لە سنە 43 خوێندکار بڕوانامەی بەکالۆریۆسی زمانی کوردییان پێ بەخشرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە سنە 43 خوێندکار بڕوانامەی بەکالۆریۆسی زمانی کوردییان پێ بەخشرا

بە بۆنەی کۆتاییهاتنی سێیەم خولی خوێندکارانی بەشی زمان و وێژەی کوردی، لە زانکۆی کوردستان (سنە) ئاهەنگێک بەڕێوە چوو.

بەشی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆ سنە لە پێگەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ سێشەممە 15/9/2021 بە بۆنەی کۆتاییهاتنی سێیەمین خولی خوێندکارانی بەشی زمان و وێژەی کوردییەوە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بەڕێوە چوو.

بەشی زمان و وێژەی کوردی، لە ساڵی 2015 لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە دامەزراوە، کە نوێترین خولدا کە دوێنێ کۆتایی پێهاتووە، 43 خوێندکاری دیکە بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێ بەخشرا.

لەم دیدارەدا د. بەختیار سەجادی سەرۆکی پێشووی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی بەشداریی کرد و بە بۆنەی ئەو هەوڵ و تێکۆسانەی که هەر لە سەرتاوە لەپێناو ئەم بەشە زانستییەدا کێشاویە، ڕێزی لێ گیرا.

ئێستا 170 خوێندکار سەرقاڵی خوێندنی کوردین

شایانی باسە کە بەشی زمان و وێژەی کوردی هەموو ساڵێک لەڕێگەی تاقیکردنەوەی  کۆتایی ساڵ (کۆنکوور)وە پۆلێک خوێندکار وەردەگرێت و ئێستا 170 خوێندکار لەو بەشەدا سەرقاڵی خوێندنی زمان و وێژەی کوردین و مادەکانی ئەو بەشە لە چەند کتێبدا کە تایبەتن بە ڕێنووس، ڕێزمان بەپێی پێوەرە زانستییەکان، مێژووی ئەدەبی کوردی کە  لە ژانرەکانی، ئەدەبی زارەکی، شیعر، ئەدەبی گێڕانەوە (چیرۆک و ڕۆمان) و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کە نموونەکان لە شێوەزار و دیالێکتە جیاجیاکانی زمانی کوردی وەرگیراوە.

 بەشی زمان و وێژەی کوردی لە سنە چوار مامۆستا و پسپۆڕی زمان و وێژەی کوردی تێیدا چالاکن و یەکەم سەرۆکی د. بەختیار سەجادی، نووسەر و مامۆستای زانکۆ بوو کە لە دامەزراندنی ئەو بەشەدا دەوری سەرەکی گێڕا و بەرنامەکانی داڕشت، بەڵام لە ئێستا د. یەدوڵا پەشابادی سەرۆکی بەشی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستانە لە سنە.

دەرچووونی پۆلێکی دیکە لە خوێندکارانی زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆی سنە لە کاتێکدایە کە دوو هەفتە لەمەوبەر کۆمەڵێک خوێندکاری توندڕەو لە زانکۆی سنە لە کاردانەوەیەک بە بوونی ئەو بەشە، نووسراوە کوردییەکانی سەر بەشی زمان و وێژەی کوردییان سڕییەوە کە لە کۆمەڵگەی فەرهەنگی و زانستیی ڕۆژهەڵاتدا کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و پاش دوو ڕۆژ دیسان نووسراوە کوردییەکان دانرانەوە.