كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ئاسۆ فەتاح 16/09/2021

پەكەكە لە سنووری ڕۆژهەڵاتی كوردستان چی دەکات؟

ساڵی 2017، حکوومەتی تورکیا لە پلانێکی پێشتر ڕایگەیاندراودا، دانانی دیوارێکی کۆنکرێتیی بە بەرزایی سێ میتر لەسەر سنووری ئێران و تورکیا (نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان) دەست پێکرد. بەوەش خێرا و وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)، بەشێکی زۆر لە هێزەکانی خۆی بەرەو سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان گواستەوە و تا ڕادەیەکی زۆر بنکەکانی خۆی لەسەر سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری كوردستان چۆڵ کرد.

بەڵام ئایا مەترسیی ڕووخانی ئەو دیوارە بۆ گیانی گەریلاکانی پەكەكە هۆکاری ئەو هەنگاوە بوو یان ئەوان دەیانویست بەردەوامی! بە شۆڕشی ئازادیخوازی خۆیان لە دژی تورکیا! لە سنووری ئێران (ڕۆژهەڵات) و هەرێمی کوردستانی عێراق (باشووری کوردستان) و سەدان کیلۆ مەتر دوورتر لە شوێنی دیاریکراوی خۆیان بۆ ڕزگارکردن بدەن؟

لە ڕاستیدا، پەكەكە وەک هێزێکی کوردی لە باکووری کوردستان، لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان بوونی هەیە و جووڵەی هەیە و بنکەی هەیە، تەنیا لە باکووری كوردستان (كوردستانی بن دەستی توركیا) نەبێت. ئەوەش بووەتە هۆی گومان و پرسبار و سەرسووڕمانی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای کوردی! بۆیە ئەوان بە دروستی و بەڕاشكاوی پرسیار دەکەن: ئەی پەكەكە وەک هێزێکی کوردی باکوور لە ناوچەکانی دیکە چی دەکات کاتێک باکووری کوردستان، ئامانجی ئەو گرووپەیە بۆ ڕزگارکردن؟

وەڵامی ئەو پرسیارە، دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ئەو گرووپە. پەكەكە وەک هێزێکی کوردی بەشێکە لە زنجیرەی ئەو گرووپە نێودەوڵەتییانەی کە لە پرۆسەی (بازرگانیی ڕەش) تێوە گلاوە و هێز و بوونی ئەو لەپێناو ئەو سیستەمە بەکار دێت و لە شوێنی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای ئەو گرووپە مافیایانە، هێزی خۆی جێگیر دەکات، جا دوور نیە ئەگەر پێویست بکات لە ئەمریکای باشووریش بۆ ڕزگارکردنی باکووری کوردستان خەبات بکات!

لەپاش 2003، گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە ئەفغانستانەوە بۆ ئەورووپا بە دوو ڕێڕەوی سەرەکی تێپەڕ دەبوو؛ یەکەم: (ئەفغانستان، ئێران، تورکیا و ئەورووپا) و دووەم: (ئەفغانستان، ئێران، باشووری عێراق، سووریا و لوبنان و ئەورووپا) کە ڕێڕەوی دووەم لە پاش 2003 پەرەی پێ دراوە و بەرزبوونەوەی ژمارەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە باشووری عێراق دیارترین بەڵگەیە بۆ ئەو بابەتە.

بەڵام کاتێک تورکیا بۆ نەهێشتنی گوشاری پەنابەر و تێکدانی ئەو ڕێڕەوەی لەناو وڵاتی تورکیاوە بەرەو ئەورووپا بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر و پەنابەر بەکار دەهێندرا، دەستی کرد بە جێگیرکردنی ئەو دیوارە، پەكەكە بەرەو باشوور جووڵەی کرد و بنکەکانی خۆی دامەزراند، بەڵام لەجیاتی سنووری نێوان ئێران و تورکیا، داکشا بۆ سەر سنووری ئێران و هەرێمی کوردستان. پەكەكە ئێستا کۆنتڕۆڵی بەشێكی زۆری سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان دەکات و تەنانەت ڕێگا سنوورییەکانی بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لە دەرەوەی گومرک بەکار دەهێندرا لەلایەن ئەو گرووپەوە کۆنتڕۆڵ کراو.

ئێستا پەكەكە ڕۆڵی هێزی سنووری (حرس حدوود)! لەسەر سنووری ئێران و هەرێمی کوردستان (عێراق) دەگێڕێت. بەو ڕۆڵە، پەكەكە وەک بەربەستێکی کوردی بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار دەهێندرێت و جیا لەوەش توانیویەتی ئەرکەکانی خۆی لە ناو مافیای بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان جێبەجێ بكات.

پەكەكە، ئێستا ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەری لە سنووری تورکیاوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان گواستووەتەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەستگرتن بەسەر جۆرە جیاوازەکانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان و گەیشتنی بە سەدان کیلۆ لە چەند ساڵی ڕابردوودا، باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو بابەتە. پێداگریی پەكەكە بۆ مانەوە لە شنگال و ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش بەشێکی دیکەیە لەو ڕۆڵەی ئەو گرووپە لە مافیای بازرگانیی ڕەشدا.

واتا، پەكەكە بە پەرەپێدان بە پێگە و مۆڵگەکانی خۆی لە ناوچە سنوورییەكانی باشووری کوردستان، نەتەنیا ڕێگاخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی تورکیا بە دەیان کیلۆمەتر بێتە ناو سنووری هەرێمی کوردستان و لە جەنگی نێوان پەكەكە و تورکیا لەناو هەرێمی کوردستان، دەیان گوند خاپوور کراوە یان چۆڵ کراوە، ئەو ناوچەیە وەک ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکار دێنێت و لەو ڕێگایەوە بە دەیان میلیۆن دۆلار لە ساڵێكدا داهاتی هەیە.

هەڵبەت، پەكەكە ئەو ڕێڕەوە بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە ئەورووپا و تورکیاوە بۆ ئەفغانستان و وڵاتانی مەبەستیش بەکار دێنێت.

پەرەپێدانی ئەو بازرگانیە ڕەشانە لەلایەن پەكەكەوە، لەژێر ناونیشانی خەبات و بەرخۆدان! نە تەنیا ئاسایشی گوندە سنوورییەکانی باشووری کوردستان، بەڵکوو داهاتووی گەنجانی ئەو ناوچەیەشی کردووەتە ئامانج، ئەگەر ئەو گرووپە بتوانێت بەردەوام بێت لەو کارە، لە ساڵانی داهاتوو ڕێژەی خووگرتنی گەنجانی باشووری کوردستان بە مادەی هۆشبەرەکان وەک باشووری عێراق بەرز دەبێتەوە و کێشە کۆمەڵایەتی و داراییەكان بەهۆی ئەو کێشەیەوە سەر هەڵدەدا و زیاتر قووڵتر دەبێتەوە. دیاریی پەكەكە بۆ باشووری کوردستان، تەنیا خاپوورکردنی گوندەکان نیە، بەڵکوو لەناوبردنی داهاتووی گەنجەکان و ئاسایشی گشتیی ئەو ناوچەیەیە.

 

- وێنەی هاوپێچ: دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنووری ئێران و تورکیا