سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی بەریتانیا كۆبوونەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی بەریتانیا كۆبوونەوە


ئەمڕۆ چوارشەممە نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ بين واڵاس وه‌زيرى به‌رگريى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه وه‌زيرى هێزه‌ چه‌كداره‌كان و باڵوێزى به‌ريتانيا له‌ عێراق ئاماده‌ى بوون، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر له‌ عێراق و مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش تاوتوێ كرا، هەردوولا هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه‌ و جيهانيش هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌‌.

لە دیدارەكەدا وه‌زيرى به‌رگريى به‌ريتانيا جه‌ختى كردەوە له‌ به‌رده‌واميى به‌شدارى و ئه‌ركى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش، هه‌موو پشتگيرييه‌كى بەریتانیاشی بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆردا دووپات كرده‌وه‌.

بین واڵاس هەروەها پێزانين و ستايشى بۆ قوربانييه‌كان و رۆڵى پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمى كوردستان له‌ تێكشاندنى داعشدا ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى به‌ريتانيا و پشتگيريكردنى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا دووپات كرده‌وه‌، هاوكارييه‌ سه‌ربازييه‌كانى به‌ريتانياى به‌رز نرخاند، به‌تايبه‌تيش ئاماژه‌ى به‌ بوونى راوێژكاران و تيمه‌كانيان و مه‌شقكردن و راهێنانيان به‌ پێشمه‌رگه كرد.