لە عێراق نرخی کارتی دەنگدان بۆ ساختەکاری دادەبەزێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە عێراق نرخی کارتی دەنگدان بۆ ساختەکاری دادەبەزێت

 

لە ماوەی رابردوودا لە پارێزگای دیالە، کارتی دەنگدان بە دەستی یەکێک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنەوە گیرا، ڕووداوەکە جێگەی سەرنجی میدیا عێراقییەکان بوو، کە کاندیدێک لە بازنەی قەزای میقدادییەی سەر بە پارێزگای دیالە، لە کاتی هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنی، دوای رزگاربوونی لە هەوڵەکە، ژمارەیەکی زۆر کارتی دەنگدانی بەدەستەوە بوو.

ئەو رووداوە پەردەی لەسەر زۆر لە بابەتی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان لادا، دوای ئەوە، دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر کارتی دەنگدان بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردندا فرۆشراون، کە پێشبینیکراوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە هەندێ لە بازنەکان بۆ ژمارەیەک کاندید و لایەنی سیاسی بگۆڕێت.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، خەڵکی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کارتەکانی دەنگدانیان لە 100 دۆلارەوە بۆ 300 دۆلار فرۆشتووە، رۆژ بە رۆژیش نرخەکەی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن بەرزتر دەبووەوە کە کڕیارانی ئەو کارتانە هەندێ لە کاندید و لایەنە سیاسییەکانن.

بازاڕی فرۆشتنی کارتی دەنگدان بۆ ساختەکاری دابەزیوە

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری کورد لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد: “ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی ڕێوشوێنێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدانەوە بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردن سست بووە و نرخەکەی لە بازاڕی ڕەش دابەزاندووە”.
ئاماژەی بەوەش دا: “کاندید و قەوارەی سیاسی هەیە بە سەدان کارتیان کڕیوە و ئێستا لە سەرکەوتنیان بەو ڕێگا نایاساییە نائومێدن”.

کڕیار و فرۆشیاران سزای توند دەدرێن

پێشتریش کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دانی بەوەدا ناوە، کە لێکۆڵینەوەیان لە شەش سکاڵاى تایبەت بە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێکردووە و هەر کەسێک کڕین و فرۆشتن بە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانەوە بکات، سزاى توند دەدرێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌، نەبراس ئەبوو سوودە، یاریدەدەرى گوتەبێژى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێڕاق، بە ئاژانسى فەرمیى (عێراق)ى راگەیاندووە، کە بەپێی یاساى هەڵبژاردن، کڕین و فرۆشتنى کارتى بایۆمەترى بە تاوان دادەنرێت و سزاى بۆ دانراوە، کە سزاکە دەگاتە زیندانى. گوتیشى: “کارتەکان بەجۆرێکن، کە تەنیا خاوەنەکەى دەتوانێت بەکارى بێنێت، چونکە پەنجەمۆرى لەسەرە”.

ڕێوشوێنە نوێیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمسیۆن

ئەو پەرلەمانتارەی کورد لە بەغدا، شێروان دووبەردانی، لەبارەی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، روونی کردەوە، دوای ئەوەی دەرکەوت زۆر کارتی زۆری دەنگدان لە عێراق کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ ڕێگری لەو ساختەکارییە، کە چاوەڕوانکراو بوو گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بهێنێت، بڕیاریان داوە کارتی دەنگدان لە دەنگدەر لەدوای دەنگدانی وەربگیرێتەوە و بردنە ژوورەوەی مۆبایل و تۆمارکردنی وێنەی وەرەقەی دەنگدانیش بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بێت، ئەوەش ژمارەیەک کاندید و لایەنی سیاسیی عێراقی لە ساختەکاریی هەڵبژاردن بێئومێد کردووە، گوتیشی: “دوای ئەو بڕیارە، ماوەیەکە لە بازاڕی رەش کەمتر کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە دەکرێت و بەو هۆیەشەوە، کە نرخەکەی پێشتر گەیشتبووە 300 دۆلار، بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری، ئێستا کاندید و لایەنەکان پارەی پێ نادەن”.

شێروان دووبەردانی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە کاندید و لایەن هەیە، بە سەدان کارتیان بۆ دەنگدانی ساختەکاری کڕیوە و جگە لەوەی بێئومێد بوون لەو ساختەکارییەی بەرنامەیان بۆ داڕشتبوو، ئەوات زیانی زۆری مادیشیان بەر کەوتووە.

هەڵبژاردنەکانی رابردووش مامەڵە بە کارتی دەنگدانەوە کراوە

بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری، هۆکاری سەرەکیی نرخی ئەو کارتانە دەگەڕێتەوە بۆ ساختەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی رابردوو لە عێراق، بەتایبەتی لە ساڵی 2018، کە گومان دەکرێ هەندێ کاندید و لایەنی سیاسی لەو ڕێگەیەوە دەنگیان بۆ خۆیان زیاد کردبێت.

لەمبارەوە، چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنی رابردووی 2018ی عێراق، رۆژنامەی (العربی الجدید) لە سەرچاوەیەکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئەوەی ئاشکرا کرد، کە: “ژمارەیەکی زۆر کارتی دەنگدانی هاووڵاتییان لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەستی داعش دیار نەماون، بەتایبەتی لە پارێزگای ئەنبار، کە بەپێی زانیارییەکان، کارتەکان بۆ لای لایەنێکی سیاسیی بەشدار لە هەڵبژاردنەکان رۆشتوون''.

هەر ئەوکاتیش، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕای گەیاند: "کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان تاوانە و هەر کەسێکیش بازرگانی بە کارتی دەنگدانەوە بکات، 15 ساڵ زیندانی دەکرێت"، بەڵام دوای هەڵبژاردن ئەو دۆسیەیە داخرا و سەرنجی میدیاکانی لەسەر نەما.

جێی باسە، دوای پەسەندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، چوار هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران کراون، كە لە ساڵەكانی 2005، 2010، 20214 و 2018 بوون.

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەش ئەمساڵ لە 10- 10- 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت.

ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت، كە 18 پارێزگای عێراقی دابەش كردووە بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا.

ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن کەس و دەنگدەری تایبەتیش یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەسە، كاندیدەكانیش جگە لە حزب و هاوپەیمانێتییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بەشێوەی سەربەخۆ و لیستی تاك خۆیان پاڵاوتووە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش 329 كورسییە، كە 320یان بۆ كێبەركێ و نۆ كورسیشیان بۆ كۆتای پێكهاتەكانە، كە پێنج كورسی بۆ مەسیحییەكان و یەک كورسی بۆ هەر یەك لە پێكهاتەكانی شەبەك، سابیئە، ئێزدی، هەروەها بۆ كوردانی فەیلییە لە پارێزگای كووت.