كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
وژار فهری 20/09/2021

بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتێک لە ناوچەیەکی گۆڕاودا

زیاتر لە سەد ساڵە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکی زۆری جیوپۆلیتیکی و جیۆئێکۆنۆمی و جیۆکەلتووری بۆ بەریتانیا هەبووە. لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا و هەبوونی سەرچاوەی سروشتی، ئەم ناوچەیەی کردۆتە چەقی ململانێی نێوان زلهێزەکان. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریەکی قووڵی بەسەر سیاسەتی جەنگی ساردی هەردوو زلهێزی ئەوکاتی جیهان (یەکێتیی سۆڤیەت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) هەبوو. رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆتایی جەنگی سارد، بووە هۆی دروستبوونی ناوچەی بۆشایی جیۆپۆلیتیک و جیۆئێکۆنۆمیک لە چەندین شوێنی جیا، بەتایبەتی لە بالکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

(تێرێزا مەی) سەرۆک‌وەزیرانی پێشووی بەریتانیا رایگەیاندبوو کە ئاسایشی کەنداو، ئاسایشی ئێمەیە. گۆڕانکارییەکانی کەنداو بۆ بەریتانیا جێگەی بایەخن، بەریتانیا بە گرنگییەوە چاودێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات کە ئەگەر دەسەڵاتدارەکان و ئەمیرەکانی ڕۆژهەڵات بگۆڕدرێن، یان لەسەر کار لابدرێن، بۆ بەریتانیا گرنگە کە بزانێت ئەو گۆڕانکارییانە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەو نییە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەنداو سوودی زۆری بازرگانیی بۆ بەریتانیا هەیە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها 6.8٪ لە دانیشتوانی جیهان پێکدێنێت، بەڵام لە ساڵی 2014، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشکی هەبوو لە 45٪ کردە تیرۆریستییەکان لە جیهاندا، هەروەها 75٪ لە پەنابەرانی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدێن. بەپێی مەزەندەکان لە ساڵی 2050، ژمارەی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە دوو بەرانبەر، هەروەها پلەی گەرمی لە ناوچە گەرمەکان دەگاتە 60 نمرەی گەرمی، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدات، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەتیس نابێت و پەل دەهاوێژێت بۆ ناوچەکانی تر، بەتایبەتی ئەورووپا. بەمجۆرە، بارزگانی و ئاسایش دوو خاڵی گرنگن کە بەریتانیا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبەستێت.

بەریتانیا رۆڵی گرنگی لە کێشە و بابەتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو. لە 20 ساڵی ڕابردوودا سێ جار بەریتانیا رۆڵی گرنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە، بۆ نموونە جەنگی رزگارکردنی عێراق لە ساڵی 2003، جەنگی دژی داعش لە ساڵی 2014، ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2015، هەروەها بەریتانیا چەندین سەربازگەی هەیە لە کەنداو، هەروەها بەریتانیا بەنیازە سەربازی زیاتر بنێرێت بۆ رۆژهەڵاتی کەناڵی سویس.

گرنگیی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان بۆ یەکتر

بەریتانیا لە دوای دەرچوون لە یەکێتیی ئەورووپا بە دوای پێگەی جیهانی خۆیدا دەگەڕێت کە ببێتەوە زلهێزێکی جیهانی، سەختی و دژواریی ئەم ئامانجە روونە، بەڵام تا چەند بۆ بەریتانیا مەیسەر دەبێت، تێپەڕینی کات دیاریی دەکات. بەرپرسانی بەریتانیا لە ساڵی 2019 پێیان وابوو کە پێویستە بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دوای دەرچوونی لە یەکێتیی ئەورووپا، چەند خاڵێک لە بەرچاو بگرێت، وەک:

1- پێویستە بەریتانیا بە گرنگییەوە بڕوانێتە ئەو ئامانجانەی کە دەیانەوێت بەدەستی بهێنن، کام ستراتیژ باشترینە بۆ گەیشتن بە ئامانجانەکەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

2 -چۆن بەریتانیا دەتوانێت سەرچاوەکانی هێزی خۆی بەکار بهێنێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، هەروەها چۆن سەرچاوەکانی دەتوانێت بەهێز بکاتەوە وەک پێشتر، یان بە جۆرێک کە بەهێزتریش بێت وەک لە رابردوودا.

3 - پێکهێنانی هاوپەیمانیی نوێ، نەک بەتەنها لەگەڵ وڵاتان، بەڵکوو لەگەڵ ئەکتەرە نانێودەوڵەتییەکانی ناوچەکە.

ئەمانە خاڵی گرنگی سیاسەتی دوای (برێکسێت)ە. لەڕاستیدا هەندێکجار و لە هەندێک کاتدا ئەکتەری نانێودەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە پردی بەیەکگەشتنی ئامانجی وڵاتان.

ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت بە تەنها گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکات، بەڵام دەتوانێت لە هەلومەرجە گرنگانەی دێنە پێش، باشترین سوود وەربگرێت. تا ئێستاش بە شێوەیەکی زۆر باش هەرێمی کوردستان توانیویەتی سیاسەتی وڵاتان لە ناوچەکە بە ئاراستەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکات کە سوودی بۆ هەرێمی کوردستانیش هەبێت. ئەوەی گرنگە کە ئاماژەی پێ بدرێت، ئەوەیە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەکی بزۆزە و لە گۆڕانی بەردەوامدایە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت باشترین سوود لەم بارودۆخانە وەربگرێت.