ململانێی توند دەکەوێتە نێوان سەرکردەکانی حکوومەتی تاڵیبان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ململانێی توند دەکەوێتە نێوان سەرکردەکانی حکوومەتی تاڵیبان

ململانێ و ناکۆکی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت دەکەوێتە نێوان سەرکردەکانی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان.

تۆڕی میدیایی (BBC) لە زاری ”دوو بەرپرسی باڵای تاڵیبان“ بڵاوی کردووەتەوە، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە نێوان مەلا عەبدولغەنی برادەر، یەکێک لە دوو دامەزرێنەرانی تاڵیبان و جێگری سەرۆکی حکوومەتی ئەو بزووتنەوەیە و وەزیرێک رووی داوە.

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، ئەو وەزیرەی ململانێ و دەمەقاڵێی توندی لەگەڵ مەلا عەبدولغەنی برادەر  کردووە، خەلیل حەقانی، وەزیری کاروباری پەنابەرانە و لە دەرەوەش لایەنگرانی هەردوولاش لە دەرەوە، پێکداهەڵبژاون.

تۆڕی حەقانییە، رێکخراوێکی توندڕەوی ئەفغانییە و هاوپەیمانی تاڵیبان بوو لە شەڕ دژی ئەمریکا و هێزەکانی حکوومەتی پێشووی ئەفغانستان.

سەرچاوەکانی (BBC) باسیان لەوە کردووە، عەبدولغەنی برادەر لە پێکهاتەی کابینەی حکوومەتەکەی تاڵیبان رازی نەبووە و لەگەڵ خەلیل حەقانی دەمەقاڵێیەکی توندیان کردووە.

دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد.

تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامیی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخا.