ئاكرێ... دوو پێشمەرگە بەهۆی تەقینەوەی سێ بۆمبی چێندراوی پەكەكەوە شەهید بوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئاكرێ... دوو پێشمەرگە بەهۆی تەقینەوەی سێ بۆمبی چێندراوی پەكەكەوە شەهید بوون

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە سنووری ناحیەی نەهلێ سەر بە قەزای ئاكرێ، بەهۆی تەقینەوەی سێ بۆمبەوە كە لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە چێندرابوون، دوو پێشمەرگە شەهید بوون.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، سێ بۆمب كە لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە داندرابوونەوە، لە دۆڵی نەقەبای سەر بە ناحیەی نەهلێ بە هێزێكی پێشمەرگەدا تەقینەوە، لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و چەند پێشمەرگەیەكی تریش بریندار بوون.

ماوەی چه‌ند مانگێكە په‌كه‌كه‌ دەستی بە هێرش كردووە بۆ سەر هێزەكانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و لەم ڕووەشەوە چەندین بۆمبی چێندراویان بە پێشمەرگەدا تەقیونەتەوە و ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگەیان شه‌هید و بریندار كردووە.

دانانه‌وه‌ی مین و بۆمب، كه‌ به‌شێكی به‌رچاویان له‌ لایه‌ن خودی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه‌ دروست كراون و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌یان كارێكی دژواره‌ بۆ تیمه‌كانی ئه‌ندازیاری سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌، یه‌كێكه‌ له‌ تاكتیكه‌ نوێیه‌كانی په‌كه‌كەیە‌، كه‌ له‌ دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌كاری ده‌هێنێت.

پێشتریش له‌ 21ی ئۆگه‌ستی رابردوودا، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رای گه‌یاندبوو به‌شی ئه‌ندازیاری سه‌ربازیی هێزه‌كانی پشتیوانی یه‌كی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ توانیویانە بۆمبێكی چێنراو له‌ سنووری زینی وەرتێ پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ پەکەکە چاندبوویان.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئەوەشی راگه‌یاندبوو كە توانیویانه‌ جلیکانەیەکی 25 لیتری TNT، کە دوو چەشنەی کارەبایی لێبەستراوە و 29 مەتر (فتیلی کۆرنێکس)یان پێوە نووساندوە و بۆ تەقینەوە ئامادەکرابوو، پووچەڵ بکەنەوە.