مه‌سرور بارزانی: نابێ چاوپۆشى له‌ سه‌رپێچیكردن بۆ سه‌ر موڵكى گشتى بكرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مه‌سرور بارزانی: نابێ چاوپۆشى له‌ سه‌رپێچیكردن بۆ سه‌ر موڵكى گشتى بكرێت

سەرۆكی حكوومەت ڕێنمایی بە لیژنه‌ى ئه‌منیی پارێزگاى هه‌ولێر دەدات

ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێنمایی بە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر دا و دووپاتی كردەوە نابێ چاوپۆشی له ‌هیچ كه‌س و لایه‌ن و گرووپێك بكرێت كه‌ بیانه‌وێت ته‌جاوز و سه‌رپێچى له‌سه‌ر موڵكى گشتى بكەن.

بەپێی راگه‌یاندراوێكی پارێزگای هه‌ولێر، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كیدا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئه‌منیی پارێزگای هه‌ولێر، رای گه‌یاندووە‌ به ‌هيچ شێوه‌يه‌ك نابێت چاوپۆشى له ‌هیچ كه‌س و لایه‌ن و گرووپێك بكرێت كه‌ بیانه‌وێت ته‌جاوز و سه‌رپێچى له‌سه‌ر موڵكى گشتى ئه‌نجام بده‌ن. لیژنه‌ی ئه‌منییش ده‌ستبه‌جێ ژوورێكی عه‌مه‌لیاتی بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت پێكهێنا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوەكەدا ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی ئه‌منیی پارێزگای هه‌ولێر بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، خراوەتەڕوو و كۆبوونه‌وه‌كه‌ به ‌مه‌به‌ستى دانانى پلان بۆ رێگریكردن له‌ بابه‌تى زێده‌ڕۆیى و ئه‌و دیاردانه‌ بووە كه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌ستیان پێكردووه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له ‌به‌شێكى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ رێگه‌ى ته‌له‌فۆن به‌شدارى كردووە، بڕیار و رێنمایى پێویستى پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووانى كۆبوونه‌وه‌ كرد و فه‌رمانى به‌ لێژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى هه‌ولێر كرد كه‌ به‌هيچ شێوه‌يه‌ك نابێت چاوپۆشى له ‌هیچ كه‌س و لایه‌ن و گروپێك بكرێت كه‌ بیانه‌وێ ته‌جاوز و سه‌رپێچى له‌سه‌ر موڵكى گشتى ئه‌نجام بده‌ن، له‌مباره‌يه‌شه‌وه‌ پشتيوانى خۆى بۆ لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى هه‌ولێر دووپات كرده‌وه‌.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێر ئاشكرای كردووه‌، لیژنه‌ی ئه‌منیی پارێزگای هه‌ولێر، بڕيارى دروستكردنى ژوورێكى عه‌مليات و هێزێكى هاوبه‌شى له ‌سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منييه‌كان دا، كه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و بڕياره‌كه‌ كه‌وته‌ بارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو هێزه‌ ئه‌منیيه‌كانی ده‌ستكراوه‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی له ‌زووترين كات هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیر بكرێن و ئیجرائاتی یاساییان به‌رامبه‌ر وه‌ربگيرێت و بدرێن به‌ دادگا كه‌ زێده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی گشتي ئه‌نجام ده‌ده‌ن و یاخود به‌ره‌نگاری هێزه‌كان ده‌بنه‌وه‌ و كه‌ رێگری له‌ئه‌نجامدانى زێده‌ڕۆیی ده‌كه‌ن.