حەشدی شەعبی حكوومەتی ناچار كرد 30 هەزار چەكداری دوورخراوە دابمەزرێنێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

حەشدی شەعبی حكوومەتی ناچار كرد 30 هەزار چەكداری دوورخراوە دابمەزرێنێتەوە

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ڕێگەی هەڕەشەكردنەوە، حكوومەتی فیدراڵییان ناچار كرد 30 هەزار چەكداری دوورخراوە و سزادراوی حەشد دابمەزرێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە كارتێكی بەهێزی حەشد بۆ كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوودا.

ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق باسیان لە هەڕەشەكردن و ناچاركردنی حكوومەتی عێراقیان كرد لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، بۆ ئەوەی گرێبەستی 30 هەزار چەكداری حەشد لەلایەن حكوومەتەوە نوێ بكرێتەوە و دووبارە دابمەزرێنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی تاوان و كاری نایاساییەوە دوور خرابوونەوە.

بەپێی راپۆرتە عەرەبییەكان، ئێستا حەشدی شەعبی سەركەوتنی لەو دۆسیەیەدا وەك كارتێكی بەهێز بۆ ڕاكێشانی دەنگی شەقامی شیعی بەكاردێنێت، سەرباری ئەوەی 30 هەزار دەنگی چەكدارە گەڕاوەكانیشی مسۆگەر كردووە.

لەمبارەیەوە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رای گەیاندووە كە لە ئێستاوە لە بودجەی حەشدی شەعبییەوە مووچەی چەكدارە دووبارە دامەزراوەكان دابین دەكرێت.

ئەم بڕیارەی دوێنێی حكوومەتی فیدراڵی دوای ئەوە هات كە چەندین چەكداری دوورخراوەی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری ناوچەی سەوز كۆبوونەوە و هێزە ئەمنییەكانیان بەردباران كرد لە بەرانبەر داوای گەڕاندنەوەی دامەزراندنیان.

ئەو چەكدارە دوورخراوانەی حەشدی شەعبی لەوانەن كە دوای ئەوەی لە 2014دا دامەزران لەناو میلیشیاكانی حەشد، لە نێوان ساڵانی 2015 و 2018دا بەهۆی كاری نایاسایی، یان پابەند نەبوون بە دەوامكردن و هەندێكیشیان بەهۆی تاوانكاری دوور خرابوونەوە، بەڵام خۆپیشاندانەكەی دوێنێیان و پشتیوانیكردنیان لەلایەن سەركردایەتیی حەشدەوە ئەوەی بۆ هاووڵاتییانی عێراق دووپات كردەوە كە حەشدی شەعبی ئامادەی هەموو كارێكە لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی.