کەلاوەنشینی، برینێکی بەسۆی کۆڵانە قوڕاوییەکانی سنە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کەلاوەنشینی، برینێکی بەسۆی کۆڵانە قوڕاوییەکانی سنە

لە سنە 850 خێزانی بێ خانوو مانیان گرتووە

مام عەبدوڵا ئەحمەدی تەمەن 70 ساڵ، جووتیارە دەستڕەنگینەکەی جاران، کە لە ژاوەرۆی سنە لەسەر مەزرا و زەویوزاری گوند، خۆی و خاو و خێزانی بێخەم دەژیان، ئێستا بە خۆی و حەوت منداڵەوە بێکارە و لەناو خانوویەکی داڕووخاوی شارەدێی نایسەر لە نزیک سنە دەژیت و دەڵێت لەم دۆخەدا هیچ هیوایەکمان بە داهاتوو نییە و بەدوای ئاسوودەییدا کۆچمان کرد، کەچی ئێستا کۆڵێ دەرد و ژانی ساڕێژنەبوومان بە کۆڵەوەیە.

 مام عەبدوڵا نموونەیەکی بەرچاوی چیرۆکی ژیانی سەدان هەزار خێزانی هەژار و بێدەرەتانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی سنەیە.

لە سنە 850 خێزانی بێ خانوو مانیان گرتووە

No description available.

850 خێزانی خەڵکی سنە کە بێ خانوو و کرێچین، لەبەر کەمتەرخەمیی دامەزراوەی سندووقی هاوکاری، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوەی سنە بە هەڵدانی خێوەت مانیانیان گرتووە و ناڕەزاییان دەربڕیوە.

بەپێی زانیاریی میدیا خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو 850 بنەماڵه کرێچییه دەڵێن لە ساڵی 2011وە پارەیان لێ وەرگرتوون کە خانوویان بۆ ساز بکەن، بەڵام هەتا ئێستا نەتەنیا خانوویان بۆ ساز نەکراوە، تەنانەت کەسیش وەڵامدەری داواکارییەکانیان نییە و ئێستا وەیلان بوون.

10 ساڵە پارەیان لێ وەرگرتوون و ئێستا بێ وەڵامن

ئامانجی ئەو خێزانە کرێچییان لەو مانگرتنە بە میدیاییکردنی وڵامنەدانەوەی بەڕێوەبەرانی سندووقی هاوکاریی خانوبەرە، بەڕێوەبەرایەتیی ڕگەوبان و شارسازیی و بەرپرسانی پەیوەندیداری سنەیە کە بەڵکوو لەو ڕێگەیە چارەنووسی پارە لێسەندراوەکانیان ڕوون ببێتەوە.

بە گوتەی هێندێک لەو هاووڵاتییانە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، ساڵی 2011 سندووقی هاوکاریی خانوبەرە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبان شارسازیی سنە پێنج هەتا 10 ملیۆن تەمەن پارەیان لی سەندوون، بەڵام تا ئێستا بێ خانووین.

سنە لە پەراوێزنشینیدا لە ئێران پلەی یەکەمی هەیە

لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەهۆی پەرەسەندنی شاری سنە و دروستکردنی دەیان کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و فراوانبوونی کولتووری ژیانی ناو شوقە و باڵەخانە، لە بەرانبەردا توێژی هەژار و کەمداهاتیش زۆرتر بووە.

لەمبارەوە حشمەتوڵا سەیدی سەرۆکی شارەوانیی سنە لە لێدوانێکدا بۆ ئیرنا (ماڵپەڕی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) ئاشکرای کردووە: "بەداخەوە لە ئاستی ئێراندا سنە لە پرسی پەراوێزنشینی و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک بە شێوەی ناستاندار و ناتەندروست و نافەرمی، پلەی یەکەمی هەیە و لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران کەمتر بەرچاو دەکەوێ کە خەڵک بەو شێوەیە و لەو شوێنە مەترسیدارانە بژین".

No description available.

کۆچی گوندنشینان

مەسعوود حەبیبی کۆمەڵناس لەمبارەوە لە هەفتەنامەی خەبەری کوردستان پرژاوەتە سەر هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شێوەی نیشتەجێبوونی پەراوێنشینی لە سنە و دەڵێت: "کۆچی نابەجێ و ناچاریی گوندنشینانی ناوچەکانی ژاوەرۆی سنە و دێگولان و دیواندەرە و کامیاران و دەوروبەری سنەیە بۆ ناوەندی شار کە مەبەستیان دۆزینەوەی کار و پەیداکردنی بژیوە، هۆکاری سەرەکییە و بەگشتی خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی گوندەکان کە بەدوای ژیانێکی ئاسوودەدا کۆچیان کردووە ئێستا لەناو قەیراندا چەقیون".

ئەو کۆمەڵناسە ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەرین و فراوانبوونی پانتایی شار، هەروەها زۆریی دانیشتوان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی شار لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و نەگرتنەبەری پلانی ستراتیژیی بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە بەگشتی دەکرێ بگوترێ شاری سنە بە شێوەیەکی خێرا و ناستاندار گەورەتر بووەتەوە و ئەمەش بووەتە سەرچاوەی قەیران و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان کە زیاتر لەو گەڕەکە پەراوێزانە ڕوو دەدەن".

مەسعوود حەبیبی ڕاشیگەیاندووە: "گرانبوونی زەویی نیشتەجێبوون و چوونە سەرەوەی کرێ خانوو، هەروەها ڕۆتینە ئیدارییەکان و گرانیی کەلوپەلی خانوبەرەش هۆکارن، هەڵبەت پرسی دروستبوونی حاشیەنشینی لە سنە بەپێی پێکهاتەی داینشتوانی ئەم شارە پێشتر پێشینەی هەیە و لە دوو دەیەی 70 و 80ی زایینی بەهۆی شەڕ و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەڕەکگەلێکی هەرژانشینی وەک: غەفوور، زۆرئاوا، گوڵشەن، تەقتەقان، کانی کووزەڵە و شەریف‌ئاوا دروست بوون و ئێستاش شێوازەکە گۆڕاوە و هۆکارەکانیش شتی دیکەن".

No description available.

 تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان لەو شوێنانە زۆرترە

لەمبارەوە عەبدوڵا ئەحمەدی، خێزاندار و خاوەن حەوت منداڵ کە پێشتر لە گوندێکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە سەرقاڵی کشتوکاڵ بووە و بەهۆی پرۆژەی ەبنداوی ژاوەوە زەویوزاری بووەتە ژێر بەنداوەوە و ئێستا لە شارەدێی نایسەری نزیک سنە نیشتەجێیە، بە پێگەی هەواڵی دانا_ی ڕاگەیاندووە: "ئێمە ئێستا لە نزیک سنە و لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، خۆم و چوار کوڕم بێکارین و لە خانوویەکی داڕووخاو و پڕمەترسیدا دەژین، لەڕووی تەندروستییەوە شوێنەکە بۆ ژیان ناشێت و داهاتوومان ناڕوونە و هیچ هیوایەکمان بەم ژیانە نییە".

ئاماژەی بەوەش کردووە: "جیا لە بێکاری و نەبوونی داهات و سەرچاوەیەکی بژیو، شارەدێی نایسەر بووەتە شوێنی حەوانەوەی کەسانی مەترسیدار و شەڕانی و تووشبوانی مادە هۆشبەرەکان، هەر بۆیە ژیانی ئێمە و سەدان خێزانی دیکەی هاوشێوەی ئێمە هیچ گرەنتییەکی نییە و شوێنی ژیانمان بەرییە لە هەموو خزمەتگوزارییەک و لەڕووی تەندروستیشە خۆمان و منداڵمان لە مەترسیدا دەژین".

ڕۆژانە زیاتر لە 50 تۆن زبڵ کەڵەکە دەکرێت

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئیسنا (ماڵپەڕی نیوە فەرمیی ئێران) تەنیا لە شارەدێی نایسەر ڕۆژانە زیاتر 50 تۆن زبڵ و پاشەڕۆ کەڵەکە دەکرێن، نەبوونی خزمەتگوزاری و کۆنەکردنەوەی بەردەوام و نەبوونی خەمخۆرێک بۆ باری تەندروستی بووەتە مەترسییەکی جدی لەسەر خەڵکە هەژارەکە.

بەشێکی زۆر لە خیزانەکانیش جیا لەوەی کەمداهات و بێکار، کەچی منداڵیان زۆرە و نەبوونی پەروەردەیەکی دروست و سەردەمیانە، بووەتە مەترسییەکە لەسەر داهاتووی منداڵی ئەو خیزانانە و منداڵانی بێنازیش شوێنی یاری و حەوانەوەیان ناو کۆڵانە قوڕاوی و سەر زبڵ و خاشاکە کەڵەکەبووەکانە.

No description available.

بەپێی ناوەندی ئاماری پارێزگای سنە، تەنیا شاری سنە کە زیاتر لە 600 هەزار دانیشتوی هەیە، لانیکەم نیوەی دانیشتوانەکەی لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان کە بە ژیانی پەراوێزنشینی ناسراوە دەژین، جیاواز لە ناوچەکانی دەوروبەری شار، هاوکات لەناو شارەکەش چەندین گەڕەکی هەژارنشین هەیە کە خێزانگەلێکی هەژار، بێکار لەناو جۆرە خانووگەلێکی دارووخاودا دەژین کە هەندێکی لە کۆخ دەچێت و بە تەنەکە و کەلوپەلی کۆن ساز کراون کە گەڕەکەکانی عەباس‌ئاوا و کانی کووزەڵە دوو نموونەی دیار و بەرچاون.

نەبوونی خزمەتگوزاری

چەند گوندێکی نزیکی شاری سنە، بەهۆی بەرینتربوونەوەی شار ئێستا بوونەتە شوێنی ژیانی خێزانە هەژار، بێکار و کەمداهاتەکان کە ئێستا بوونەتە شارەدێ و هیچ سیمایەکی گوندیان پێوە نەماوە، کە دەکرێ ئاماژە بە گوندەکانی نایسەر، نەنەڵە، گرێزە، ئاساوڵە، دووشان، قار، سەراوقامیش، حەسەن‌ئاوا بکەین کە خێزانە هەژار و فەقیرەکان تێیدا نیشتەجێن و بەپێی ئامارێک تەنیا لە شارەدێی نایسەردا 75 هەزار کەس لە ژیانێکی ناستانداردا دەژین. هەرزانیی زەوییەکان و دروستکردنی خانوو بە شێوەی نایاسایی کە هیچ مەرجێکی تەندروستی و بیناسازیی تێیدا ڕەچاو ناکرێت، بووەتە هۆکارێک بۆ تەشەنەکردنی ژیانی پەراوێزنشینی.

No description available.

نەبوونی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبای حکوومی و نەکێشانی خزمەتگوزاریی جادە و ڕێگەوبان، دۆخێکی وای خولقاندووە کە لە وەرزەکانی سەرما و سۆڵە و بەفر و باراندا شوێنەکە دەبێتە قوڕ و چڵپاو کە بۆ ژیانی مرۆڤ ناشێت، بەڵام خەڵکی هەژار لە ناچاری تێیدا بەسەر دەبەن.

حەوانەوەی باندەکانی دزی

ئەگەر مرۆڤی بە وردی سەرنجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بدات و چەند ساتێک بەدواداچوون بکات، بە دەیان دیمەن و وێنە و ڤیدیۆی هەژێنەری ژیانی ئەو خێزانە کەمداهات و بێکارانەی نایسەر، دووشان، نەنەڵە و ئاساوڵە و گەڕەکە هەژارەکانی دیکەی سنە دەبینێت، هاوکات ئەو ناوچانە بوونەتە شوێن و بازاڕێک بۆ فرۆشیاران و بەکارهێنەران و تووشبوانی مادە هۆشبەرەکان و بە سەدان کەسی تووشبووی بێ لانە و کەسانی قۆڵبڕ و باندە دزییەکان لەناو کەلاوە و خانووە بێ تاپۆ و ناساتندارەکاندا دەژین. بەگشتی ئەو گەڕەکانە جیا لەوەی لەڕووی تەندروستییەوە بۆ ژیانی خەڵک مەترسین، هاوکات سەرچاوەی قەیرانی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی بێکاری و نەخۆشی و هۆکارێکن بۆ خراپبوونی باری دەروونیی دانیشتوان و دەوروبەری.

غبار محرومیت دور تا دور نواحی منفصل شهری «نایسر» کردستان/ 110000 نفر در  برزخ شهر و روستا ماندند+ تصاویر- اخبار کردستان - اخبار استانها تسنیم |  Tasnim