سەركردەیەكی پارتی بۆ یەكێتی: گەڕانەوەی بە قیستمان لە مانەوەی سەرشۆڕانە پێباشترە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەركردەیەكی پارتی بۆ یەكێتی: گەڕانەوەی بە قیستمان لە مانەوەی سەرشۆڕانە پێباشترە

“ئەوانەی كەركووكیان فرۆشت، ترسێكی زۆریان لە گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكە هەیە”

ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامێكی توندی میدیای فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، پارتییەكان گەڕانەوەی بە قیستیان لە مانەوەیەكی سەرشۆڕانەی وەكوو مانەوەكەی یەكێتی لە كەركووك پێ باشترە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی ٩ی ٢٠٢١، میدیای فەرمیی یەكێتی، لە چوارچێوەی پەرێشانبوونی حزبەكە بە گەڕانەوەی پارتی و ترسیان لە كردنەوەی بارەگاكانی، بەبێ هیچ هۆكارێك هێرشێكی توندی كردۆتە سەر پارتی.

لە بەرامبەردا نەجات حەسەن، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، یەكێتی بەوەی دەبینێت وا پارتی بە كردەیی دەگەڕێتەوە كەركووك و سەربەرزانەش ئاڵای كوردستان هەڵدەكات، ترسێكی زۆری لێ نیشتوە، بە تایبەتیش كە “لە نێو خودی یەكێتیشدا هێشتا دڵسۆزەكان نیگەران و بریندارن لەوەی كەركووكیان فرۆش”.

ڕوونیشی كردەوە، یەكێتی باش دەزانێت كە كەركووكییەكان پارتییان خۆش دەوێت و پارتی بە تاكە پارێزەری خۆیان دەزانن، بۆیە “ترسی ئه‌وان له‌و کورسییانەیە كە پارتی لە كەركووك دەیبات، ترسی ئەوان لەوەیە پارتی دووبارە دەبێتەوە بە حزبی یەكەم و ئەوانیش بە دونیایەك هاوپەیمانی و پینەوپەڕۆ ناتوانن ببنە نیوەی پارتیش”.

ئەو سەركردەیەی پارتی وەبیر یەكێتی دێنێتەوە كە ئەو كاتەی دەبابەكانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان بەسەر لاشەی پێشمەرگەدا تێدەپەڕین، سەرانی حەشدی شەعبی لە ماڵی پەرلەمانتارانی یەكێتی سفرەیان بۆ دەڕازێندرایەوە و بەدەم دەرچوونی رۆحی پێشمەرگە لە قاقای پێكەنینیان دەدا.

نەجات حەسەن راشكاوانە رایگەیاند: “گەڕانەوەی بە قیست و سەربەرزانەی پارتی بۆ كەركووك، بەڵام بە ئاڵای كوردستان و وێنەی سەرۆك بارزانییەوە، زۆر سەربەرزانەترە لە مانەوەیەكی ترسنۆكانە و شەرمنانەی ئەو حزبەی كە نەیتوانی پەیكەری دامەزرێنەرەكەی خۆیشی لە قەڵای كەركووكدا بهێڵێتەوە”.

هەر لەمبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا، كاندیدی ژمارە (٣٠)ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی (یەك)ی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەو میدیایانە چەند لە دژمان قسە بكەن، ئەوەندە دەنگمان زیاد دەكات، ئەوان گوزارشت لە خەڵكانێك دەكەن كە خیانەتیان لە كەركووكییەكان كردووە و بە بوونی ئێمە و پێگەی گەورەی جەماوەری پارتی قەڵس بوون”.

ڕوونیشی كردەوە، خەڵكی كەركووك پێیان وایە كە جگە لە پارتی، “هیچ هێزێكیتر نییە بتوانێ دۆخی كەركووك ئاسایی بكاتەوە و بتوانێ ئەو واقیعەی لەسەر كەركووك هەیە بیگۆڕێ، هەروەها پێشوازیی خەڵكی كەركووك بۆ پارتی دیارە و لەبەر چاوە، لە بەرامبەردا بێمنەتیی خەڵكی ئەو لایەنە لە حزبەكەی خۆیان وای كردووە كە لە پێگەی پارتی بترسن، هەموو ئەوانە نیشانەی كاریگەریی حزور و بوونی ئێمەیە لە ناوچەكە و نیشانەی پێگە و سەنگی ئێمەیە وەكوو كاندیدانی پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی”.