناوخۆیه‌. ره‌نگه‌ كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر نرخی نه‌وت نه‌بێت، چونكه‌ بازارێكی جیهانییه‌. ناتوانین ده‌ستكاری نرخی نه‌وت بكه‌ین. له‌گه‌ڵ به‌غداش مه‌خابن، ساڵی رابردوو وه‌كو كارتێكی سیاسی و فشاری سیاسی بودجه‌ی هه‌رێمیان به‌كارهێنا، هه‌رچه‌ند مافی خه‌ڵك بوو، به‌ڵام پابه‌ندی ده‌ستوورییان به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵك جێبه‌جێ نه‌كرد. ئه‌مه‌ چه‌ند مانگێكه‌ به‌شێكی كه‌م وه‌ك بودجه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كراوه‌ و دێت، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش له‌ گفتوگۆداین، كه‌ ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت. بیریش له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، چۆن كاریگه‌ری خۆمان له‌ به‌غدا زیاد بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێكی سیاسی نه‌توانن، ئه‌و بواره‌ وه‌ك كارتی سیاسی له‌ دژمان به‌كار بهێنن.

مه‌سرور بارزانی گوتیشی: ئێستا هه‌ڵبژاردنمان له‌ پێشه‌ و نوێنه‌رانی هه‌رێم ده‌چنه‌ په‌رله‌مانی عێراق، هیوادارم خه‌ڵكی ئێمه‌ ئه‌و كاندیدانه‌ هه‌ڵبژێرن، كه‌ له‌ به‌غدا داكۆكی له‌ مافی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن و خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆیان ده‌كه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: ئابووریی كوردستان گرێدراوه‌ به‌ ئابووری جیهانه‌وه‌ و ئه‌و ره‌وشه‌ی له‌ به‌غداش ده‌گوزه‌رێت، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابووریی هه‌رێم ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێكی به‌هێز و توانامان له‌ به‌غدا هه‌بێت به‌رگری له‌ هه‌رێم بكه‌ن، بێگومان ره‌وشمان باشتر ده‌بێت.

مه‌سرور بارزانی، گوتیشی: پێویسته‌ ژێرخانی ئابووری خۆمان بنیات بنێین، به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان زیاتر بكه‌ین، سامانێكی سروشتیی زۆرمان هه‌یه‌ و خه‌ڵكێكی به‌ توانامان هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌موو قه‌یرانه‌ ئابووری و ته‌ندرووستییه‌كان، ئێمه‌ سووپاس بۆ خوا نه‌وه‌ستاوین، به‌رده‌وامیش ده‌بین، گه‌لێك پرۆژه‌ی مه‌زنترمان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی باشتر جێبه‌جێ بكه‌ین له‌ هه‌موو پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان، هیوامان ئه‌وه‌یه‌ كوردستان له‌ ئاستی جیهان ببێته‌ وڵاتێكی پێشكه‌وتوو، نه‌ك ته‌نیا له‌ ناوچه‌كه‌ و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.