خالید عەزیز، کاندیدی پارتی: عەرەبەكان دەڵێن ئیرەیی بە كورد دەبەین كە سەرۆكێكی وەك سەرۆك بارزانی-یان هەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

خالید عەزیز، کاندیدی پارتی: عەرەبەكان دەڵێن ئیرەیی بە كورد دەبەین كە سەرۆكێكی وەك سەرۆك بارزانی-یان هەیە

خەڵكی مووسڵ دەنگ بە پارتی دەدەن

خالید عەزیز عەلی، ناسراو بە خالید عوجبە، کاندیدی ژمارە ٤٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ٥ی نەینەوا بە (باسنیوز)ی راگەیاند، بەشێکی زۆری خەڵکی دەڤەرەکە هەڵوێستی ئەرێنیی خۆیان بەرانبەر بە ئەو نیشان داوە و ڕایانگەیاندووە کە وەک وەفادارییەک بۆ هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی و پارتی، دەنگی پێ دەدەن.

خالید عەزیز لەبارەی هۆکاری خۆکاندیدکردنی بۆ پەرلەمانی عێراق لە بازنەی دەوروبەری مووسڵ بە (باسنیوز)ی گوت: "من خەڵکی گوندی عوجبەم لە ناوچەی گەیارە، ژیانی منداڵی و گەنجی و قۆناغەکانی خوێندم لەوێ تەواو کردووە، ئێستا دەمەوێت ببمە پردێک لە نێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتیش پارێزگای نەینەوا، دەمەوێت خەڵکی ئەو ناوچەیە لە هەرێمی کوردستان نزیک بکەمەوە و بەپێی شارەزاییم لەو ناوچەیە، ئاگادارم کە زۆر پشتگوێ خراوە و کاربەدەستانی و حكوومەتی عێراق ئاوڕیان لە داواکاریی خەڵکی ناوچەکە نەداوەتەوە و پڕۆژەیەكی ئەوتۆی خزمەتگوزاریی لێ جێبەجێ نەكراوە، لە کاتێکدا کە ئەو ناوچەیە بەهۆی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی ساڵانی ڕابردووەوە زیانێکی زۆری پێ گەیشتووە''.

کاندیدی ژمارە ٤٧ی پارتی ئاماژەی بەوەش دا کە مووسڵ بەهۆی تیرۆریستانی داعشەوە بووەتە وێرانە و ئێستا کە ئازادیش کراوە، هەر بە وێرانەیی ماوەتەوە، بەڵام ئەو دەیەوێ "وەک کوردێک متمانە بەدەست بهێنم و خزمەتی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکەم و وا بکەم هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ئاوەدان بکرێتەوە".

 

زۆرینەی دەنگدەرانم عەرەبن

خالید عەزیز سەبارەت بە دەنگدەرەکانی ڕوونی کردەوە: "بەشێكی دەنگدەرەکانی من کوردانی خەڵکی گوندی عوجبەن، بەڵام زۆرینەشیان دەنگدەرانی عەرەبن و بەهۆی ئەوەی کە من تێکەڵییەکی زۆرم لەگەڵیان پەیدا کردووە، بۆم دەرکەوتووە کە خەڵکی ناوچەکە هەڵوێستێکی زۆر ئەرێنییان بەرانبەر بە کورد بەگشتی و سەرۆک بارزانی بەتایبەتی هەیە و متمانەیان بە سەرۆک بارزانی و هەوڵەکانی هەیە، چەندین جار خەڵکی دەڤەرەکە پێیان ڕاگەیاندووم، ئیرەیی بە کورد دەبەن کە سەرۆکێکی وەک سەرۆک بارزانیمان هەیە".

ئەو کاندیدەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا، کە سەرەتا خۆی لە دەڤەرەکە کاندید کردووە لەو باوەڕەدا نەبووە خەڵکی ناوچەکە هاوسۆزییەکی ئەوتۆیان بۆ کورد و پارتی هەبێت، بەڵام ئێستا هاووڵاتیانی دەڤەرەکە هەڵوێستێکی ئەرێنی و بەرچاویان بەرانبەر بە ئەو، وەک کاندیدێکی کورد و پارتی هەیە و دەشڵێت: "خەڵکی دەڤەرەکە هەڵوێستی سەرۆک بارزانییان سەبارەت بە هاوکاریکردنیان لە کاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچەکە لەبیر نەکردووە و ئێستاش دەیانەوێت لەبەرانبەر ئەو هەڵوێستەدا وەفا بنوێنن".

خەڵکی مووسڵ هیوای ئارامیی وەک هەرێمی کوردستان دەخوازن

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق بەگشتی و و سنووری پارێزگای مووسڵ بەتایبەتی، خالید عەزیز گوتی: "ئاستەنگەکان لێرە زۆرن بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکە لەژێر دەستی عەرەبە و هیچ دامودەزگایەکی پارتیی لێ نییە و ئەندامی فەرمیی پارتی لێ نییە بۆ ئەوەی لە بانگەشەدا هاوکاری و کارئاسانیمان بۆ بکات، هەموو کارەکانی بانگەشە بۆ خۆمان دەیکەین، بەڵام ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تاوەکوو کورسییەکی پەرلەمان مسۆگەر بکەین".

کاندیدی ژمارە ٤٧ی پارتی ڕایشیگەیاند: "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە هەیە و باوەڕ و متمانەیەکی زۆریان بە ئێمە و ڕابردووی ئێمە و سەرۆک بارزانی هەیە و سەیر دەکەن کە هەرێمی کوردستان چەند ئارام و ئاوەدانە، هیوا دەخوازن ناوچەکەی ئەوانیش وای لێ بێت و ئێستا هیوایان بە منە کە بتوانم هاوشێوەی هەرێمی کوردستان خزمەت بەو دەڤەرە بکەم".

سەرۆک بارزانی دژی ناکۆکیی تائیفییە

سەبارەت بەو پرسیارەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لەو حزبانەی وا زۆرترین هەوڵی بۆ نەهێشتنی ناکۆکییە تائیفی و نەتەوەییەکان داوە، کاندیدبوونی کوردێک لەنێو جەرگەی ناوچەیەکی عەرەبنشین، چ کاردانەوەیەکی لێ کەوتووەتەوە؟ ئەو کاندیدەی پارتی ڕایگەیاند: "هەڵوێستی سەرۆک بارزانی هەمیشە هەڵوێستێکی جوامێرانە و دژی شەڕی تائیفی و نەتەوەیی بووە، ئێمەش دەتوانین ئەوەیان بۆ بسەلمێنین ئەگەر سەرۆک بارزانی دژی شەڕی تائیفی نەبوایە باوەشی بۆ ئەو هەموو ئاوارە عەرەبەی ناوچە جیا جیاکانی عێراق نەدەگرتەوە کە دێنە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ پارێزگای مووسڵ، بە شایەدی خۆیشیان، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان زۆرترین خزمەت و هاوکاری پێشکەش بە ئاوارە عەرەبەکان کراوە".

گەڕانەوەی ئاوارەکان

خالد عەزیز ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر بچێتە پەرلەمانی عێراق بە هاوکاریی پەرلەمانتارانی دیکەی کورد بەگشتی و پەرلەمانتارانی پارتی بەتایبەتی، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەخاتە گەڕ، بە مەرجێک ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و قەرەبوو بکرێنەوە.

ئاوارەکان دەتوانن دەنگ بدەن؟

سەبارەت بە ئەوەی کە ئاخۆ ئەو هاووڵاتیانەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، مافی دەنگدانیان هەیە، یاخود نا؟ خالید عەزیز ڕایگەیاند: "سندووق بۆ هەموو ئاوارەکان دانراوە، بەڵام لەنێو کەمپەکاندا ناتوانن دەنگ بدەن، بەڵکوو دەچنە ناحیە و قەزاکانی نزیک کەمپەکان و لەوێ سندووقیان بۆ داندراوە و دانگدان ئازادانەیە و خۆیان ئازادن لەوەی دەنگ بە کێ بدەن، بەڵام من لەگەڵیان دانیشتووم و هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی کە دەنگ بە من و لیستی پارتی بدەن، چونکە من دانیشتووی هەرێمی کوردستانم و دەتوانم ببمە پردێک بۆیان، بەتایبەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان، چونکە من پەیوەندییەکی فراوانی کۆمەڵایەتیم لە دەڤەرەکە هەیە".

تەنیا کاندیدی کوردە

ئەو کاندیدە نایشارێتەوە کە بەهۆی ئەوەی ئەو بازنەیەی خۆی لێ بەربژێر کردووە، دەڤەرێکی نائارامە و هێشتا مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعشی لەسەر ماوە، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا دووچاری مەترسی بووەتەوە، چونکە "لە کۆی ٧١ کاندید لە ناوچەکە تەنیا من کوردم''.