ئەوەی تەورات دەیكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەبار جەمال غەریب 19/09/2021

ئەوەی تەورات دەیكات

ئەو گەمە چیرۆكیە یان ئەفسانەیەی تەورات لەگەڵ فیرعەون دەیكات، هەم لەسەر ئاستی چیرۆك و هەم لەسەر ئاستی ڕووداو نزم و بێ كاریگەرییە. گۆچان دەكاتە مار و ئاو دەكاتە خوێن و وڵات پڕ دەكات لە بۆق، دانایانی فیرعەونیش هەمان كار دەكەن و نهێنییەك لە موعجیزەكاندا نامێنێ. موعجیزە كاتێك كاریگەریی هەیە كە تاقانە بێت و هێزێكی زەمینی نەتوانێ دووبارەی بكاتەوە.

- ئەو مەبەستەی موعجیزەكەشی لەپێناودا خولقاوە. سادەیە و داواكارییەكی بچووكە، بە بەراورد بە جیهانی مرۆڤایەتی بە گشتی.
- جگە لە سێ موعجیزەكە یەزدان یازدە كارەساتی قورس بەسەر فیرعەون و میسریەكاندا دەهێنێ:
بەخوێنكردنی ئاوی نیل و داگیركردنی خاكی میسر بە بۆق و مێشوولە و مێش و دەردە مەڕوماڵات و دوومەڵ، تەرزە و دابارینی تاریكی و مردنی نۆبەرە، ئەوانەش تاكە موعجیزەن كە جگە لە نماییش هیچ مەبەستێك و ئەنجامێكی دیكەیان لە پشتەوە نییە و یەزدان ئەوەی ئاشكرا كردوە، كە سەرەڕای موعجیزەكان (من دڵی فیرعەون بەرانبەرتان ڕەق دەكەم)

هەمووشیان بۆ نیشاندانی دەسەڵات و قودرەتی خۆیەتی.
. هەموو موعجیزەكان بۆ نیشاندانی قودرەتی خودان.
. هەموو زیانیان هەیە، جۆرێكن لە كارەسات.
. هەموویان جیاوازی دەكەن لە نێوان گەلی میسر و گەلی ئیسرائیلدا
. كارەسات یان موعجیزەی یازدەهەم.

مردنی نۆبەرە

{یەزدان ئەمە دەفەرمووێت: من لە دەوروبەری نیوەشەودا دێمە ناو میسر. هەموو نۆبەرەیەك لە خاكی میسر دەمرێت، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە كە لەسەر تەختەكەی دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو كەنیزەیەی لەپشت دەستاڕە، نۆبەرەی هەموو ئاژەڵێكی ماڵییش. هاوارێكی مەزنیش لە هەموو خاكی میسردا دەبێت كە وەك ئەوە نەبووە جارێكی دیكەش نابێت، بەڵام بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل تەنانەت سەگیش پێیان ناوەڕێت، نە بە خەڵك و نە بە ئاژەڵ، بۆ. ئەوەی بزانن یەزدان جیاوازی لەنێوان گەلی میسر و ئیسرائیلدا دەكات. تەورات، دەرچوون، ١١}.

دەبێ هەمیشە ئەوەمان لەبیر بێت ئەوە سەرەتاكانی دەركەوتنی یەزدانە بۆ مرۆ:
- یەزدان دێتە ئاستی ئینسان.
- پەیوەندییەكەی خێرایە و زوو وەڵام دەداتەوە.
- شوێنی دەركەوتنی دیارە.
- لەو پەیامەدا شوێنی دەركەوتنی خۆی دەگۆڕێت (لە دەوروبەری نیوەشەودا دێمە ناو میسر) جگە لە شوێنەكەی كاتەكەشی دیاری دەكات، كە ئەوەش جارێكی دیكە بۆ هیچ پەیامبەرێك دووبارە نابێتەوە.
- دابەزینی یەزدانیش بۆ كوشتنی هەموو نۆبەرەیەكی میسرییەكانە. نۆبەرەی ئاژەڵ و ئینسان، كۆیلە و پادشا.

شەڕی هێزەكان

- لەو بەشەی تەوراتدا دوو هێزی ڕكابەر هەن، هێزی فیرعەون و هێزی یەزدان. بەوە چیرۆك دروست نابێت، چیرۆك لە كێشەدا هەیە، چیرۆك لە ململانێدا گەشە دەكات، نووسەر و داهێنەری چیرۆكەكە یەزدان خۆیەتی، كە خۆشی بەشێكی گرنگی چیرۆكەكەیە، هەر بۆ خۆی ڕۆڵی یەكە یەكەیان دیاری دەكات، هەتا ڕۆڵی فیرعەون كە بەزۆر كراوە بە ڕكابەری یەزدان.

- كێشەی سەرەكیی چیرۆكەكە ڕزگاركردنی گەلەكەی خۆیەتی، لە چیرۆكەكەدا یەزدان مرۆڤی دابەش كردووە، بەسەر گەلی یەزدان و گەلی فیرعەوندا. ڕەسمی شەڕ و ململانێكان بۆ خۆی دەكات، موعجیزەكان كە وردەكاریی چیرۆكەكە و ململانێكەشن.
- فەرمانی كوشتنی هەموو لەدایكبوویەكی ئیسرائیلی بە فیرعەون دەردەكات، ڕێگای رزگاریی فیرعەونیش نیشانی دایكی دەدات.
- مووسا و هاڕون دەنێرێ بۆ لای فیرعەون و هەر بۆ خۆیشی دڵڕەق دەكات تا بە قسەیان نەكات،
- هێزی موعجیزە دەداتە مووسا و توانای هەمان شت دەداتە دانایانی فیرعەون.

ئینسان لە سادەیی خۆیدا دەپرسێ: ئەرێ ئەو گەمەیە چییە؟ یەزدان هێزیك بەكار دەهێنێ كە هەموو نۆبەرەی میسرییەكان بمرن، بە نۆبەرەی ئاژەڵیشەوە، بێ ئەوەی ئیسرائیلیەكان هیچیان بەسەر بێ، هەتا كەس بتوانێ قسەیەك بە ئاژەڵەكانیشیان بڵێ. دیسانەوە ئینسان لە سادەیی خۆیەوە دەپرسێ: خۆ بۆ رزگاركردنیان هەر لە سەرەتاوە موعجیزەیەكی ئاوا بەس بوو؟

- ئەوەی جیگای سەرسوڕمانە لەو چیرۆكەدا، دەتوانم بڵێم لە بەشی هەرە زۆری چیرۆكە هاوشێوەكاندا، ئەوەیە یەزدان كاتێك دەردەكەوێت كە دەیەوێ ئینسان سزا بدات. لە چیرۆكی نووحدا بۆ بەرپاكردنی تۆفان و لافاو دەردەكەوێت، لە چیرۆكی ڵووتدا بە هەمان شێوە بۆ ئاگر و قوڕقوشم بارانكردنی شاری سەدووم و عامووڕا دێتە خوارێ.

- بۆ میسریەكانیش كاتێك دێتە خوارێ كە دەیەوێ نۆبەرەكانیان لەناو بەرێ.
- پرسیارە سادەكە ئەوەیە، كە یەزدان بە دەستێكی پڕ بەرەكەتەوە هاتبایە خوارێ كاریگەریی زۆرتر نەدەبوو؟
- لەجیاتی ئەوە هێزێكی دابایە ئیسرائیلیەكان بە هەر شوێنێكدا ڕۆیشتبان نەخۆشەكانیان چاك بووبانەوە! یان بەلای كەمەوە وەك ئاژەڵەكانیان كەس نەیتوانیبا ڕێگەیان لێ بگرێ.
یەزدان دەفورمووێت:
{ئیتر هەموو خزمەتكارەكانت دێنە لام و كرنۆشم بۆ دەبەن، و دەڵێن ”بڕۆن خۆت هەموو ئەو گەلەی لە دوای تۆن“ ئیتر لەدوای ئەو ئێرە بەجێ دەهێڵم و دەڕۆم. تەورات، دەرچوون}

. بنەمای دەرچوون، بەشی دووەم تەورات، لەسەر ڕێگادان بە نەتەوەی ئیسرائیل بە كۆچكردن دامەزراوە، بۆ ئەوە ڕێگادانەش خودا جگە لە ناردنی مووسا و هاڕوون و دابەزینی خۆی و هاتنە ناو خاكی میسر، 10 كارەساتی دیكەی بۆ خولقاندو,ە، ئەوەش چەند پێویستی بە وشە و سیناریۆ و گێڕانەوە هەیە ئەوەندە پێویستی بە كاتە، لە كۆتایdدا دەبێ گەلی ئیسرائیل لە میسر بێنە دەرێ، چونكە خودا بڕیاری داوە، بەڵام چۆن؟ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی گەورەدا كە مێژوو تا ئەمڕۆ خەریكی ساغكردنەوەیەتی.