بۆ ئەوانەی ھیچ لە ھەگبەیاندا نیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 15/09/2021

بۆ ئەوانەی ھیچ لە ھەگبەیاندا نیە

وتەیەكی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كاتی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە 14-9-2021، بوو بە ھۆی ئەوەی كە ئەم وتارە بنووسم، ئەویش بریتییە لەوەی كە سەرۆكی حكوومەت لەناو بەشێكی گوتارەكەیدا و تایبەت بە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەكان گوتی: ”با ھەر یەك بەرنامەی خۆی پێشكەش بكات كە چۆن دەتوانێت باشتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات، چونكە ئەوەی ھیچی لە ھەگبەدا نەبێت بە پەلاماردانی لایەنەكانی تر ناتوانێت خزمەت بكات“. جا لەبەر ئەوەی بابەتەكە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنە، كەواتە پێش ھەر شتێك دەبێ بزانین ھەڵمەتی ھەڵبژاردن مانای چیە و مەبەست لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن چیە؟

ھەندێك وەھا لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن تێگەیشتوون كە بریتییە لە ھەڵمەت بردن بۆ كەس و لایەنەكانی تر بە شێوەی ڕسواكردن و داڕزاندنیان، یان ناوزڕاندن و لەكەداركردنیان، یان دروستكردنی ھەواڵ و تۆمەتی درۆ و بێ بنەما بۆ نەیارەكانی خۆی. بەڵام ئایا ئەمە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنە؟ فەرموون سەیری ھەندێك لە پێناسەكانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بكەن:

1- ھەڵمەتی ھەڵبژاردن، بریتییە لە پرۆسەیەكی پروپاگەندەی ڕێكخراو و بەرنامە بۆداڕێژراو كە كاندیدەكان لەڕێگەی ھۆیەكانی پەیوەندییەوە پەیامی دیاریكراوی خۆیان دەگەیەننە ئەو خەڵكەی كە مەبەستیانە بۆ ئەوەی دەنگ بە خۆی یان لیستەكەی بدەن.

2 - لەناو دنیای دەستووردا، ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بریتییە لەو ماوەیەی كە یاسا دیاریی كردووە بۆ ئەوەی لەو ماوە دیاریكراوەدا بەرنامەی حزب پێشكەش بە ھاووڵاتیان بكرێت. دەشبێت بەرنامەی ھەر حزبێكی بەشدار لە ھەڵبژاردندا، بەوردی كێشە و گیروگرفتەكانی وڵات دیاری بكات و چارەسەری واقیعییانەش بۆ ئەو كێشە و گیروگرفتانە بخاتە ڕوو.

3- ھەڵمەتی ھەڵبژاردن، بریتییە لەو كارانەی كە حزب یان كاندید دەیانكات و تیایدا وێنەیەكی زۆر باشی سیاسەت و ئامانجەكانی بۆ خەڵك دەخاتە ڕوو و بە گوێرەی ئەو توانایەی كە لەبەر دەستدایە كاریگەری لەسەر دەنگدەران دادەنێت بۆ ئەوەی دەنگی زۆرترین دەنگدەر بۆ ئەو سیاسەت و ئامانجانە كۆ بكاتەوە.

ئەوە تەنیا چەند نموونەیەكی پێناسەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنە، بەڵام ھەرچەند بگەڕێیت ناتوانیت پێناسەیەكی ئەكادیمی و پیشەیی بدۆزیتەوە كە تیایدا ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بە ھەڵمەت بردن بۆ كەس و لایەنەكانی تر بە شێوەی ڕسواكردن و داڕزاندنیان یان ناوزڕاندن و لەكەداركردنیان یان دروستكردنی ھەواڵ و تۆمەتی درۆ و بێ بنەما بۆ نەیارەكانی خۆی وەسف بكات، چونكە ئەم جۆرە كارانە نە بەرنامەی سیاسییە و نە ئامانجی سیاسییشن، بەڵكوو جگە لەوەی كە لەڕووی یاساییەوە دەچنە خانەی سەرپێچی و تاوانەوە، بەتاڵیی ھەگبەی ئەو كەس و لایەنانەش دەسەلمێنێت كە لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەكاندا ھانا بۆ ئەم جۆرە كارانە دەبەن.

بەڵام دەكرێت ڕەخنە لە سیاسەتە ھەڵەكانی ڕابردووی ھەر لایەن و كاندیدێك بگیرێت كە بوونەتە ھۆی دروستكردنی كێشە و گیروگرفت بۆ خەڵك و نیشتیمان بۆ ئەوەی خەڵك خۆیان لە دەنگدان بەو كەس و لایەنانە دوور بخەنەوە كە بوونەتە ھۆی دروستكردنی كێشە و گیروگرفتەكانیان.

سەرچاوەكان:
1- الحملات الانتخابية فى الاعلام - الدكتور مجاني باديس، غضبان غالية - الطبعة الاولى 2017
2- دليل اعداد الحملات السياسية الانتخابية - برين او داى - المعهد الديمقراطي الوطني للشؤون الدولية.