روانگەی رووسیا بۆ ئەفغانستان لە سەردەمی بزووتنەوەی تاڵیباندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 19/09/2021

روانگەی رووسیا بۆ ئەفغانستان لە سەردەمی بزووتنەوەی تاڵیباندا

بزووتنەوەی تاڵیبان لە ڕوانگەی ڕووسیاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار دەکرێت. ڕووداوی کۆنتڕۆڵکردنی کابووڵی پایتەخت لە ١٥ی مانگی ئابی ڕابردوو لەلایەن بزووتنەوەکە، بۆ مۆسکۆ لەنێوان دوو پێزانینی پێچەوانە خۆی دەبینییەوە؛ یەکەمیان مۆسکۆ دڵخۆشە، لەبەر ئەوەی ئەم ڕووداوە وەک شکستی دوای ٢٠ ساڵ ئەمریکا لە ئەفغانستان لێک دەداتەوە. هەروەها بەپێی هەندێک شیکردنەوەکان، لە ڕووسیا وەک ڕووداوی شکستی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩٠ سەیر کراوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە فەیلەسووف و جیۆپۆلیتیکناسی ڕووسی (ئەلێکساندەر دۆگین) خاوەنی تیۆری تایبەت بۆ سیستمی نوێی جیهانی بە ناوی (تیۆری چوارەمی سیاسەت)، کە گوزارشتە لە شکستی تیۆری لیبڕالیزم و سیستمی تاکجەمسەری لە جیهان، ئەم تیۆرە لە دژی هەریەکە لە (پۆست مۆدێرنیزم، کۆمەڵگەی بان پیشەسازی، لیبڕالیزم و گلۆبالیزەیشن) دەوەستێتەوە. سەردەمی نوێ، یان سەردەمی فرەجەمسەری لەسەر بنەمای ئەوەی هەر نەتەوەیەک خاوەن شێوازێکی تایبەت بە خۆیەتی لە حوکم و سەروەریی یاسا و سیستم، کە سەرچاوەی گرتووە لە بنەما کولتوورییەکان (١).

دووەمیان؛ مۆسکۆ ناڕەحەتە لە پێشهاتە سیاسییەکانی ئەفغانستان، لەژێر ڕۆشنایی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەم ئاراستەیە پشت بە چەند شیکردنەوەیەک دەبەستێت و دەڵێت، ڕووداوی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە (تیۆری موئامەرە) و (تیۆری فەوزا) وەسف دەکرێت، ئەمەش لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ. هەروەها بۆ داهاتووی پێگە و نفووزی مۆسکۆ لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و باکوور، کاریگەریی نەتەگەتیڤ بەدوای خۆیدا دێنێت.
بە شێوەیەکی گشتی، پەیوەندیی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا لەگەڵ ئیماراتەکانی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لە بوارەکانی ئالوگۆڕی بازرگانی و کولتوورییەوە، مێژووییەکی کۆنی هەیە.

کاتێک بەریتانیا لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەم لە ڕێگەی هیندستانەوە دەستی لە کاروباری ناوخۆی ئەفغانستان وەردا، لە ڕێگەی کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵات دەیویست پێگە و نفووزی خۆی لە ئەفغانستان و ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست جێگیر بکات، بەمەش هەڕەشەی لەسەر بازرگانی و ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسی دروست دەکرد، تا یەکەم جەنگی جیهانی، ئەفغانستان شوێنی ململانێ و ناکۆکیی نێوان ڕووسیا و بەریتانیا بووە. دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر (بەلشەفیک) لە ساڵی ١٩١٧، ڕووسیا ترسی ئەوەی هەبوو، کە بەشێک لە ڕووسەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە دەرەنجامی شۆڕش ڕوو بکەنە ئەفغانستان، دواتر ئەمانە لە ڕێگەی وەرگرتنی هاوکاری و پشتگیری لە بەریتانیا، لە دژی دەوڵەتی ڕووسیا هەڵبگەڕێنەوە. ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٩ دانی بە سەربەخۆیی ئەفغانستاندا نا، پاشان پەیماننامەی دۆستایەتی لەنێوان ئەفغانستان و ڕووسیا لە ساڵی ١٩٢١ ئیمزا کرا و مۆسکۆ هاوکارییەکانی لە بواری ئابووری و تەکنیکی بۆ کابووڵ دەست پێکرد.

پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەفغانستان لەدوای دووەم جەنگی جیهانی، لەمیانەی پێشکەشکردنی هاوکاری لە بواری ئابووری و گەشەپیدانی زیاتر بەدی کراوە، بە جۆرێک، لە ساڵی ١٩٧٨ ڕێککەوتنی دۆستایەتی لەنێوان هەردوولا ئیمزا کرا، بەڵام تەنیا یەک ساڵ دواتر، ڕووسیا ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی دەست پێکرد. ئەمەش بووە هۆی کاردانەوەی نەرێنی لەلایەن دەوڵەتانی موسڵمان لە بەرامبەر ڕووسیا و سەر‌هەڵدان و بەهێزبوونی بیرۆکەی ڕادیکالیزم لە نێوخۆی ئەفغانستان، دواتر وەک دەرەنجامی ئەم بارودۆخەی، کە مۆسکۆ لە ئەفغانستان هێنابوویە ئاراوە، لە ساڵی ١٩٩٢ حکوومەتی ئەفغانستان ڕووخا، کە ڕووسیا پشتگیریی دەکرد.

پێشهاتە سیاسییەکان لە ئەفغانستان جارێکی تر فەرزی کرد، کە بژارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا بەرەو ڕووی گۆڕانکاری بکاتەوە. توێژەران و شارەزایانی ڕووسی شکستی سۆڤیەتی بە پیلان و موئامەرەی ئەمریکی لێکدەدەنەوە. بەهۆی پێشنیاری بەکارهێنانی خاکی ئەفغانستان بۆ شۆڕشەکان لە دژی سیستمی سۆسیالیستیی ڕووسی لە ئاسیای ناوەڕاست، لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئەفغانستان، مۆسکۆی ڕاکێشی نێو شەڕێکی قووڵ کرد کە ماوەی 10 ساڵی خایاند، دەرەنجامەکانی ئەم شەڕە وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو هەژمار دەکرێت (٢). پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و کابووڵ دوای ناکۆکییەکان، لەم چەند ساڵەی دواییدا تا رادەیەک بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاوی ناوە. ئێستا ڕووسیا باڵوێزخانەی لە کابووڵ و یەک کۆنسوڵخانەشی لە شاری مەزار شەریف هەیە، لە بەرامبەردا ئەفغانستان خاوەنی باڵوێزخانەیە لە مۆسکۆ.
فلادیمێر پۆتین، یەکەم سەرۆکی ڕووسیا بوو پشتگیریی ڕاستەوخۆ و بێ مەرجی لە ئیدارەی ئەمریکی کرد لە سەردەمی بۆشی کوڕ، لەبارەی پرسی شەڕی دژی تیرۆر بە گشتی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەفغانستان بەتایبەتی. ئەمەش وەک دەرفەتێک بەدی کراوە، لە شەڕی دژ بە موسڵمانانی شیشانی، هەروەها دەستی مۆسکۆی کراوە کرد لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە سیاسەتی دەرەوەدا.

لەدوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ و شەڕی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، گەورەترین پڕۆسەی فراوانکردنی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ساڵی ٢٠٠٤ دەستی پێکرد، لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد لەنێوان بەرەی ڕۆژئاوا، بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، بەرەی ڕۆژهەڵات بە سەرکردایەتیی ڕووسیا. ئەمریکا لەژێر ناوی بڵاوکردنەوەی دیموکراسی لە جیهان، زیادکردنی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست، لەمیانەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەلقاعیدە و بزووتنەوەی تاڵیبان چەند بنکەیەکی سەربازیی لە ناوچەکە جێگیر کرد، لەوانە؛ بنکەی سەربازیی فەرەنسی لە تاجیکستان، بنکەی سەربازیی ئەڵمانی (ترمز) لە ئۆزبەکستان، بنکەی سەربازیی (کارشی) ئەمریکی لە ئۆزبەکستان و بنکەی سەربازیی (ماناس) لە قیرقیزستان. بەم شێوەیە مۆسکۆ ترسی بەهێزبوون و جێگیربوونی پێگە و نفووزی سەربازیی ڕۆژئاوای لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لا جێگیر بوو. هەروەها فراوانبوونی لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا بە مانای دەورەدانی مۆسکۆ لێکدرایەوە.

ڕووسیا لە یادەوەریی بزووتنەوەی تاڵیباندا وەک لایەنێکی پەسەند و ئەرێنی سەیر ناکرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتەیە، کە مۆسکۆ لە ماوەی ڕابردوودا لە هەمبەر تاڵیبان پەیڕەوی کردووە. لەم چوارچێوەیەشدا، بەپێی بڕیارێکی دادگای باڵای ڕووسیا، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دەرچووە، بزووتنەوەی تاڵیبانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار کردووە، واتە لە ڕوانگەی ڕووسیا بزووتنەوەی تاڵیبان ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. ئەم بڕیارەی دادگای باڵای ڕووسیا لەو کاتە دەرچوو، کە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاوی دەنا، ڕووسیاش دەیویست ئەم بابەتە لە کێشەی موسڵمانە شیشانییەکان وەک کارتێک لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار بێنێت.

کاتێک لە ساڵی ٢٠١٧ بارودۆخی ئەفغانستان دەستی بە گۆڕانکاری کرد و بەپێی هەندێک لە ڕاپۆرتەکانیش چالاکییەکانی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان بەتایبەتی (داعش) کە لە ڕوانگەی مۆسکۆ ڕێکخراوێکی تیرۆرستییە، بەرەو زیادبوون دەچوون، بۆیە ڕووسیا ترسی هەبوو لەوەی ئەفغانستان ببێتە مەرکەزی کۆکەرەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکان و سەرئەنجام ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییانە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاسیا دەخاتە مەترسییەوە. لەم کاتەشدا، بەشێک لە بەرپرسانی ڕووسیا پێیان وابوو، حکوومەتی کابووڵ بەرەو لاوازبوون دەچێت، ئەمەش بووە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری لە هەلوێستی مۆسکۆ بەرامبەر بزووتنەوەی تاڵیبان، لە بەرامبەردا بزووتنەوەکەش گۆڕانکاری لە ڕوانگەی خۆی کرد بەرامبەر ڕووسیا، ئەمەش بە سەرەتای دروستبوونی پەیوەندی دادەنرێت، لە پەیوەندیی نێوان مۆسکۆ و بزووتنەوەی تاڵیبان، بە ئاراستەی پێشوازیکردنی مۆسکۆ لە شاندێکی فەرمیی پێنج سەرکردەی بزووتنەوەی تاڵیبان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستان لە ٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨.

بەم شێوەیە، گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بە ئێستاشەوە بەردەوام بوون، لەکاتێکدا حکوومەتی ئەفغانستان لە ئەیلوولی ٢٠١٨ ڕەتی دەکردەوە، کە بەشداریی گفتوگۆکان بێت لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان لە مۆسکۆ.
لەسەر ئەم بنەمایە، گفتوگۆیەکانی نێوان مۆسکۆ و بزووتنەوەی تاڵیبان دەربارەی پرسەکانی نێوانیان بەردەوام بوو. هەروەها مۆسکۆ باڵوێزخانەی خۆی لە کابووڵ دانەخست، دوای ئەو پێشهاتە سیاسییانەی لەمیانەی ڕووداوەکانی مانگی تەمووز و ئابی ڕابردوو لە ئەفغانستان هاتنە ئاراوە.

وتەبێژێکی بزووتنەوەی تاڵیبان بە ناوی محەمەد سهەیل شاهین لە ٨ی تەمووزی ساڵی ٢٠٢١ لە مۆسکۆ ڕایگەیاند؛ بزووتنەوەکەیان ڕێگە نادات هیچ کەس و لایەنێک خاکی ئەفغانستان بەکار بێنێت بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا و هیچ دەوڵەتێکی هاوسێی ئەفغانستان، لە هەمان کاتدا کۆنسوڵی ڕووسیاش لە شاری مەزار شەریف، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی بزووتنەوەی تاڵیباندا بوو، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە هیچ هەڕەشەی هێرشکردنیان لەسەر نییە. هەروەها بزووتنەوەی تاڵیبان داوای بەردەوامیدانی پەیوەندییەکانی کرد لەگەڵ ڕووسیا و دەوڵەتانی تری جیهان، لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی ئەفغانستان (٣).
بزووتنەوەی تاڵیبان دوای کۆنتڕۆڵکردنی کابووڵی پایتەخت ویستی بەردەوامیدان و بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا نەشاردووەتەوە و بەئاشکرا ئەمەی ڕاگەیاندووە. لەم ڕوویەشەوە لەمیانەی وەڵامدانەوەی گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کاتێک پرسیار دەربارەی ئیمکانیەتی دەستوەردانی سەربازی لە ئەفغانستان ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، دەکرێت، دەڵێت؛ "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ، مانای شکستی هەوڵی بیست ساڵەیان دەگەیەنێت لە ئەفغانستان، مۆسکۆ دووبارە جەخت لەسەر پرسی دەستوەرنەدانی سەربازی دەکاتەوە لە ئەفغانستان". لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخەی لە دەرەنجامی پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە هاتوونەتە ئاراوە، مۆسکۆ لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە، لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەک لەسەر بەرژەوەندییەکان، یانیش لەسەر هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێگەی خاکی ئەفغانستانەوە. لەم ڕوانگەیەشەوە، مۆسکۆ لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ سەرکردەکانی دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست، ئامادەکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ تاجیکستان و خستنە حاڵەتی ئامادەباشی بنکە سەربازییەکانی لە تاجیکستان و ئۆزبەکستان، مەشقپێکردنی هێزی سەربازیی ئۆزبەکستان لەلایەن شارەزایانی سەربازیی ڕووسییەوە.

سەرجەم ئەو هەوڵ و ئامادەکاری و چالاکییە سەربازییانەی مۆسکۆ لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانە دێت، کە لەمیانەی بارودۆخی ئەفغانستانەوە هاتووەتە ئاراوە (٤).
کەواتە، ڕادەستکردنی ئەفغانستان بە بزووتنەوەی تاڵیبان بەم شێوەیە، بەلای بەشێک لە دەسەڵاتداران و شارەزایانی ڕووسی، لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی ئەمریکا لەمیانەی ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی خۆی لە ناوچەکە، وەک تیۆری موئامەرە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. مۆسکۆ وەک هێزێکی هەرێمیی کاریگەر لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست، پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی خۆیەتی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی. لەم ڕوانگەیەشەوە، پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا ئەوەی ڕاگەیاند، کە بارودۆخی ئەفغانستان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی مۆسکۆوە هەیە (٥).

هەروەها کۆمەڵێک بەستێنی مێژوویی و جوگرافی، کابووڵ و مۆسکۆ بەیەکەوە دەبەستنەوە. ئەفغانستان لەدوای ساڵی ١٩٧٩ تاوەکوو دەستوەردانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١ لەژێر هەیمەنەی مۆسکۆدا بوو، لە سەردەمی حوکمڕانیی تاڵیبان (١٩٩٦ – ٢٠٠١) ناوچەکانی باکووری وڵاتی لەژێر کۆنتڕۆڵدا نەبوو، بەڵام ئێستا تەواو ئەو ناوچانە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان.

پەراوێزەکان
١- ئەلێکساندەر دۆگین، تیۆری چوارەمی سیاسەت، وەرگێڕان: وریا غەفووری، ٢٠١٧، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا.

٢- المرکزالمقاتل، الازمة الافغانية (تاريخيا، وسیاسیا، وعسکریا)، تاریخ الزیارة ١١/٩/٢٠٢١، http://www.moqatel.com/openshare/Behoth/Siasia2/Afghan/sec04.doc_cvt.htm

٣- عمرو عبدالحميد – أحمد دهشان، نيف تقيم روسيا تطورات الحدث الافغاني؟ من جديد.. عمائم طالبان فوق كابول، اغسطس ٢٠٢١، تاریخ الزیارة ١٢/٩/٢٠٢١، https://asbarme.com/4882/

٤- سياسة روسيا في افغانستان بعد انسحاب القوات الاجنبية: المحددات والتوجهات التوقعة، ٤ اغسطس ٢٠٢١، تاریخ الزیارة ١٣/٩/٢٠٢١ https://epc.ae/ar/whatif-details/92/siasat-rusia-fi-afghanistan-baed-ainsihab-alquwat-alajnabia-almuhadedat-wattawajuhat-almutwqqa

٥- عبد الجبار أبوراس، بوتین: الوضع في افغانستان له علاقة مباشرة بأمن روسيا، الوكالة الأناضول، ٢٢ اغسطس ٢٠٢١، تاریخ الزیارة ١٣/٩/٢٠٢١ https://www.aa.com.tr/

* مامۆستای زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەدین- هەولێر