كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 16/09/2021

ئەرێ ئەمە بە چوار ساڵ ئەو ھەمووەی پێدەكرێت!   

ھەڵبژاردنی دوو خولی پێش ئێستای پەرلەمانی عێراق بوو، ئەو ھێشتا تەمەنی 11 ساڵ بوو بۆیە مافی دەنگدانی نەبوو، بەڵام سەیر دەكات و گوێ دەگرێت و ھیچ پرسیارێكیش لای خۆی ناھێڵێتەوە، ھەندێ جار خەریكە منیش ئیحراج دەكات، ئەوە كوڕێكی خۆمە، لەو كاتەی شەوێك لە ماڵی خۆمان بەدیار تەلەڤزیۆنەوە دانیشتبووم و سەیری ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی كاندیدەكانم دەكرد.

كاندیدێکیان بەڵێن دوای بەڵێن ڕیزی كردبوو و دەیگوت: ”ئەگەر دەنگم پێبدەن، شوقەی نیشتەجێ بۆ ھەموو گەنجان دابین دەكەم، كارێك دەكەم خەرجیی ھاوسەرگیرییشیان بۆ دابین بكرێت، ناھێڵم یەك كەسیش كە توانای كاری ھەبێت، بەبێ كار بمێنێتەوە، یەك بست زەویی كشتوكاڵیی بێبەرهەم ناھێڵم و ھەر ھەمووی دەكێڵرێت، ئنجا كرێی كێڵانی زەوی و پەیداكردنی بنەتۆو و شەتڵ و گشت جۆرەكانی نەمام بۆ جووتیاران دابین دەكەم، ھیچ ناوچەیەكی كوردستان نامێنێت كە لانی كەم پێنج ھەتا 10 بەنداوی گەورەی تیا دروست نەكەم، سامانی ئاژەڵ بە شێوەیەك زۆر دەكەم مەڕ و بزن پیاو بخوات، نەوت و بەنزین بەلاش بێت، داھاتی تاكەكەس ئەوەندە زۆر دەكەم كە ھەر كەسێك بتوانێت لانی كەم و بۆ گەشتیاری بەوپەڕی تێرییەوە ساڵی دوو سەفەری دەرەوە بكات، بیمەی تەندروستی مسۆگەر دەكەم، ئاستی زانستیی خوێندنی زانكۆكانیشمان دەگەیەنمە ئاستی زانستیی زانكۆكانی ھارفارد و ئۆكسفۆرد و كامبریج!“.

ئا لێرەدا بوو كوڕەكەم بە سەرسوڕمانەوە پرسی: جا باوكە ئا ئەمە بە چوار ساڵ ئەو ھەمووەی پێدەكرێت، یان فشە دەكات؟ تۆ ئەمە بە فشە نازانیت؟ منیش لە وەڵامدا گوتم: ”بەڵێ فشە دەكات و بۆم ڕوون كردەوە بۆچی فشە دەكات!“.    

مەبەستم لەم نموونەیە ئەوەیە، ھەندێك مەرج ھەیە لە كاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا زۆر گرنگە كاندیدەكان ئاگاداری بن و پێڕەوی بكەن، یەكێك لەو مەرجانە درۆنەكردن یان با بڵێین فشەنەكردنە كە لەڕووی ئەكادیمیەوە ئاوەھای لێ دێت:

پێویستە پەیام و بەڵێن و بەرنامەی كاندیدەكان ڕاستگۆییان تێدا بێت و بچنە عەقڵەوە و بڕوایان پێ بكرێت نەك كوڕێكی تەمەن 11 ساڵ كە ھێشتا حەوت ساڵیشی مابێت بۆ ئەوەی مافی دەنگدانی ھەبێت، لە كاتی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەندێك لە كاندیدەكاندا بڵێت: جا باوكە ئا ئەم كاندیدە بە چوار ساڵ ئەم ھەمووەی پێدەكرێت یان فشە دەكات؟ تۆ ئەمە بە فشە نازانیت؟