كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

 وێڕای سەختیی ژیان، ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بارگەی خەمی كوژرانیشیان لە كۆڵ ناوە

لە هەشت مانگی ئەمساڵدا ٢٩ ژن بە پاساوی جۆراوجۆر كوژراون

توندوتیژیی ڕەگەزی لە جیهاندا زیاتر لە هەموو مەترسییەکی دیکە بووەتە هۆکاری کوشتنی ژنان. ڕێژەی ئاماری دەربارەی کوشتنی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە بیانووی ''کێشەی خێزانی'' و ''پاراستنی نامووس''ـەوە زۆر بەرچاوە. بەگوێرەی ئاماری ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو)، لە هەشت مانگی ڕابردووی ساڵی ٢٠٢١دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٩ ژن بەهۆی جۆراوجۆرەوە کوژراون.

بەپێی ئەو ئامارە، پێنج کەس لەو ژنانە لەژێر ناوی ''پاراستی نامووس''دا، یەک ژن بەهۆی کێشەی دەروونیی هاوسەرەکەی، سێ ژن لەلایەن کەسانێکەوە کە بۆ دزی چوونەتە نێو ماڵەکانیان و ئەوانەی دیکەش بەهۆی ''کێشەی خێزانی''یەوە کوژراون کە ئەم بابەتەی دواییش زۆر جار لەژێر ناوی ''پاراستنی نامووس''دا پۆلێن دەکرێت.

ئامارەکەی (هەنگاو) ئاماژەی بەوەش داوە کە ١٠ کەس لەو ژنانە لە پارێزگای کرماشان، نۆ کەسیان لە پارێزگای سنە، شەش کەس لە پارێزگای ئیلام و چوار کەسیش لە پارێزگای ورمێ کوژراون.

یاسا و مەترسییەکانی توندوتیژیی ڕەگەزی

چالاکانی بواری مافی ژنان پێیان وایە بە هۆکاری جۆراوجۆر دیاردەی مەترسیداری ''توندوتیژیی ڕەگەزی'' لەلایەن بەرپرسان و یاسادانەران و تەنانەت ڕای گشتییەوە پشتگوێ خراوە، بۆ ئەوەی سرنجی کۆمەڵگە لەسەر هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشە گرنگە بە لاڕێدا ببرێت.

ژیلا موستەئجر، چالاکی مافی ژنان، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو)، لە وەڵامی پرسیاری (باسنیوز)دا سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ بابەتی کوشتنی ژنان و بەگشتی توندوتیژیی ڕەگەزی لە یاساکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تاکوو چ ڕادەیەک وەکوو تاوان سزای بۆ دانراوە، گوتی: ''ئەگەر لە ڕوانگەی یەکسانیی ڕەگەزییەوە لێی بڕوانین بەشی زۆری ماددە یاساییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تایبەت بە پیاون و بەشێکیشیان بە دیاریکراوی تایبەت بە ژنانن کە جیاکارییەکی زۆر زۆر زەق و بەرچاویان تێدا بەدی دەکرێت، ئەمەش لە کاتێكدایە کە لە زۆر یاسا و جاڕنامەی جیهانیدا هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە وەکوو مرۆڤ پێناسە کراون.''

No description available.

ئەو چالاکەی مافی ژنان ئاماژەی بەوەش دا: ''بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ژنان ناتوانن لە بەشێکی زۆری کار و چالاکییەکانی ڕۆژانەدا، وەکوو کاروباری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەشدار بن، بۆ نموونە لە زۆربەی ناوەندەکانی دەسەڵاتدا، یان لەو ناوەندانەدا کە تایبەت بە داڕشتنی یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگەن، ژنان مافی ئەندامیەتییان نییە و ناتوانن لە داڕشتنی یاساکاندا ڕای خۆیان هەبێت، ئەم بابەتە خۆی یەکێک لە گەورەترین حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی ژنانە کە ناتوانن لە ناوەندە گرینگەکانی پەیوەندیدار بە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان بەشدار بن.''

ژیلا موستەئجر گوتیشی: ''بەشێکی دیکەی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتەواوەتی دژی ماددەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤن و بە دیاریکراوی مافی منداڵان و مافی ژنان پیشێل دەکەن. ئەم یاسایانە ڕێ بە ژنان نادەن کە تەنانەت لە چوارچێوەی بنەماڵە و خێزانیشدا کەرامەت و ئازادییان پارێزراو بێت، پیاوان بە دەسەڵاتداری سەرەکی لە ناوەندی خێزاندا پێناسە دەکرێن و بڕیاری کۆتایی لە دەستی باوک، برا و مێرددایە. توندوتیژی دژ بە ژنان بەیاسایی کراوە و بەپێی یاسا هیچ بەربەستێک بۆ لێدان و کوشتنی ژنان لەبەردەمی توندوتیژیکەردا نییە، ئامارەکانی تایبەت بە ڕێژەی توندوتیژی، بەتایبەت کوشتنی ژنان و منداڵان لە ئێران و لە کوردستانیش دەرخەری ئەوەن کە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر پێشگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان ناکەن، بەڵکوو سزای سووک و زیاتریش نەبوونی هیچ سزایەک هاندەری پیاوانن و بە شێوەیەک لەلایەن یاساوە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و دەپارێزرێن.''

هۆکارە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی پەرەسەندنی توندوتیژیی ڕەگەزی

هەر لەم بارەیەوە، سوێسنە ئیسماعیل‌نژاد، چالاکی مافی ژنان لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەبارەت بە کاریگەریی بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان لە پەیدابوونی توندوتیژیی ڕەگەزی و دیاردەی کوشتنی ژنان لەژێر ناوی پاراستنی نامووسدا بە (باسنیوز)ی گوت: بیانووی پاراستنی نامووس و شەرەف وەک فۆرمێک لە توندوتیژیی ڕەگەزی دژی ژنان کە زۆر جار بە کوشتنی ژن کۆتایی دێت، لە ناشوێندا ڕوو نادات و کۆنتێکستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی کۆمەڵگە تێیدا کاریگەرە. ئەم دیاردەیە سەرەڕای ئەوەی هەموومان زۆر جار بە بێز و بێزارییەوە باسی دەکەین لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدات. دیاردەیەکیش نییە تەنها لە شوێنێکی دیاریکراو، یان کەلتوورێکی دیاریکراودا هەبێت، بەڵکوو بەداخەوە لە زۆربەی زۆری کۆمەڵگەکاندا هەبووە و ئێستاش لە زۆر کۆمەڵگەدا هەیە، بەڵام کە باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، بێگومان کەلتووری کۆمەڵگە و ئایین و یاسا سێ هۆکاری سەرەکین بۆ بوون و پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە کە بریتین لە:

No description available.

- پاشخانی کەلتووریی کۆمەڵگەی ئێمە زۆر لە کەلتووری خێڵەکی و پیاوسالاری دانەبڕاوە و لەم کۆمەڵگەیەدا تا ئێستاش بە لانی زۆرەوە تێڕوانینی پیاومەزنی و دەرەبەگایەتی بەسەر هەڵسوکەوت لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا زاڵە، ئەوەش لە ڕاستیدا پێشێلکردنی مافی ژنە کە پێکهێنەری نیوەی کۆمەڵگەیە و ئەگەر ژنێکیش بەرهەڵستی بکات، بەرهەڵستییەکەی وەکوو لادان لە کەلتووری کۆمەڵایەتی لەقەڵەم دەدرێت و بە شێوەیەکی توندوتیژ سەرکوت دەکرێت. بێجگە لەوەش، تاکوو ئێستا نەتوانراوە نە لە ئێران و نە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بابەتی توندوتیژیی ڕەگەزی و کوشتنی ژنان بە بیانووی پاراستی نامووس و شەرەفەوە بکرێت بە بابەتێکی گەورە لە بیر و ڕای گشتیی کۆمەڵگەدا، بۆیە هیچ ئاسانکارییەکیش بۆ گۆڕینی ئەو یاسا و نەریتانە نییە کە بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕێ بۆ توندوتیژی دژی ژنان خۆش دەکەن.

- ئایینیش وەکوو بەشێک لە کەلتوور و دابونەریتی کۆمەڵایەتی، کاریگەریی خۆی هەیە. ئایینی زۆرینە و زاڵ بەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئیسلامە و کۆمەڵێک چەمکی وەکوو نامووس، شەرەف، حەیا، باڵاپۆشی، پاکداوێنی و ...هتد، کە بە هێمای کەلتووری ئیسلامی لەقەڵەم دەدرێن، سیستەمی پەیوەندیی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا دیاری دەکەن و زۆربەی لێکدانەوەکان و تەنانەت یاساکانیش لەسەر ئەو تەئویلە ساغ دەبنەوە کە نامووس و شەرەفی پیاو و خێزان لە کۆنترۆڵکردن و خاوەنداریەتیی جەستەی ژندا واتا پەیدا دەکات، بۆیە هەرچەشنە لادانێکی ژن لە واتای ئەو چەمکانە، بە گوناه و تاوان دادەنرێت و ڕێ بۆ توندوتیژی دژی ژن خۆش دەکات.

- هۆکاری سێیەم کە بوار بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان خۆش دەکات، یاسایە. لەبەر ئەوەی لێرە یاسا لەژێر هێژمۆنیی دەسەڵاتی سیاسیدایە و لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین سیاسەت یەکێکە لە هۆکارەکانی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بکوژانی ژن لەلایەن یاساوە سزای شیاو وەرناگرن، زۆربەیان دوای ماوەیەکی کەم ئازاد دەکرێن، زۆر جاریش لەبەر ئەوەی سەرپەرشتی خێزانن ئازاد دەکرێن و سزا نادرێن.