هەرێمی كوردستان.. بۆ یەكەمجار كتێبێك لەسەر مەڕی كوردی چاپ دەكرێت ژمارەی سپاردنی (ISBN) وەردەگرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هەرێمی كوردستان.. بۆ یەكەمجار كتێبێك لەسەر مەڕی كوردی چاپ دەكرێت ژمارەی سپاردنی (ISBN) وەردەگرێت

”دوو جۆر مەڕ بەهۆی شاڵاوی ئەنفالەوە لەناوچوون“

بۆ یەكەمینجار، كتێبێكی ٣٠٠ لاپەڕەیی لەسەر لەسەر مەڕی حەمدانیی كوردی، بە زمانی ئینگلیزی، لەلایەن سێ توێژەرەوە چاپ دەكرێت، كە لە ١٠ چاپتەر پێك هاتووە، یەكەم بەرهەمە كە لە زانكۆیەكی كوردستان، لەسەر ئاژەڵی خۆماڵی كرا بێت و ژمارەی راسپاردنی نێودەوڵەتیی (ISBN) وەرگرێت.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر، د. یوسف بەرزنجی، مامۆستا لە بەشی ئاژەڵی كۆلێژی زانستی ئەندازیاری كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەدین، كە یەكێكە لە بەشداربووانی ئەو كتێبە كە نزیكەی بە ١٧ توێژینەوە بەشداری كردووە، بۆ (باسنیوز) ئاماژە بەوە دەدات، كە ئەو كتێبە دانراوە، لە ١٠ چاپتەر پێكهاتووە، بە دەیان توێژینەوەی تێدایە، تایبەت بە مەڕی حەمدانیی كوردی، ئەوەش یەكەم بەرهەمی زانستییە لە زانكۆیەكی كوردستان لەسەر ئاژەڵی خۆماڵی بكرێت، هاوكات ژمارەی سپاردنی نێودەوڵەتیی International Standard Book Number كە ناسراو بە (ISBN) وەربگرێت، كە ئەو راسپاردەیە ئەوەیە كە هیچ كەسێك ناتوانێ بچێت كۆپی بكات ”چۆن بانكێك پارەی تێدا هەڵدەگریت، ئەمەش وایە“.

لە باشووری كوردستان، لە دێرزەمانەوە، پێنج جۆر مەڕ هەبووە، وەك مۆركی نەتەوەیی، ئەوانیش مەڕی كوردی، مەڕی حەمدانی، مەڕی جاف، مەڕی هەركی و مەڕی دزەیی، كە لە سەرچاوە كۆنەكانەوە باس كراوە، بەڵام لە دوای شاڵاوەكانی ئەنفال، مەڕی هەركی و دزەیی لەناوچوون، تەنانەت مەڕی حەمدانیی كوردی، حكوومەتی بەعس ناوەكەی بۆ كەڕادی گۆڕی، ئەوەش بە مەبەستی تەعریب كردن، پێشتر كار لەسەر ئەو مەڕە كراوە، كە مەڕێكی كوردییە، هاوكات مەڕێكی بە هێزە و بۆ مەبەستی گۆشت بەخێو دەكرێت، تەنانەت كێشی بەرانەكانیان تا ١٠٠ كیلۆ دەڕوات، هاوكات شیری زۆرباش دەدات، هەروەها جینێكی تێدایە، كە بەرپرسە لە بوونی دوانە، ئەو مەڕە لە دەشتی هەولێر دەژێت و تەواو خۆی گونجاندووە لەگەڵ كەشوهەوای ساردی زستان و گەرمی هاوین، بەرگرییەكی باشیشی بۆ نەخۆشییەكان هەیە.


ئەو پرۆفیسۆرە، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەو كتێبە سوودی زۆری بۆ زانستخوازان و وڵات هەیە، بە تایبەت كە ئەو مەڕە چەندین خاسییەتی زۆر باشی هەیە، كە شایانی ئەوەیە بایەخی پێ بدرێت و كاری زیاتری لەسەر بكرێت.

د. یوسف بەرزنجی، ئەوەش روون دەكاتەوە، كە ئاگادار وڵاتانی دراوسێ، ئەو مەڕیان بردووە و توێژینەوەی لەسەر دەكەن، لە دوای ٢٠٠٣ وڵاتی توركیا چەندین دانەی بردووە و لە ساڵی ٢٠٠٤، لە زانكۆی میدڵ ئێست لە ئەنقەرە، تێزێكی دكتۆرای لەسەر تەواو كراوە، دەشڵێت: ”لە تێزەكەی ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو مەڕەی لە باكووری عێراق هێناوە، دیراسەی بەراوردكاری كردووە لە نێوان مەڕی حەمدانیی كوردی و مەڕی خۆیان، بەڵام لە ٢٠١١، لە زانكۆیەكی وان لە وێستگەك كاریان لەسەر كردووە، بۆیان دەركەوتووە شیری زۆرباشە، كە شیری باش بوو، بەرخی باشیش بەرهەم دێنێ، لە ساڵی ٢٠١٨، توێژینەوەیەكی دیكەیان كردووە، لە چەندین شوێن وێستگەی تایبەتییان بۆ كردووەتەوە، لە دوا توێژینەوەیان بە مەڕی خۆماڵی توركی ناویان بردووە و مۆركە كوردییەكان لێ سەندووەتەوە، كە هەموو توێژینەوەكانم لایە، هاوكات چەند توێژینەوەیەكی خۆمیان بەكارهێناوە، بەراستیش ئەو مەڕە كوردییە“.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ، گلەیی ئەوە دەكات كە ئێمە ئاژەڵی باشمان هەیە و وڵاتان دەیبەن و تاڵانی دەكەن، كەچی خۆمان ئاژەڵی دیكەی وڵاتان هاوردە دەكەین، ”سەیرە وا وڵاتان ئاژەڵی ئێمە بەهۆی باشییەكانییەوە دەبەن و لە ٢٠٠٤ەوە چەندین وێستگەی توێژینەوەی لەسەر دروست كردووە و سەلماندوویەتی كە ئەو ئاژەڵە زۆر باشە، كەچی تۆ بچیت، ئاژەڵی بیانی هاوردە بكەیت، زەحمەت نەبێ بۆ تۆ ئاژەڵی خۆت بەخێو ناكەیت؟ دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین“، دەشڵێت: ”لەبەرئەوە ئەو راسپاردە نێودەوڵەتییەی بۆ كتێبەكەشمان كرد، ئێمە وەك ئەركێكی سەرشانمان بێن و ئەوە بچەسپێنین كە ئەوە هی خۆمانە، نەك دوای چەند ساڵێكی دیكە ئەو خەڵكە دوای چەندین توێژینەوە ئەو ئاژەڵە لە ئێمە بستێنن و مۆركی ئێمەی بەسەر نەمێنێت، بۆیە لە چاپتەری یەكەمەوە باسی شوێنی جوگرافی و شكل و شێوەمان كردووە، هەروەها باسی كارەكانی خۆمان لەسەر (DNA) ئەو ئاژەڵە كردووەو بڵاو كردووەتەوە“.

لە چاپتەرێكی دیكەی ئەو كتێبە، ئەو توێژەرانە، پڕۆژەیەكیان بۆ حكوومەت پێشنیاز كردووە، كە چۆن ئەو ئاژەلە كە ئەو سیفەتە باشانەی هەیە، بەرەو پێشی ببەن و زیاد بكرێت، هەروەها تەكنۆلۆژیا نوێیەكان چین تا بۆ پەروەردەكردنی ئەو ئاژەڵە بەكار بێت، گلەیی ئەوەش دەكات، كە لە كوردستان، كشتوكاڵ تەنیا بووەتە، چاندنی رووەك، نەك ئاژەڵداری، بە پێویستیشی دەزانێت كە حكوومەت لەم رووەوە هاوكاربێت لەگەڵ ئاژەڵداران و گرنگییان پێ بدات، هاوكات د. یوسف بەرزنجی لە لایەنی پەیوەندیدار و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەپرسێت: ”ئەگەر ئاژەڵێك خراپ بێت، بۆ وڵاتان دێن دەیبەن، پارەی تێدا خەرج دەكات و توێژینەوەی لەسەر دەكات؟، جاران فاكسین بە ئاژەڵداران دەدرا، حەوزی شووشتنەوە دەكرا، ئالیك دەدرا، بۆچی ئێستا نادرێت“.