لە ئێستاوە پۆستی سەرۆک وەزیران ناوماڵی عەرەبی شیعەی لێک ترازاندووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە ئێستاوە پۆستی سەرۆک وەزیران ناوماڵی عەرەبی شیعەی لێک ترازاندووە

یەکلاکردنەوەی پۆسته‌كه‌ و دیاریکردنی فراکسیۆنی زۆرینە، گەورەترین تەنگژەی دوای هەڵبژاردن دەبێ

هەر لە ئێستاوە کە نزیکەی مانگێکی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ماوە، لایەنە شیعەکان چاویان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانە. چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە گەورەترین گرفتی دوای هەڵبژاردن، پرسی یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە و دەستنیشانكردنی فراکسیۆنی زۆرینە لە پەرلەمانی عێراق دەبێت، بۆیە ئەو پرسە عێراقی دوای هەڵبژاردن، دەخاتە بەردەم سێ سیناریۆ. 

پۆستی سەرۆک وەزیران وەکوو عورفێکی سیاسی

لە دەستووری عێراقدا، ئەوە دیاری نەکراوە کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بدرێت بە لایەنی عەرەبیی شیعی و پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ لایەنە سونییەکان بێت، بەڵام بە تەبەنناكردنی دیموكراسیی تەوافوقی و وەکوو عورفێکی سیاسی كراوەتە باو كە دوای هەر هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی، ئەو سێ پۆستە سیادییە بەسەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق (کورد، عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە)دا دابەش دەکرێن.

هەر لە ئێستاشەوە بۆ دوای ئەم هەڵبژاردنە لایەنە عەرەبیی شیعییەکان کەوتوونەتە ململانێی یەکتری و زۆر لە لایەنەکانیان چاویان لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانە، بەتایبەتی هێزە سەرەکییەکانی لایەنە شیعییەکان کە بریتین لە: (حەشدی شەعبی، سەدرییەکان، دەوڵەتی یاسا، نەسری حەیدەر عەبادی و ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیم).

بەپێی زانیارییەکان، هەر لە ئێستاشەوە هاوپەیمانیی فەتحی سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی، هادی عامرییان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە.

 ئایا ئەم حکوومەتەش بۆ مستەفا کازمی دەبێت؟

چاودێران پێیان وایە لە دۆخێکدا ئەگەر عێراق بە شێوەی ئێستای خۆی بمێنێتەوە و لایەنە عەرەبیی شیعییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران ڕێک نەکەون، یان ئەوەتا فراکسیۆنی زۆرینە کە گرفتە گەورەکەی بەردەم پەرلەمانی عێراقە، دوای هەڵبژاردن یەکلا نەبێتەوە، کە زۆرینە ئەوەیە وا زۆرترین کورسی دەهێنێت، یان ئەو هێزانەن بە یەکەوە کورسییەکانیان زۆرە، ئەوە پۆستی سەرۆک وەزیران بە هەمان شێوەی ئێستا بۆ مستەفا کازمی یەکلا دەبێتەوە.

لەم بارەیەوە، بەها ئەعرەجی، سەركردەی ڕەوتی سەدر و جێگری پێشووتری سەرۆك وەزیرانی عێراق، له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (UTV)ی عێراقی ڕایگه‌یاند: ''عەرەبە شیعەکان نزیكه‌ی 10 کاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، بەڵام ڕێککەوتنی لایه‌نه‌كان لەسەریان قورسە''.

ئاماژەی بەوەش دا: ''لەو پاڵێوراوانەی کە هەن، کازمی 80% چانسی زیاتره‌ بۆ قۆناغی داهاتوو ببێتە سەرۆک وەزیران، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ لایەنە عەرەبی شیعییەکان قورسه‌ لەسەر کەسێكی نوێ بگەنە ڕێککەوتن''.

لە ماوەی ڕابردووشدا (4ی ئەیلوولی 2021) ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی چاپی لەندەن بڵاوی كردەوە: ''لیژنەیەكی حەوت قۆڵیی هێزە عەرەبیە شیعییەكان سەرقاڵی تاوتوێكردنی چەند ناوێكن بۆ بەشداریكردن لە كێبەركێی داهاتووی سەرۆكایەتیی وەزیران و لەناویاندا مستەفا كازمی دوو پاڵپشتی گەورەی هەیە، بەڵام موقتەدا سەدر سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەو سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كاندید بكات، چ ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، بەو پێیەی وا چاوەڕوان دەكات گەورەترین لیست بێت''.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت: ''ئەوانەی تا ئێستا ناویان هاتووە بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران لە خولی پێنجەمی پەرلەمان بریتین لە (قاسم ئەعرەجی - ڕاوێژكاری ئێستای ئاسایشی نیشتمانی، عەدنان زوورفی - پارێزگاری پێشووتری نەجەف، محەمەد شیاع سوودانی - وەزیری پێشووتری كاروباری كۆمەڵایەتی و نزیك لە نووری مالیكی) بەڵام لەپاش گەڕانەوەی سەدر بۆ كێبەركێی هەڵبژاردن، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئێستا لە هەموویان چانسی زیاترە''.

دوای هەڵبژاردن، عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆدایە

 د. هاوار نێروەیی، چاودێری سیاسی و شارەزای گرووپەکانی حەشدی شەعبیی عێراق، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: "عێراق بۆ دوای هەڵبژاردن لەبەردەم سێ سیناریۆدایە؛ یەکەم، مانەوەی وەکوو ئێستا و هەڵبژاردنەوەی مستەفا کازمی بە سەرۆکوەزیران بە ڕێککەوتنەوەی لایەنە شیعییەکان، دووەم، دیاریکردنی سەرکردەیەکی شیعە لە براوەی یەکەم بە سەرۆک وەزیران ئەگەر حەشدی شەعبی قبووڵی بکات، سێیەم، بەیەکدادانی ناوماڵی عەرەبە شیعەکان و شەڕی ناوخۆیی، کە ئەو سیناریۆیە لە هەموان زیاتر چاوەڕوانکراوە''. 

نێروەیی گوتیشی: ''ئەو سیستەمەی کە بۆ عێراق دانراوە بە شێوەی ئەو عورفە سیاسییەی کە سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرکۆمار بۆ کورد و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە، سیستەمێکی خراپی دژ بە دیموکراسییە و سیستەمەکە خۆی هۆکاری سەرەکییە بۆ ناکۆکی و بەیەکدادانی ناوخۆیی هەموو پێکهاتەکان، لەبەر ئەوە تاکوو عێراق لەسەر ئەو سیستەمە بەردەوام بێت، ناتوانێت بۆ پێکهاتەکان ببێت بە وڵاتێکی دیموکراسی و پێکەوەژیان''.

ئەو چاودێرە نموونەی بە دۆخی لوبنان هێنایەوە کە قوربانیی دەستی ئەو سیستەمەیە.