عەلی تەتەر: کابینەی نۆیەم لە خزمەتکردنی پارێزگای دهۆکدا هیچ درێغییەکی نەکردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

عەلی تەتەر: کابینەی نۆیەم لە خزمەتکردنی پارێزگای دهۆکدا هیچ درێغییەکی نەکردووە

"شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و ڕاگەیاندنی ئیدارە سەربەخۆکان باشترین خزمەتە بۆ هاووڵاتیان"

ئەمڕۆ دووشەممە، 20/9/2021، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی فەرمیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە وتارێکدا ڕایگەیاند: ''ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە و بێگومان دەبێتە ڕۆژێکی مێژوویی لە مێژووی ئەم دەڤەرەدا، هەرچیی دەبارەی زاخۆ بگوترێت ناگاتە ئەو وەسفەی جەنابی سەرۆک بارزانی سەبارەت بە زاخۆ کردوویەتی و کەسی تر ناتوانێت بەو جوانییە وەسفی زاخۆ بکات.''

پارێزگاری دهۆک ڕاشیگەیاند: ''ئێستا نزیکەی 302 هەزار کەس لە دەڤەر و باژێری زاخۆدا دەژین و لە ساڵی 1864ەوە بووەتە قەزا و ڕووبەرەکەی هەزار و 209 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و بەپێی ئەو بڕیارەی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی قەزاکە دەرچووە، لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێک دێت و 187 گوند و حەفت کۆمەڵگە لە خۆی دەگرێت و 54 فەرمانگە و هەزار و 455 فەرمانبەری هەیە''.

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش دا: ''بەهۆی سینگفراوانی و میواندۆستیی زاخۆییەکانەوە نزیکەی 90 هەزار ئاوارە، واتە نزیکەی 17 هەزار ماڵی ئاوارە ڕوویان لە سنووری ئەم قەزایە کردووە''.

عەلی تەتەر گوتیشی: ''پێویستە ئەوە وەبیر بێنمەوە کە هەرکاتێک جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی دهۆکی کردبێت، خێروبەرەکەت و دەستکەوتی بۆ پارێزگاکە پێ بووە. لە ماوەی ساڵێکدا ئەوە دوو جار سەرۆکی حکوومەت سەردانی قەزای زاخۆی کردووە، جاری یەکەم نزیکەی 110 پڕۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی بە گوژمەی 66 ملیار و 309 ملیۆن و 431 هەزار دینار پێشکەشی دەڤەرەکە کرد، 74 پڕۆژەیان کۆتایی هاتووە و 36 پڕۆژە کاریان تێدا دەکرێت و لە کۆی ئەو پڕۆژانەی سەرۆکی حکوومەت لەم داوییەدا ڕایگەیاندوون، 35 پڕۆژە کۆتاییان پێ هاتووە و نۆ پڕۆژەش کە پڕۆژەی مەزنن، کاریان تێدا دەکرێت و بەر لەو وادەیەی بۆیان دیاری کراوە، تەواو دەکرێن و دەخرێنە خزمەت هاووڵاتیانەوە''.

پارێزگاری دهۆک باسی لەوەش کرد کە: ''لەژێر سەرۆکایەتیی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی و بوونی هێزی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان و خەباتی بەردەوامی خەباتگێڕانی میللەتەکەمان و پشتگیریی بەردەوامی نەتەوەکەمان، بێگومان ئەوەی کە پێویست بێت بۆ خزمەتی خەڵک، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت کابینەی نۆ درێغیی لێ نەکردووە، بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆک پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری هێندە زۆرن کە ئێمە بەوە ڕاناگەین سەردانی هەموویان بکەین. بەشێکی پڕۆژەکان تەواو بوون و کەوتوونەتە خزمەت هاووڵاتیانەوە بەبێ ئەوەی ڕێوڕەسمیان بۆ بەڕێوە ببەین. چونکە ئامانجی ئێمە خزمەت و گەیاندنی خزمەتگوزارییە''.

عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش دا: ''لەو دۆخەدا کە پەتای کۆرۆنا بە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە، هەرێمی کوردستان یەکێک لەو وڵاتانە و لە سەرووی ئەو وڵاتانەوە دێت کە سەرەڕای کاریگەریی نەرێنیی ئەو دۆخە و ئەو نەخۆشییە توانیویەتی پڕۆژەی ئاوەدانی جێبەجێ بکات و بێجگە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری، شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و ڕاگەیاندنی ئەو ئیدارە سەربەخۆیانە خۆی باشترین خزمەتە کە بۆ یەک بە یەکی هاووڵاتیانی کوردستان پێشکەش دەکرێت. هەم ڕێزگرتنە و هەم ئاسانکاری و کەمکردنی ڕۆتینات و گەیاندنی خێرای خزمەتە بۆ هەموو هاووڵاتییەک''.

لە کوتایی وتەکانیدا پارێزگاری دهۆک جارێکی دیکە بە ناوی هەموو دانیشتوانی پارێزگای دهۆک سپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە ئاسانکارییان کردووە بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سەر بگرێت و گوتی: ''پیرۆزباییەکی گەرمیش لە خەڵکی دەڤەری زاخۆ دەکەین و خۆشەویستیی زیاترمان بۆ خەڵکی خۆشەویستی زاخۆ و پیرۆزتان بێت''.