یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
حەمەسەعید حەسەن 19/09/2021

یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟

(٨)


نەوشیروان موستەفا بەوە قایل نییە کە حەمەسەعید حەسەن نووسەرانی بەسەر سێ گرووپدا: (بەعسی و ترسنۆک و خۆڕاگر) دابەش کردووە، بەڵام ئەمە حەقیقەتە و نکووڵیی لێ ناکرێت. کە ڕژێم ویستی یەکێتیی نووسەرانی کورد لەناو ببات، ئەو نووسەرەی بەعسی بووبێت، لەگەڵ خواستی ڕژێمدا بووە، ئەوی بەعسی نەبووبێت و پیلانەکەی ڕژێمی جێبەجێ کردبێت، ئەوا لە ترسنۆکیدا ئەو کارەی کردووە، ئەو نووسەرانەیشی بەرەنگاری خواستەکەی ڕژێم بوونەوە، ئەوا شەرەفی ناسناوی خۆڕاگریان پێ دەبڕێت، بەڵام پێویستە ئەو حەقیقەتەیش لەبەر چاو بگیرێت، تەنانەت کە لە سەروەختی بەرپابوونی شۆڕشی سۆشیالیستیشدا، پرۆلیتاریا هەموو ناچێتە سەنگەرێکەوە و بۆرژوایش هەمووی سەنگەری بەرانبەر ناگرێت، ئەوسا ئیتر شەڕی نێوان ئەو دوو چینە دەست پێ بکات. وەک چۆن بەدەگمەن بۆرژوای وا هەڵدەکەوێت، لایەنی پرۆلیتاریا بگرێت، پرۆلیتاری وایش هەڵدەکەوێت، لایەنی بۆرژوا بگرێت.

گوتەیەک هەیە دەڵێت: (پێم بڵێ دۆستی کێیت، پێت دەڵێم تۆ کێیت.) لینین دەڵێت: (پێم بڵێ هاوپەیمانە سیاسییەکەت کێیە، کێ دەنگت بۆ دەدات، لە ڕووی سیاسییەوە بە خۆتت دەناسێنم.)(١) کەواتە حەمەسەعید حەسەن ڕێزی لەوانە گرتووە کە سەنگەری بەعسیان هەڵبژاردووە و بە ترسنۆک و فریودراو ناوی بردوون، ئەگەرنا لەو هەڵوێستەدا پێیان زانیبێت یان نا، بەعسییانە ڕەوتاریان کردووە. لینین دەڵێت: (یان بۆکسێک بۆ ناو دەم، یان دەستت بهێنە ماچی بکەم.)(٢) ئەگەر هەڵوێستی ئێمە بۆکسێک نەبوو بۆ ناو دەمی خواستە چەپەڵەکەی ڕژێم، بۆچی لە ڕووی ئیعلامییەوە ئابڵووقە دراین؟ ئەگەر هەڵویستی ئەوان دەستماچکردن نەبوو، بۆچی ڕێزیان لێ نرا؟

نەوشیروان موستەفا دەڵێت: (لەو چەند قۆناغەدا کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کوردی تێدا جێبەجێ کرا، نووسەرانی کورد نەیانتوانی ئەو بڕیارە هەڵبوەشێننەوە. ئەگەر لەمەدا گلەیی لە نووسەران بکرێت، دەبێت گلەیی لە خەڵکی کوردستانیش بکرێت، کە بۆچی لە ڕووی ڕاگوێزاندا ڕانەوەستان.)

ئەرکی مارکسییەکان تەنیا لێکدانەوەی واقیع نییە، گۆڕینی واقیعیشە. مارکسیزم هۆکارێکە بۆ گۆڕین و گەشەپێدان و بەرەو پێشەوە چوون، لە هێرشدایە، نەک لە بەرگریکردندا. مارکسیزم بۆ هەموو بارودۆخێکی نالەبار، ئەڵتەرناتیڤی پێیە و کاری ئەوە نییە، پاساو بۆ هەڵە و نسکۆکان بدۆزێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە بەراوردکردنی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد لەگەڵ ڕاگوێزانی دێهاتەکانی کوردستاندا، بەجێ نییە، چونکە:

(*) ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕاگوێزانی گوندەکانی کوردستان بن، دەزانن کە ڕژێم چەند دڕندانە ئابڵووقەی ئەو گوندانەی دەدا و چۆن وێرانی دەکردن و ئەو جووتیارەیشی بەرەنگاری ئەو پەلامارەی ڕژێم بووایەتەوە، دەستبەجێ گولـلەبارانی دەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا لە چەندان ناوچە، دەیان جووتیار بە تاک و بە کۆمەڵ، ئازایانە لە ڕژێم یاخیی بوون، هەر بۆیە لەو ماوەیەدا، ژمارەی پێشمەرگە هەڵکشا، بە تایبەتی لە ناوچەکانی باڵەیی و مەنگوڕایەتی. ئەمە بێجگە لەوەی لە زۆر گونددا، جووتیاران بە ڕووی ڕژێمدا تەقینەوە و گولـلەبارانیش کران، وەک لە ڕۆست و گرتک و مەرگە ڕووی دا، یان قەرەبوویان ڕەت کردەوە، وەک جووتیارانی گەڵالە کردیان. پێویستە ئەوەیشمان لە یاد بێت، جووتیاران نەچوون زیل و ئیڤا بهێنن و پێش سەربازی بەعس نەکەوتن تا ڕابگوێزرێن، بەڵام چەند نووسەرێک ئیستیمارەی زیل و عەبدولئەمیر موعەلـلەی سەربازی ئیعلامی قەومییان هێنا و بە دەستی خۆیان، یەکێتیی نووسەرانی کوردیان ڕاگوێزا و لە ئۆردووگای زۆرەملێی یەکێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراقیان توند کرد.

(*) ڕاگوێزانی گوندەکان و یەکەمین هەوڵی بەعس بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە هەمان کاتدا بوو، لە مانگی ئەیلوولی ١٩٧٨ دابوو، کەچی نووسەرانی کورد ئەو وەختە توانییان یەکێتییەکەیان بپارێزن، هەرچەندە ڕژێم ئەو سەروەختە گەلێک لە ساڵی ١٩٨٣ بەهێزتر بوو، بزاڤی شۆڕشگێڕییش ئەوسا گەلێک لە ساڵی ١٩٨٣ لاوازتر بوو، بەڵام ئەو وەختەیش ئەو چەند نووسەرە، سەریان کێشابووەوە ناو قاوغەکەی خۆیان و بێدەنگییان لێ کردبوو.

(*) ڕۆزا لوکسومبورگ دەڵێت: (تەنیا ڕێکخستن بەس نییە بۆ پێشڕەوایەتیی شۆڕش، ئاخر دەشێت ڕێکخستن ببێتە تەڵەیەک لە نێوان کرێکاران و شۆڕشدا.)(٣) ئەوە نییە حیزبە تەحریفییەکان لەبری ئەوەی ببنە پردێک لە نێوان کرێکاران و شۆڕشدا، دەبنە کۆسپێک لەو ڕێگەیەدا. ئەو تاقمە نووسەرەیش سەرەتای ساڵی ١٩٨٣ لەبری ئەوەی داکۆکی لە یەکێتییەکەیان بکەن، داکۆکییان لە خواستی ڕژێم کرد و ڕۆڵی تەڵەیان بینی، هەر بۆیە لایەنگرتنی ئەو چەند نووسەرەی بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکەیان ڕازی بوون، لە ڕووی ڕێکخراوەیییەوە، هەڵوێستێکی تەسفەوییانە بوو. ئەگەر پاساو بۆ هەڵوێستی ئەو چەند نووسەرە بدۆزینەوە، دەبێت ڕەخنە لە هێڵی ئابی حیزبی شیوعیی عێراق و خۆهەڵوەشاندنەوەی حیزبی شیوعیی میسر و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولیش نەگرین.

نەوشیروان موستەفا دەڵێت: (هەر بڕیارێک نووسەران بە زۆرایەتی بیدەن، ئێمە بە هی خۆمانی دەزانین، حورمەتی دەگرین و پشتیوانیی لێ دەکەین.) مەرج نییە هەر بڕیارێک بە زۆرینە درا، ئیدی ڕاست و دروست بێت، ئاخر ڕێک دەکەوێت کەمینە لەسەر هەق بن و زۆرینە بە هەڵەدا بچن. مارکسییەکان هەمیشە شوێن هەنگاوی زۆرینە ناکەون، فەهد باسی ئەوەی کردووە کە (کۆمۆنیستەکان لایەنی کەمینە ڕاست دەگرن، دوای زۆرینەی هەڵە ناکەون.)(٤)

لینین لە دوا ساڵی ژیانیدا، بە ناونیشانی: کەم و پوخت، گوتارێکی نووسیوە، تێیدا داکۆکی لەوە دەکات کە (بایەخ بە لایەنی چۆنیەتی بدرێت، نەک چەندایەتی.)(٥) لێرەدا دوو هەڵوێستی لینین بە نموونە دەهێنمەوە. دوای نسکۆی شۆڕشی ١٩٠٥ - ١٩٠٧ لە سێیەمین کۆنگرەی حیزبدا، بەلشەفیکەکان هەموویان لەگەڵ ئەوەدا دەبن، بەشداریی لە هەڵبژاردانی (دۆما)دا* نەکرێت، بێجگە لە لینین کە لایەنی مەنشەفیکەکانی دەگرێت و لەگەڵ بەشداریکردندا دەبێت. سێ ساڵ دواتر کۆمیتەی ناوەندیی بەلشەفیکەکان بڕیار دەدات، لەگەڵ مەنشەفیکەکاندا یەک بگرن، ئەمجارەیشیان لینین بە تەنیا دژی ئەو بڕیارە ڕادەوەستێت.(٦) لینین لەو دوو مەسەلە گرنگەدا، نەک هەر زۆرینەی لەگەڵدا نابێت، بەڵکوو بە تەنیا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە هەردوو جارەکە زۆرینە هەڵە بوون و لینین لەسەر هەق بوو.

نەوشیروان موستەفا دەڵێت: (ئەوەی لەسەر ئێمەیە، حورمەتگرتنی هەر بڕیارێکە نووسەران بیدەن و تکا لە نووسەران دەکەین، هەر مەسەلەیەک بێتە کایەوە، خۆیان باسی بکەن و بڕیاری لێ بدەن.)

(*) مارکسییەکان هەوڵ دەدەن، ئەدەبێک لە برەودا بێت، لەگەڵ هیوا و خواستی کارگەراندا بگونجێت، هەر بۆیەش توانای خۆیان بۆ برەوپێدانی ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیست دەخەنە گەڕ. ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت: دەست مەخە کارێکەوە کە پێوەندیی بە تۆوە نییە، دروشمی مارکسییەکان نییە، چونکە ئەوان دەست لە هەموو مەسەلەیەک وەر دەدەن. هەرچەندە نەشیروان موستەفا بە قسە، بانگی بۆ بێلایەنیی خۆی هەڵداوە، بەڵام بە کردەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە نووسراوێکی مۆرکراو، داوای ئەوەی لە ئێمە کرد، ئامادەی کۆنگرەی یەکێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق ببین، کە ئەمە دەستتێوەردانێکی ئاشکرا و ڕاستەخۆ بوو، نەک بێلایەنی.

(*) ئەو تێبینییەی نەوشیروان موستەفا بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەو چەند نووسەرە بۆیە تکایان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە، دەست بخاتە ناو مەسەلەی نووسەرانەوە، تا لەسایەی ئەو لایەنەدا، لاوازیی خۆیان بشارنەوە. بەڵگەیە بۆ ئەوەیش کە نەوشیروان موستەفا دەرکی بەوە کردووە، دەستتێوەردانی یەکێتیی نیشتانیی کوردستان لە جێی خۆیدا نەبووە، بۆیە داوای لەو چەند نووسەرە کردووە، لەمەودوا خۆیان تاووتوێی کێشەی نێوان ئەدیبان بکەن.

نەوشیروان موستەفا دەڵێت: (بەشی زۆری نووسەرانی کورد بڕیاریان دا، ببنە ئەندام لە یەکێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراقدا، بەو مەرجەی داواکانیان جێبەجێ بکرێن، ئەگەرنا ئەوا لە کۆنگرەی ئەو یەکێتییە بە کۆمەڵ بکشێنەوە، یاخود هەر بەشدار نەبن لەو یەکێتییەدا، هەر وەکوو لە کۆنگرەکەدا کردیان و بەشی هەرە زۆریان موقاتەعەیان کرد و بەشدار نەبوون کە ئەوەیش هەڵوێستێکی دلێرانەی نووسەرانی کورد بوو.)

نەوشیروان موستەفا وەک سکرتێری ڕێکخستنێک باش لەوە حاڵییە کە هەوڵدان لە پێناوی یەکگرتن لەگەڵ ڕێکخستنێکی بەرهەڵستکاردا، مانای هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی ئەو ڕێکخستنە نەیارە، بۆیە قایلبوون بە تواندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد، بێجگە لە جێبەجێکردنی پیلانەکەی ڕژێم هیچی دیکە نەبوو. سەرەڕای ئەمە خەڵکانی وریا نابنە ئەندامی یەکێتییەک ئەگەر پێشەکی لەوە دڵنیا بن، ئەو یەکێتییە تەعبیر لە خواستەکانیان ناکات. ئەوی بزانێت سەندیکایەک مافەکانی پێشێل دەکات و ئامادە بێت ببێتە ئەندامی، بەو بیانووەی لە داهاتوودا داواکانی جێبەجێ دەکرێن، ئەوا ئەگەر ترسنۆک نەبێت، فریودراوە، هەرچەندە ئەو چەند نووسەرەی نەوشیروان موستەفا داکۆکییان لێ دەکات، ڕۆڵی سەرەکییان لە چەواشەکردن و فریودانی زۆربەی نووسەرانی کورددا بینی، ئاخر هەر ئەوانە ڕۆژی ٢٦ی ٣ی ١٩٨٣ لە یانەی ئەزمڕی سلێمانی، بە دەنگی بڵند گوتیان: (ئێمە بۆیە دەبینە ئەندامی یەکێتییە عێراقییەکە، تا لە کۆنگرەکەیدا، وەک گڕکان بتەقینەوە.)

ئەو چەند نووسەرە بوون بە ئەندامی یەکێتییە عێراقییەکە بەڵام وەک بەڵێنیان دابوو، نەچوون بۆ کۆنگرەکەی و نەبوون بە گڕکان و نەتەقینەوە. دیارە ئەوی جاڕی شەڕێک بدات، کات و شوێنی شەڕەکە دیاری بکات و پاشان خۆی لێ بدزێتەوە، ئەگەر لە ترسنۆکییەوە نەبێت، ئەوا لە دلێرییشەوە نییە، کەچی نەوشیروان موستەفا هەڵوێستی ئەو نووسەرانە، بە هەڵوێستێکی دلێرانە لە قەڵەم دەدات! بەم پێیە ئەوانەی ئیستیمارەیان پڕ نەکردەوە، دەکەونە بەرەی ترسنۆکەکانەوە! سەیرە ئەوی داکۆکی لە یەکێتیی نووسەرانی کورد بکات، بکەوێتە خانەی ترسنۆکەکانەوە، ئەویشی بووبێتە ئەندامی یەکێتییە عێراقییەکە، بکەوێتە خانەی دلێرانەوە. ئەگەر نەچوون بۆ کۆنگرە، پاش پڕکردنەوەی ئیستیمارە، هەڵوێستێکی دلێرانەیە، کەواتە بۆچی هەڵوێستی ئەوانەی نە ئیستیمارەیان پڕ کردەوە و نە بۆ کۆنگرە چوون، دلێرانەتر نەبێت!

مارکسییەکان بڕوایان بە پاشەکشێی ڕێکوپێک هەیە، لینین لەو بوارەیشدا داهێنانی کردووە، بۆیە پاش نسکۆی شۆڕشی ١٩٠٥ - ١٩٠٧ هۆشیارانە حیزبەکەی دەرباز کرد و بۆ ڕابوونی داهاتوو گورجی کردەوە. لە شەڕی پارتیزانیشدا، کەس نکووڵی لە پاشەکشێی ڕێکوپێک نەکردووە، بەڵام پاشەکشێی ڕێکوپێک شتێکە و هەڵاتن لە مەیدانی شەڕ شتێکی دیکەیە. پاشەکشێی ئەو چەند نووسەرە لە کۆنگرە، هەڵاتن بوو، نەک هەڵوێستی دلێرانە. مەکیاڤیللی دەڵێت: (پێویستە ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەکەیت کە لە ناچارییەوە داوتە.)(٧) ئەو چەند نووسەرەیش لە ناچارییەوە و لە ترسی ڕژێم ئیستیمارەیان پڕ کردەوە و هەر لە ناچاریشەوە، بەڵێنیان بە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دا کە دەچنە کۆنگرە و دەیقەومێنن، بۆیە لە بەڵێنەکەیان پاشگەز بوونەوە. مەکیاڤیللی دەڵێت: (ئەو میرەی نیازی پاشگەزبوونەوەی هەبێت، لەسەر بیانوو پەکی ناکەوێت.) بیانووی ئەو چەند نووسەرە ئەوەبوو: ئەوەی لە بەغدا بەسترا، کۆبوونەوەی گشتی بوو، کۆنگرە نەبوو!
*
(١) لینین، خطوه‌ إلی الأمام خطوتان إلی الورا‌ء ص٢٠٠
(٢) نفس المصدر ص٢٤٥
(٣) أرنست ماندل، مارکسیه‌ تروتسکي، ص٧٧
(٤) فهد، حزب شیوعي لا إشتراکیه‌ دیمقراطیه‌.
(٥) لینین، حول إشراک الجماهیر في إداره‌ الدوله‌، من الأفظل أقل، شرط أن یکون أحسن. ص٢٤٦
(٦) توني کلیف، الحزب والطبقه‌، ص٥٢
(٧) مکیافیلی، مطارحات، ص٧٤٩
(*) دۆما: پەرلەمان.