كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
کارزان گلی 20/09/2021

بۆچی دەنگدەری كورد كلیلی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی توركیایە؟

لە دوای كودەتای 1980ی توركیا، هەر هەڵبژاردنێك لەو وڵاتە كرابێت، دەنگی كورد یەكلاكەرەوە بووە تێیدا. زۆرجار پارتە سیاسییەكانی توركیا كوردیان هەڵخەڵەتاندووە و چەندین بەڵێنی جۆراوجۆریان پێداون، بەڵام دوای هەڵبژاردن، بوونەتەوە گورگ بۆ گیانی كورد و داواكەی.

بە هۆی ئەو بەربەستەی لە دەستووری توركیا دانراوە، كە هەر پارتێك نەتوانێت ١٠٪ی دەنگەكان بهێنێت ناتوانێت وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، بۆیە پارتە كوردییەكان كاندیدەكانیان بە شێوەی سەربەخۆ دەچوونە ناو هەڵبژاردن و پاشان لەناو پەرلەمان گروپێكیان پێكدەهێنا، ئەمەش لە ساڵانی نەوەدەكانەوە تا 2015 درێژەی كێشا، لە 2015 ئیدی كورد وەكوو پارت چووە ناو پەرلەمان و بووە هێزێكی گرنگ.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2015، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، توانی 81 كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، ئەمەش بۆ یەكەمجاربوو لە مێژووی توركیا، پارتێكی كوردی وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە. هەر ئەمەش بوو وای كرد، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) زۆرینە لەدەست بدات و ناچار بن حكوومەتێكی كاتی پێكبهێنن و پاشان چوونەوە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

ئەوەی وای كردووە هەدەپە بكاتە هێزێكی گەورە و خاوەن قورسایی لەناو پەرلەمانی توركیا و لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەو دەنگدەرە نەگۆڕانەیە كە دەنگدان بە پارتە كوردییەكان لەلایان وەكوو نامووس وایە.

تۆ سەیری پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) بكە، لە هەڵبژاردنی 2002 نەیتوانی بەربەست بشكێنێت. پارتی سەعادەت و رەفاح سەردەمانێك لە ترۆپك بوون، ئێستا وەكوو پارتی بچووك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. پارتی گەلی كۆمار (جەهەپە)، دەنگەكانی بەردەوام لە هەڵبەز و دابەزینێكی زۆرە، تەنانەت زۆرجار هەبووە نەیتوانیوە ببێتە پارتی دووەم و سێیەمیش. بەڵام دەنگدەری هەدەپە جیاوازە و هەڵبەز و دابەزی زۆر كەمە.

راستە ئاكەپە خاوەن دەنگدەرێكی زۆرە لە باكووری كوردستان، بەڵام ئەو دەنگدەرە كوردانە، جێگیر نین و لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر دەنگەكانیان گۆڕانی بەسەردا دێت و مەرج نییە تەنیا ئاكەپە هەڵبژێرن، بۆیە ئەو قسەیە باوە لەناو سیاسییەكانی توركیا ”ئەگەر كورد پشت لە هەر پارتێكی سیاسی بكات، ئەو پارتە ناتوانێت سەركەوتن بە دەست بهێنێت“.

توركیا لە 2023 دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، پارتە سیاسییەكان بە خۆیان كەوتوون تا بتوانن دەنگدەری كورد بەلای خۆیاندا رابكێشن، بە تایبەت ئاكەپە و جەهەپە. كە دەڵێم دەنگدەری كورد، مەبەستم دەنگدەری هەدەپە و ئەو كوردانەیە كە هەدەپەیی نین و هەر لایەنێك باس لە مافی كورد و داخوازییەكانی بكات، ئەوان دەنگی پێدەدەن.

مەدحەت سانجار، هاوسەرۆكی هەدەپە دەڵێت ”هەدەپە كلیلی سەركەوتنی هەڵبژاردنە، بۆیە ئەوەی هەدەپە بە جیدی وەرنەگرێت زیانی زۆری پێدەگات“ ئەم گوتەیەی سانجار پێمان دەڵێت، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، هەدەپە پشتگیری لە كام كاندید بكات، ئەو كاندیدە شانسی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكاندا دەبێت.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ناتوانێت ٥٠+١ بەدەست بهێنێت، ئەمەش بە گوێرەی ئەنجامی راپرسییەكانی توركیا، بۆیە هەڵبژاردن دەكەوێتە گەڕی دووەم.

لە گەڕی دووەمدا، دەنگی هەدەپە یەكلاكەرەوە دەبێت، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت لە بەرامبەر دەنگدەری هەدەپە، ئەو كوردانە بۆ لای خۆی رابكێشێت كە هەدەپە نین، بەڵام كوردبوون و مافی كورد لە لایان گرنگە.
ئەردۆغان بە بەڵێنی جۆراوجۆر و پلانی سیاسییەوە دەچێتە باكوور، بەڵام دیار نییە، ئەمجارەیان كوردەكان متمانەیان بە بەڵێنەكانی ئەردۆغان دەبێت، یان لەسەر سندوقی دەنگان سزای دەدەن؟

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، گرنگە هەدەپە لە قۆناغی داهاتوویدا، سەربەخۆیانە بڕیار بدات و لە هەژموونی پەکەکە و قەندیل دوور بكەوێتەوە.