بڵند ئیسماعیل ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی چەواشەكردنی قسەكانی بڵاو دەكاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بڵند ئیسماعیل ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی چەواشەكردنی قسەكانی بڵاو دەكاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی چەواشەكردنی قسەكانی لە لایەن هەندێك لە میدیاكانەوە بڵاو دەكاتەوە.

بڵند ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتیی پارتی لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە بۆ (باسنیوز)ی ناردووە، رای دەگەیەنێ ژمارەیەك لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ناوەڕۆكی قسەیەكی ئەویان دەستكاری كردووە و شێواندوویانە، بە جۆرێك بڵاویان كردووەتەوە كە خوێنەر وا تێبگات مەبەستی لەو قسانە ئەوەیە كە ئەگەر پارتی لە هەڵبژاردندا یەكەم نەبێت، شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت.

دەشڵێ هەندێك لایەن باس لە گێڕانەوەی پارسەنگی هێز دەكەن، لە كاتێكدا كە پارسەنگی هێز لە كوردستاندا هەبوو، لایەنێكی سیاسی هەبوو هەمیشە هەوڵی خۆسەپاندن و پاوانخوازی دەدا، بەڵام دوای ئەوەی پارتی لە 1996ەوە بووەتە هێزی یەكەم و پارسەنگی هێز لە بەرژەوەندیی پارتیدا شكایەوە، ئیتر كوردستان ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی بەخۆیەوە بینی و كۆتایی بە پاوانخوازی و هەوڵی خۆسەپاندن هات.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە پارتی هەمیشە باوەشی بۆ لایەنەكانی تر كراوەیە و لە ماف و دەستكەوتی خۆی دەبەخشێتە ئەوانی تر، بۆ ئەوەی هەموو بەیەكەوە شان بدەنە بەر بەرپرسیارییەتی و پێكەوە وڵاتەكە بەڕێوەببەن.

بەرپرسی لقی 16ی پارتی گوتیشی پێشتر كە حزبی تر هێزیان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەبینی، هەمیشە بیریان لە شەڕ و ناكۆكی نانەوە و پاوانخوازی دەكردەوە، بەڵام 25 ساڵە كە پارتی بووەتە حزبی ژمارە یەك، شەڕی ناوخۆ لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی حەرام كراوە، چارەگە سەدەیەكە خەمی پارتی، بریتییە لە ئاشتی و ئاوەدانی و یەكڕیزی. بۆ ئەوەی ئەو ئاشتییەش بەردەوام بێت، پێویستە هەر پارتی بە حزبی ژمارە یەكی كوردستان بمێنێتەوە.

دووپاتیشی كردەوە كە دڵنیان خەڵكی كوردستان پارسەنگی هێز لەلای پارتی دەهێڵنەوە و ئەوانەی خەون بە گێڕانەوەی پارسەنگی هێز دەبینن، لە دوای 10ی ئۆكتۆبەردا بۆیان دەردەكەوێت كە نەك نەگەیشتوونەتەوە بە پارتی، بەڵكو سەدان هەنگاوی تر لە پاشیان داوە.

گوتیشی "بە ڕوونی گوتوومە كە بۆ ئەوەی لایەنەكانی تر شەڕ هەڵنەگیرسێنن و جارێكی تر خەون بەوە نەبینن حاكمی تاك و تەنیای ئەم هەرێمی كوردستانە بن، پێویستە خەڵكی كوردستان دەنگ بە پارتی بدەن و بیكەنەوە بە حزبی یەكەم، چونكە پارتی حزبێكە لە پێناو كوردستاندا سازش لە مافەكانی خۆی دەكات و شەڕ و ئاژاوەی حەرام كردووە، بەڵام زۆر لایەنی تر هەیە لە پێناو مەرامی خۆیان دەست لە هیچ ئاژاوەیەك ناپارێزێت".

بەرپرسی لقی 16ی پارتی داواشی لە میدیاكان كرد، لە كاتی گواستنەوەی لێدوانەكاندا وردتر بن و خۆیان لە یاریكردن بە ڕستەكان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناوەڕۆكی قسەكانی خەڵك بپارێزن.