كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرۆكی حكوومەت و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كۆبوونەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ریچارد بێڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كۆبووەوە.

لە دیدارێكدا، دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕی تیرۆر و پێشهات و گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی عێراق و سووریایان تاوتوێ کرد.

جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، هاوخەمی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دوو پێشمەرگەیەی دوێنێ لە دۆڵی نەقەبای ناحیەی نەهلێی سەر بە قەزای ئاکرێ بەهۆی بۆمبێکی چێندراوی پەکەکە شەهید بوون، پشتیوانیی هاوپەیمانانیشی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

لە دیدارەکەدا، سەرۆكی حكوومەت سوپاسی هاوکاری و پشتگیریی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و جەختی لە گرنگیی کاراکردنی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە، لە پێناو سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆر.