ئەنجوومەنی وەزیران پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025 پەسەند کرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەنجوومەنی وەزیران پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025 پەسەند کرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و چەند پرسێکی دیکەی تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئەیلوولی 2021، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی ئارام و مەدەنیانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتییەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبەرکێیی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش، بە ئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، بە شێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکی هەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن.

پاشان لە لایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی هاوردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە رووی خۆراکی و تەندروستییەوە، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە زوو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بڕیاردان لە سەر ڕەشنووسی (پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرایەڕوو، لە کۆبونەوەکەدا بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان )ی خستەڕوو کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە.

ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری ڕێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی مانگێکدا، پێداچوونەوەی زیاتر بە ڕەشنووسەکەدا بکەن لە ڕووی قانونی و تەکنیکی وداراییەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێبینی وسەرنجانەی خرانەڕوو، تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێ لە پاڵپشتی وەزارەت لە گەشەپێدانی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەریی لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوبان، لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە پێی شایستەبوون، ئەویش لەبەر ڕۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە گرنگیدان بە بواری ڕێگاوبان، لە بڕگە سەرەکیيەکانیەتی.