كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمریکا بەشداریی لە پرۆژەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکات

 

بەرپرسی بەشی سیاسیی و ئابووریی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە مەبەستی راگەیاندنی هاوکاری و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد.

وەزارەتی کارەبا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردۆتەوە، دو تاینتواج، بەرپرسی بەشی سیاسیی و ئابووریی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد و لەگەڵ کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا کۆبووەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، وەزیری کارەبا پرۆژە و پلانەکانی وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی کەرتی کارەبا خستەڕوو، هەروەها ئاماژەی بە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی تا ساڵی 2023 کرد کە دەتواندرێت بە بۆڕی بۆ وێستگەی کواشی بگوازرێتەوە و ڕۆڵی لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت.

جەختیشکراوەتەوە، نوێنەری ئەمریکا بەڵێنیدا کە گەورە کۆمپانیاکانی ئەمریکا بە تەکنۆلۆژیا و توانای بەرزەوە دێنە هەرێمی کوردستان و بەشداری لە پرۆژەکانی کارەبا دەکەن و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەشداریکردن لەم پرۆژانەی خوارەوەی وەزارەتی کارەبا دەربڕی:

- راکێشانی بۆری گازی سروشتی لە کۆمپانیای داناگاز بۆ وێستگەی 1000 مێگاواتی کواشێ.

- جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی هێڵی400KV و وێستگەی 400KV کارەبا.

- بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی سوودوەرگرتن لە گازی بە فیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان.

- بەشداریکردن لە هۆشیاریی گرنگی پێدانی نرخی کارەبا لە لایەن هاوبەشانی کارەباوە.

روونیشکراوەتەوە، نوێنەری ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بۆ تەواوکردنی هێڵی 400 کەی ڤی نێوان تورکیا - هەرێمی کوردستان - عێراق دەربڕی و سوپاسی وەزارەتی کارەباشی کرد کە کارەبای پێویستی بە کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی دابین کردووە.