ترێ ڕەشە، بەختی جووتیارانی سەردەشتی ڕەشتر کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ترێ ڕەشە، بەختی جووتیارانی سەردەشتی ڕەشتر کردووە

ساڵانە 35 هەزار تۆن بەرهەم دەهێندرێت

ڕەزەوانێکی تەمەن 60 ساڵی خەڵکی گوندی ئالانی سەردەشت، بە سەبەتەیەک ترێی ڕەشەوە لە لاپاڵی شاخەکە و بەناو ڕەزەکەدا دێت و دەچێت، جارجارە بە لۆی کەواکەی ئارەقەی نێوچاوانی دەسڕێت و چاوێک لە خوارێ دەکات و دادەنەوێت و هێشوویەکی دیکە لێ دەکاتەوە.

لەو گرتە ڤیدیۆیەدا خۆی بە ڕەحیم ئالانی دەناسێنێت، دەڵێ: "ئەم باخە موڵکی باب و پیرانمە و ئێستا خۆم و پێنج منداڵم سەرقاڵی خزمەتکردنی ئەم ڕەزەین کە بەشێکی دێمە و بەشێکیشی بەرئاوە". ڕەحیم گلەیی لە ئاوڕنەدانەوەی ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی حکوومەت دەکات و دەڵێت: "نەبوونی کارگە و ناوەندێک بۆ وەرگرتنی ئەم بەرهەم نایابە، بووەتە هۆی ئەوەی کە دەڵاڵان بازاڕیان خۆشتر ببێت و ڕەنجی هەموومان دەچێتە گیرفانی ئەوانەوە".

ساڵانە لە سەردەشت 35 هەزار تۆن ترێ بەرهەم دێت
انگور سیاه سردشت | تیشینه همسفر باهوش شما

ترێ ڕەشەی سەردەشت کە زۆر جار بە ناوی زێڕی ڕەش ناو دەبرێت، بەرهەمێکی نایابە کە بە دوو شێوەی بەرئاو و دێمەکار بەرهەم دەهێندرێت و ئەم بەرهەمە کە ڕەنج و تێکۆشانی جووتیارانی دەوروبەری سەدەشتە، بووەتە ناسنامەیەک بۆ شارەکە و هەتا ئێستا دوو فێستیڤاڵی ترێ ڕەشە لە سنووری سەردەشت بەڕێوە چووە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەکان و پشتیوانینەکردنی جووتیاران، ترێ ڕەشە نەبووەتە براندێکی بازرگانی و لە پەراوێزدایە.

بەپێی زانیاریی ئەحمەد عەلیپوور بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەردەشت، پێنج هەزار و  500 دۆنم زەوییەکانی ناوچەکە بە باخە ترێ چێندراون، کە ساڵانە 35 هەزار تۆن ترێ، واتە 9٪ی ترێی پارێزگای ورمێ لەو شارە بەرهەم دێت.

دوو هەزار و 200 دۆنم زەوییەکانی ترێی سەردەشت بەرئاوە و سێ هەزار 500 دۆنمیشی بە شێوەی دێمەکارە، واتە زیاتری بە شێوەی دێمەکارە و بەرئاو نین و ئەوەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ناوچەکە کە ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانی بێ ئاوی بووەتەوە.

جووتیارانی سەردەشت ناڕازین

برداشت بيش از 24 هزار تن انگور سياه ديم از تاكستان هاي سردشت - ایرنا

جووتیاران و بەتایبەتی ڕەزەوانانی سەردەشت باس لەوە دەکەن، کە بە زەحمەت و تێچوویەکی زۆرەوە بەرهەمی دێنن، بەڵام بەهۆی پشتیوانینەکردنیان بەرهەمەکیان بەفێڕۆ دەچێت و تەنیا دەڵاڵانی هەلپەرست سوودی لێ دەبینن.

خدر ڕەحیمی، باخدارێکی گوندی کاولان سەردەشت لەبارەی ئەم گرفتەوە بە ماڵپەڕی میهری ئێرانی ڕاگەیاندووە: "نەبوونی نرخێکی گونجاو و پشتیوانینەکردن لە بەرهەمهێنەرانی ترێ لە شاری سەردەشت وای کردووە، کە دەڵاڵەکان بەرهەمەکانیان بە نرخێکی زۆر کەم بۆ پارێزگاکانی وەک تاران و شارە ناوەندییەکانی ئێران ڕەوانە بکەن".

بەشێکی دیکەی کێشەی جووتیاران، نەبوونی ناوەندێک و کارگەیەکی پێویست بۆ لێگیراوەکانی ترێیە لەو شارە، کە بەشێکی بەرهەمەکە لەناو دەچێت.

لەگەڵ ئەوەی پێنج هەزار و 500 دۆنم لە زەویی گوندەکانی دەوروبەری سەردەشت تایبەت بە باغی ترێیە و ترێیەکەشی لەڕووی جۆر و شێوازی بەرهەمهێنانەوە تەواو سروشتییە و هیچ جۆرە پەیینێکی کیمیایی لێ نادرێت، بەڵام بەرهەمی ساڵێک تێکۆشانی جووتیارانی سەردەشتی بەهۆی نەبوونی کارگەیەکی پیشەسازیی تایبەت بە ترێ، بە شێوەی خاو هەناردەی بازاڕەکان دەکرێت و بەرز و نزمبوونەوەی نرخ و نەبوونی پشتیوانیش بازاڕی دەڵاڵانی گەرمتر کردووە و بەهۆی ئۆرگانیکبوونی ترێ ڕەشەی سەردەشت، بەشێکی زۆریشی ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت.
نهال انگور سیاه سردشت - نهالستان پالیز

50٪ی خەڵکی سەردەشت سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ترێن

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەردەشت بە ماڵپەڕی ئیرنا_ی ئێرانی گوتووە: "50٪ی دانیشتوانی سەردەشت بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێزی بەرهەمهێنەرانی ترێ ڕەشەدان و بێگومان دەکرێ بگوترێ تەنیا میوەیەکی ئۆرگانیک و سروشتیی ئێرانە و جۆرەکانی نەمامی ترێ ڕەشەی سەردەشت ڕەوانەی شار و پارێزگاکانی دیکەی ئێران و تەنانەت دەرەوەی وڵات و بۆ وێنە فەڕەنسا کراوە".

بەرهەمەکانی ترێ ڕەشە

ترێ ڕەشەی سردەشت، جیا لەوەی بە شێوەی خاو بەکار دەهێندرێت، هاوکات بەرهەماکانی وەک: مێوژ، شیرە و دۆشاو، باسووق، ئاوی ترێ و دروستکردنی ڕۆن لە ناوکەکەی، هەروەها بۆ بەرهەمی دیکەش بەکار دێت.

وەرزی پێگەیشتنی ترێ
باغ مادري كلونهاي پرمحصول انگور سياه سردشت در اروميه راه اندازي شد - ایرنا

هەرچەند کاتی پێگەیشتنی ترێ بەپێی ناوچە و جۆری ترێیەکە دەگۆڕێت و لەو ناوچانەی کە کەشوهەوا گەرمتر بێت ترێ زووتر پێ دەگات و لە ناوچە سارد و کوێستیانییەکانیش درەنگتر پێ دەگات، بەڵام وەر و کاتی پێگەیشتنی ترێ ڕەشە لە سەردەشت لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژ (11ی مانگی 8)وە دەست پێدەکات و تاکوو دوو مانگ بەردەوامە. لێکردنەوەی بەرهەمی ترێ لە زۆر ناوچە و گوند بە هەرەوەرزییە، بەتایبەتی ئەوکاتەی ترێ بە تەڕی و خاوی پارە ناکات، بنەماڵەکان بەکۆمەڵ لێی دەکەنەوە و دەیکەنە مێوژ کە بە شێوازی دروستکردنەکەی دەگوترێ (بووڵاو) و ئەمە کارەش هەر بە هەرەوەرزییە.

سوودەکانی ترێ ڕەشە

ترێی سەردەشت لەبەر ئەو تایبەتمەندییانەی كە هەیەتی، بۆ تەندروستی مرۆڤ زۆر بەسوودە و بەپێی زانیارییە تەندروستی و خۆراکییەکان خواردنی ترێ ڕەشە، وێڕای كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆی دەمارەكان، لە زیادکردنی شیری دایكدا دەوری هەیە، هاوكات گەدە و ریخۆڵە پاك دەكاتەوە و رێگری لە چرچبوونی پێستیش دەكات.