مەسرور بارزانی: لە زاخۆین تا دڵی سەرۆك بارزانی خۆش بكەین و بەڵێنەكەی بەجێ بگەیەنین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مەسرور بارزانی: لە زاخۆین تا دڵی سەرۆك بارزانی خۆش بكەین و بەڵێنەكەی بەجێ بگەیەنین

دەقی وتارەكەی مەسرور بارزانی لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بخوێنەوە

به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕێوڕه‌سمى ڕاگه‌یاندنى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ به‌ڕێوه‌ چوو.

كاتژمێر 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20/9/2021 لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا و بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوە چوو، له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانى وتارێكى پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند، لە زاخۆن تاوەكوو بەڵێنی سەرۆك بارزانی بەجێ بگەیەنن و بە راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دڵی خۆش بكەن.

 

ده‌قى وتاره‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكان
ئامادەبوانی هێژ
من زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە ئەمڕۆ لەگەڵتان لێرە ئامادەم، بەڵام ئەمجارە هاتوومەتە ئێرە تاوەكوو دڵی جەنابی سەرۆك خۆش بكەم. پێش ئێستا جەنابی سەرۆك بەڵێنی ئەوەی پێتان دابوو كە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رابگەیەندرێت، ئەمڕۆ لێرەین پەیمان و بەڵێنی جەنابی سەرۆك بێنینە جێ و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سەرپەرشتیارەكەی رابگەیەنین.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ئێوە هەمووتان پیرۆز بێت و هیوادارم ئیدارەیەكی خزمەتگوزار بۆ بنەماڵەی شەهید و پێشمەرگە و هەموو خەڵكی ئەم دەڤەرە، دەستپێك و قۆناغێكی نوێ دەست پێ بكات تاوەكوو زیاتر خزمەتی ئێوەی خۆشەویست بكەین.

باوەڕ بكەن كاتێك من دێمە زاخۆ، هەست بەوە دەكەم كە من دێمە نێو كەسوكاری خۆم، هەست بەوە دەكەم كە پشتمان زۆر بە ئێوەوە بەهێزە و ئیشەڵا خوا دەتانپارێزێت و سەركەوتوو بن، خوا دەرفەتیش بە ئێمە بدات تاوەكوو بتوانین زیاتر خزمەتی ئێوە بكەین.

زۆر قارەمان ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون چەندین داستانیان لە هەموو كوردستان تۆمار كردووە. شەهیدانی زاخۆ لە هەموو خاكی كوردستان خوێنیان ڕژاوە بۆ پارێزگاریكردن لە كوردستان و ڕزگاركردنی كوردستان و پاراستنی ئەم ئەزموونەش، بۆیە ئێمە هەموو قەرزاری زاخۆین و ئەم ئیدارە سەربەخۆیەی زاخۆ وەك وەفایەكە بۆ زەحمەت و ماندووبوون و خوێنی شەهیدان و زەحمەتیی ئێوە هەموان.

لە هەموو ئێوە پیرۆز بێت و هیوادارم ئەم ئیدارەیە كە دروست دەكرێت، لە ئاستی خزمەتكردنی ئێوەدا بێت.

ڕەنگە بۆ زۆر ناحیە لە لایەنی خزمەتگوزارییەوە ئاسانكاریی ئیدارەیەكی سەربەخۆ باشتر بكرێت، چونكە زاخۆ دەڤەرێكی بەرفرەیە و بۆ ڕاییكردنی كاروباری ئیداری هەموو كات بگەڕێنەوە دهۆك، ڕەنگە هەندێك زەحمەت بێت. شۆڕكردنەوەی دەسەڵات و راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ ئەوەیە ئاسانكاری بۆ خزمەتكردنی ئەم دەڤەرە بكرێت.

زاخۆ دەڤەرێكی مێژووییە و خەڵكی خەباتكەر و تێكۆشەری لێیە، یەكێكە لە دەروازە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان.

پار كاتێك هاتمە ئێرە و هاتمە خزمەتتان، چەند پڕۆژەتان داواكرد، دیاربوو زۆر كەموكوڕی هەبوو لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زاخۆ، ئێمە رەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو پرۆژانە دا كە ئێوە داواتان كرد، من زۆر دڵخۆشم كە بیستم زۆر لەو پرۆژانە جێبەجێ كران و هی دیكەش جێبەجێ دەكرێن.

پێویستە مافی خەڵكی زاخۆ بۆ خەڵكی زاخۆ بگەڕێتەوە، داهاتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی یەكسان بەسەر هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.

بێگومان وەكوو دیارە، مافی خەڵكی زاخۆ وەك خۆی نەدراوە، بۆیە بڕیاری ئێمە ئەوەیە كە ئەوەی پێمان دەكرێ بیكەین تا مافی خەڵكەكەمان ون نەبێ و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ دەڤەرەكەتان بكرێت، داواش لە ئیدارەی نوێی زاخۆ دەكەم، بە هەموو جۆرێك خزمەتی خەڵكی خۆ بكەن.

بەرپرسیارێتی ئیمتیاز نییە و ئەو كەسەی دەبێتە بەرپرس بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز نییە، بۆ خزمەتكردنی زیاتری خەڵكە، ئێمە هەموو پێویستە خزمەتكاری خەڵكی خۆمان بین، چونكە ئەمانەتێكە كەوتۆتە ئەستۆمان و ئێوە پێتان داوین.

دەڤەری زاخۆ لە لایەنی گەشتوگوزارییەوە دەڤەرێكی زۆر جوان و خۆشە، بەڵام مخابن ماوەی رابردوو لەبەر بوونی پەكەكە، بووە سەرئێشە و بەداخەوە زۆر لە هاووڵاتیانی ئێمە ناتوانن بگەڕێنەوە گوند و دەڤەری خۆیان. داوا لە هەموو لایەك دەكەم سەروەریی خاكی ئێمە بپارێزن، قەدری زەحمەتیدان و ماندووبوونی خەڵكەكەمان بگرن، قوربانییانی ئێمە و خوێنی شەهیدانمان ڕێزیان لێ بگیرێت، ئەم خاك و وڵاتە بە خوێن رزگار كراوە، ئەمڕۆ نابێ هیچ كەسەك ماف بە خۆی بدات كە دەستدرێژی بكاتە سەر ئەم خاكە و زەحمەتی بداتە خەڵكی ئێمە، ئێمە ئەوە قەبوڵ ناكەین و داوایان لێدەكەین بگەڕێنەوە سەر خاكی خۆیان و لێگەڕێن خەڵكی ئێمە بگەرێنەوە سەر خاك و ئاوی خۆیان و ئێمەش وەك حكوومەت خزمەت بۆ ئەو دەڤەرانە بگەڕێنینەوە كە تا ئێستا ئاوەدان نەكراونەتەوە، چونكە شوێنی زۆر خۆشن و سەرنجڕاكێشن نەك تەنیا بۆ خەڵكی زاخۆ و پارێزگای دهۆك، بەڵكوو بۆ هەموو كوردستان.

هیوادارین جارێكیتر سەقامگیریی ئەم دەڤەرە ببینینەوە، ئەوەیشی كە لە دەستمان بێت كەمتەرخەمی ناكەین و هەرچی پێمان بكرێ دەیكەین تاوەكوو جارێكیتر ئەم خەڵكە بە ئارامی بژیت و بگەڕێتەوە سەر زەوی و ماڵ و گوندی خۆی.

وەك دەزانن ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، راستە ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە، بەڵام هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە، چونكە كاتێك بڕیاری پەرلەمانی عێراق دەدرێن، گەلێكجار كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەیە.

ئەو نوێنەرانەی بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێن كە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن، پێویستە پێش هەموو شتێك بیر لەوە بكەنەوە كە بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.

داوام لە هەموو ئەوانەیە كە لێرە ئامادەن یان رەنگە لە تەلەڤزیۆن بمانبینن، داوامان لێیان ئەوەیە بچن دەنگی خۆیان بدەن و بەشداری بكەن، بیر لەوە بكەنەوە كە ئەگەر ئێوە دەنگ نەدەن یان كەسێك بڵێت دەنگدانی ئێوە كاریگەری نییە، باوەڕ بكەن لەبەر ئەوەیە تا ئێوە نەتوانن ئەو شتە بەدەست بێنن كە دەتانەوێ، یان ئەو نوێنەرە بنێرنە پەرلەمان كە خۆتان دەتانەوێ.

ئەگەر ئێوە بەشداریی هەڵبژاردن نەكەن، خەڵكێكیتر لە جیاتی ئێوە دەنگ دەدات و رەنگە كەسێك هەڵبژێرێت كە بە هیچ جۆرێك لە خزمەتتاندا نەبێت.

هیوادارم بەشداری بكەن و دەنگی خۆتان بدەن و دەنگ بەو كەسە بدەن كە دەتوانێت بەرگری لە ئێوە بكات. ژیان پڕ لە هەوراز و نشێوە، هەر ئەمڕۆ نییە، زۆر كەس هەیە دەنگی هەیە و دەیەوێ خۆی بكاتە خاوەنی كوردستان و خۆی بكات بە خاوەنی كوردستان، بەڵام كاتێك لێی دەقەومێ، ئێمە ئەو دەنگەمان نەدیت، كە دەمی بەرگریكردن لە كوردستان دێت، ئێمە ئەم دەموچاو و ڕەنگەمان نەدیت، لە كوێ بوون؟ كاتێك ئێوە دەنگ دەدەن، بیر لەوە مەكەنەوە كە ئەمڕۆ چی دەبینن؟ بیر لەوە بكەنەوە كە سبەی ئەگەر كوردستان بكەویتە بەردەم ئاستەنگێك، كێ پارێزگاری لە ئێوە دەكات؟ كێ ئامادەیە بچێت خۆی بكاتە قوربانی؟ باوەڕ بە وەعد و بەڵێنی كەس مەكەن، باوەڕ بەو كەسە بكەن كە قوربانی داوە و بۆتانی سەلماندووە لە كاتی تەنگانەدا لە هێڵی پێشەوەیە بۆ پارێزگاری لە خاك و كەرامەتی ئەم خاك و میللەتە، بۆیە داوای من ئەوەیە ئێوە ئەو نوێنەرانە هەڵبژێرن كە باوەڕتان پێیە و دەتوانن بەرگری لە مافە دەستوورییەكانتان بكەن و خۆ دەكەنە قوربانیی میللەت و خاكی خۆیان. نەك كەسانێك كە دەچنە ئەوێ بۆ ئیمتیازات و دەستكەوتی شەخسی و حزبی و هەموو كوردستان دەكەنە قوربانیی خۆیان. پێویستە ئێوە ئەمە یەكلا بكەنەوە.

من ئەم داوایە تەنیا لە ئێوەی خەڵكی زاخۆ ناكەم، بەڵكوو داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، بیرێكی جددی بكەنەوە، باوەڕ بكەن ئەگەر كوردستان بەرەو دۆخێكی ناخۆش بچێت، بیر لەوە بكەنەوە نەخەڵەتێن بە قسەی دووكەسان، بیر لەوە بكەنەوە كە كێ دەتوانێت بەرگری لە ئێوە بكات؟ ئەگەر بەڵێنێكیشتان پێ بدەن، ئایا توانا و هێزی ئەوەیان هەیە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەن؟

قسەكردن ئاسانە بەڵام كردار پێش هەموو شتێك پێویستە لەبەرچاوتان بێت و بزانن كێ وەفادارە بەرامبەر شەهیدان و بەرامبەر بەم ئەزموون و ئەو مافە نەتەوەیی و نیشتمانییانەی كە هێشتا زۆریان ماون بەدەست بێن.
من نامەوێ زیاتر كاتتان بگرم، بەڵام داوایەكم هەیە، ئێوە خۆتان بپارێزن، هەمووتان زۆر ئازیزن و حەز دەكەین هەموان تەمەن درێژ و تەندروست و ساخ بن و خۆتان بپارێزن، ئیشەڵا ئەم قەیرانەش لەسەرمان تێدەپەڕێت.

هەرچەندە زۆر هەوڵدرا ئەم حكوومەتەمان تووشی شكست بێت، حكوومەتەكەمان تووشی شكست بێت لە ڕووی ئابووری و سیاسی و هەندێكجار كێشەی ئەمنیشیان هێنایە پێشەوە تاوەكوو ئەم حكوومەتە تەسلیم بێت و واز لە مافە دەستووری و مافەكانی خەڵك بهێنێت لەبەر خاتری مووچە یان لەبەر هەندێك ئیمتیازاتی زۆر كاتی و كەم كە ئەویش جێی باوەڕ نەبوو جێبەجێ ببن.

خوا فورسەتی دا و بە خۆڕاگریی ئێوە، زۆر سوپاستان دەكەم كە ئێوە خۆڕاگر بوون و توانیمان ئێمە هیچ تەنازولێك نەكەین و ئەو قەیرانانەشمان تێپەڕاند، ئیشەڵا ئاسۆیەكی زۆر ڕوونمان لەپێشدایە و بەرنامەی زۆر باشی ئابووریمان هەیە، بۆ ئەوەی كوردستان بۆ قۆناغێكی گەشتر و ئاوەدانتر ببەین، بۆ ئەوەش پێویستیمان بە هاوكاریی ئێوە هەموانە.

یەكێك لەو شتانەی كردمان بۆ راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ ئەوەیە هاوكار بێت لە خزمەتكردنی زیاتر و ژێرخانێكی ئابووریی باشتر لەم دەڤەرەش.

ئێمە هیچ بەڵێنێك نادەین ئەگەر لە توانا و هێزماندا نەبێت و نەتوانین جێبەجێی بكەین، بەڵام ئێمە بەڵێنتان پێدەدەین وەفادار و راستگۆ بین و ئەوەی پێمان بكرێت بۆتان، كەمتەرخەمی ناكەین.

جارێكیتر سەركەوتوو و سەرفراز بن و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆتان لێ پیرۆز بێت.

زۆر زۆر سوپاس