پاش چوار دەیە 51 پارچە شوێنەواری دزراوی بۆکان گەڕێندرانەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پاش چوار دەیە 51 پارچە شوێنەواری دزراوی بۆکان گەڕێندرانەوە

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەمشەهری ئانلاین_ی ئێران، 51 خشتی نەخشێندراوی ئاسەواری تەپەی قەڵایچیی بۆکان کە هی سەردەمی ماناییەکانە و پێشینەکەی بۆ دوو هەزار و 700 ساڵی پێش زایین دەگەڕێتەوە، پاش ساڵانێک دۆزرایەوە و لە شاری تاران و بۆکان نمایش دەکرێن.

بەپێی زانیارییەک کە ڕۆژنامەی هونەر بڵاوی کردووەتەوە چیرۆکی دۆزرانەوەی ئەو 51 خشتە نەخشێندراوەی تەپەی قەڵایچیی بۆکان سەرنجڕاکێشە و باس لەوە دەکرێت زیاتر لە 40 ساڵ لەمەوبەر دزراوە و بە قاچاخ براوەتە دەرەوەی وڵات و سەرەنجام لەناو کۆگایەک لە سویسرا دۆزراونەتەوە و پێش ئەوەی کەسێکی ئێرانی کە خۆی بە خاوەنیان زانیوە بیفرۆشێت، دۆزراونەتەوە و گەڕێندرانەوە ئێران و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە تاران و شاری بۆکان لە پێشانگەیەکدا نمایش بکرێن.

تەپەی قەڵایچیی بۆکان، شوێنەوارێکی کۆن و دێرینە و هی سەردەمی ماناییەکانە. جان کرتیس، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆزەخانەی بەریتانیا کە هاوکات شوێنەوارەکانی ئێرانیشی لەبەردەستە، دەڵێت، دۆزرانەوە ئەو 51 خشتە نەخشێندراوە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناساندن و بایەخی شارستانیەتی سەردەمی ماناییەکان لە ناوچەی بۆکان هەیە.

شوێنەواری تەپەی قەڵایچی بۆکان لە ناوەڕاستی دەیەی 1970 لە کاتی کێڵانی زەویوزار لەلایەن جووتیارێکەوە پارچە شوێنەوارییەکانی دۆزرانەوە، کە لەسەر خشتەکان نەخش و نیگاری وەک شێر، گای باڵدار بە شێوەی سەری مرۆڤ، باڵندەی ڕاو و نەخشی ئەفسانەیی و کەڵ و ئاژەڵانی دیکەیان لەسەر هەڵکۆڵراوە وکە زۆر جێگەی سەرنجن و ئەمەش دەری دەخات کە دانیشتوانی تەپەی قەڵایچیی بۆکان لە دوو هەزار و 700 ساڵ لەمەوبەرەوە کەسانێکی شارەزا و هونەرمەندی دەستڕەنگین بوون.

پێشانگە و پیشاندانی ئەو کۆمەڵە خشتە نەخشێندراوە سەرەتا لە مۆزەی حەقیقی لە بۆکان (ماڵی مامۆستا عەباس حەقیقی شاعیر لە بۆکان ئێستا کراوەتە مۆزەخانە) و پاشان لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئیران لە تاران پێشان دەدرێن.