پارتی مونافیسە، دوژمن نیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 20/09/2021

پارتی مونافیسە، دوژمن نیە

خۆی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ خستنەڕووی بەرنامەی كاندید و لایەنە بەشداربووەكانی ھەڵبژاردنە، ئینجا لە چوارچێوەی خستنەڕوو و شیكردنەوەی بەرنامەی ھەڵبژاردندا مافی ھەر حزب و كاندیدێكە ئەم كارە بۆ خۆی بكات بەو شێوەیەی كە بتوانێت زۆرترین دەنگ و كورسیی پەرلەمان بۆ خۆی كۆ بكاتەوە، لێرەشەوە بتوانێت لەناو دەزگاكانی جێبەجێكردنی عێراقدا زۆرترین و باشترین پێگەی حكوومی و سیاسی بۆ خۆی بەدەست بھێنێت، لێرەوەیە كە مونافەسە لەنێوان كاندید و لایەنەكاندا دروست دەبێت.

مونافەسە بۆ ئەوەیە كە كێ یەكەم بێت بەڵام دووەم و سێیەم دەمێنن! مونافەسە دوژمنایەتیكردنی لایەنەكانی تر نیە، مونافەسە بە دوژمن ناساندنی ھیچ لایەن و كاندیدێك نیە، چونكە كە تۆ كاندید یان لایەنێكت بە دوژمن ناساند، كەواتە دەبێت یان تۆ ئەو لایەنە بكوژیت یان ئەو تۆ بكوژێت بەڵام ھەڵبژاردن بۆ كوشتن نیە بۆ كورسییە! ئنجا:

1- بۆ نموونە، پارتی دەڵێت: ”دەنگم پێبدەن بۆ ئەوەی لە بەغداوە و لە پێگەیەكی سیاسیی بەھێزەوە باشتر بەرگری لە قەوارەی دەستووریی ھەرێمی كوردستان بكەم“، باشە بۆچی ئەمە دوژمنە؟ بۆچی ئەمە وەك دوژمن دەخەیتە ڕوو؟ بۆچی وەك دوژمن دەیناسێنیت؟ ئایا تۆ كە پارتی نیت دەتەوێت زۆرترین دەنگ كۆ بكەیتەوە بۆ ئەوەی لە بەغدا و لە پێگەیەكی بەھێزی سیاسییەوە قەوارەی دەستووریی ھەرێم تێكبدەیت و ھەڵبوەشێنیت؟ ئەگەر تۆی غەیری پارتی ئەمەت دەوێت با قسەیەكی تر بكەم یان وتارێكی تر بنووسم، چونكە ئیتر پارتی دەبێتە دوژمن!

2- ھەر وەك نموونەیەكی تر، پارتی دەڵێت: ”دەنگم پێبدەن بۆ ئەوەی لە بەغداوە و لە پێگەیەكی سیاسیی بەھێزەوە، بارودۆخی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە تێكدراوە و لە هەموو روویێكەوە شێوێندراوە، ئاسایی بكەمەوە“، ھەمووشتان كۆكن لەسەر ئەوەی كە بارودۆخی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە تێكدراوە و شێوێندراوە، باشە بۆچی ئەمە دوژمنە؟ بۆچی ئەمە وەك دوژمن دەخەیتە ڕوو؟ بۆچی وەك دوژمن دەیناسێنیت؟

ئایا تۆ كە پارتی نیت دەتەوێت زۆرترین دەنگ كۆ بكەیتەوە بۆ ئەوەی لە بەغدا و لە پێگەیەكی بەھێزی سیاسییەوە، بارودۆخی نائاسایی ئێستای ناوچە كوردستانیەكان و بەتایبەتی كەركووك ھەر وەك ئێستا درێژەی ھەبێت و ھەر ڕاكان جبووری بە سەپێندراوی پارێزگاری كەركووك بێت؟ دەتەوێت ھەر تەعریب بەردەوام بێت و ھەر كورد ئازار بدرێت و میلیشیای لەدەستدەرچوو كەرامەتی كورد بشكێنن؟ ئەگەر تۆی غەیری پارتی ئەمەت دەوێت با قسەیەكی تر بكەم یان وتارێكی تر بنووسم، چونكە ئیتر پارتی دەبێتە دوژمن!

3- دیسان وەك نموونەیەكی تر، پارتی دەڵێت: ”دەنگم پێبدەن بۆ ئەوەی لە بەغداوە و لە پێگەیەكی سیاسیی بەھێزەوە، باشتر بەرگری لە ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان بە بودجە و مووچەوە بكەم و نەھێڵم لەژێر ھیچ پاساوێكی سیاسیدا یاری بە شایستە داراییە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان بكرێت و دەشبێت یاسای نەوت و غازی عێراق بە گوێرەی دەستووری عێراق دەربچێت و ئیتر مەلەفی نەوت بە شێوەیەكی دەستوورییانە دابخرێت و ساڵانە وەك كێشەیەكی نێوان ھەرێم و عێراق سەر ھەڵنەداتەوە“، باشە بۆچی ئەمە دوژمنە؟

ئەگەر تۆی غەیری پارتی، دەتەوێت زۆرترین دەنگ كۆ بكەیتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین كورسی بۆ خۆت بەدەست بھێنینت و ئنجا لە بەغداوە و لە پێگەیەكی سیاسیی بەھێزەوە، شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان ببڕیت و سفری بكەیتەوە، با ئنجا قسەیەكی تر بكەم یان وتارێكی تر بنووسم، چونكە ئیتر پارتی دەبێتە دوژمن!