كەلار.. پارتی بەكەرنەڤاڵێكی جەماوەری بانگەشەی هەڵبژاردنی دەست پێ كرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كەلار.. پارتی بەكەرنەڤاڵێكی جەماوەری بانگەشەی هەڵبژاردنی دەست پێ كرد

 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، پارتی دیموكراتی كوردستان، لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە كەرنەڤاڵێكی جەماوەری، بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێكرد.

ڕەهێل جاف، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی لقی گەرمیانی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 15/9/2021، لە شاری كەلار، بە ئامادەبوونی دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانی پارتی و ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی و كادیران و لایەنگرانی پارتی لە سنوورەكە كەرنەڤاڵێكی جەماوەری بەڕێوە چوو بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".

گوتیشی: "هاوكات مەبەست لە رێكخستنی ئەو كەرنەڤاڵە بۆ ناساندنی كاندید (شوان محەمەد) ژمارە 24ی پارتییە لە گەرمیان".

لەو كەرنەڤاڵەدا دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك - گەرمیانی پارتی، گوتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووانی كرد و ڕایگەیاند: "لەبەر خاتری كوردستان و پێشكەوتنی وڵاتەكەمان و هەروەها ئامانجە سەرەكییەكانمان دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی بدەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق".

لەبارەی دەنگدان بە كاندی ژمارە 24ی پارتی لە گەرمیان، دیاری حوسێن، ئەوەی خستە ڕوو، شوان محەمەد كاندیدی پارتی لە گەرمیان كوڕێكی گەنجی هەڵقوڵاوی ناو كەلارە كادیرێكە لە پارتی تێگەیشتووە كاری لە ناوچەكە زۆر كردووە و دەزانێت ئێش و ئازاری خەڵكەكە چییە و دەتوانێ نوێنەرایەتییان بكات لە بەغدا، بەڵام خەَك هەیە ناتوانێ نوێنەرایەتی نەك خەڵك، ماڵی خۆشی بكات و ئەو لەبەغدا سیاسەتی پارتی پەیڕەو دەكات و بۆ هەمووان ئاشكرا بووە كە سیاسەتی پارتی لەسەدا سەد لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە.

لە كۆتاییدا ئەو بەرپرسەی پارتی هانی خەڵكیدا كە دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەكە وەك كەلار و خانەقین و خورماتوو و كەركووك و شوێنەكانی تر بە گشتیی بدەن.