70 هەزار ئامێری پشكنینی زانیاریی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان داندراون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

70 هەزار ئامێری پشكنینی زانیاریی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان داندراون

بۆ هەر بنكەیەكی دەنگدان ئامێرێك تەرخان دەكرێت

ئەمڕۆ سێشەممە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رای گەیاند زیاتر لە 70 هەزار ئامێری پشكنینی زانیاریی دەنگدەرانیان لە وێستگەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا بڵاوكردووەتەوە، ئەمەش لە پێناو ڕێگریكردن لە ساختەكاری و دەنگدانی نادروست.

جومانە گولای گوتەبێژ بە ناوی كۆمسیۆن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا كە لە هەر بنكەیەكی دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، كە لە 10ی ئۆكتۆبەردا بەڕێوەدەچێت، ئامێرێكی پشكنین و پشتڕاستكردنەوەی زانیاریی دەنگدەران دادەندرێت.

بەگوتەی جومانە، هەر دەنگدەرێك بەر لەوەی دەنگ بدات، پەنجەمۆرەكەی لێ وەردەگیرێ و ئامێرەكە تەواوی زانیارییەكانی وەردەگرێت.

گوتەبێژەكەی كۆمسیۆن ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە ئامێرەكە كامێرایەكی هەیە و دوای وەرگرتنی زانیارییەكان، باركۆدی كارتی دەنگدانەكە دەخوێنێتەوە، كە ئەویش زانیارییەكانی دەنگدەرەكەی لەسەرە، ئینجا دەنگەكە وەردەگیرێت.

هەریەك لەو ئامێرانەی پشكنینی زانیاری دەتوانێت زانیارییەكانی 450 دەنگدەر وەربگرێت، كە بۆ هەر بنكەیەك دیاری كراوە، لە كۆتاییشدا ئامێرەكە وا دەكات ئەنجامی دەنگدانەكە بە خێرایی دەربچێت، دوای ئەوەی زانیارییەكان بەراورد دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی كۆمسیۆن، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا، 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 كەس لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا مافی دەنگدانیان هەیە.