خالد عەباس: زیاتر لە 15 هەزار کارتی دەنگدانی ئاوارەکانمان لە فەوتان ڕزگار کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

خالد عەباس: زیاتر لە 15 هەزار کارتی دەنگدانی ئاوارەکانمان لە فەوتان ڕزگار کردووە

"لەم هەڵبژاردنەدا 80 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە"

خالد عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ (باسنیوز) ئاشکرای کرد 15 هەزار و 521 کارتی دەنگدانی تایبەتە بە ئاوارەکان کە مەترسیی لەناوچوون و فەوتانی لەسەر بووە، ڕزگاریان  کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ ناو کەمپی ئاوارەکان و دەڵێت لەم هەڵبژاردنەدا 80 هەزار ئاوارە لە سنووری دهۆک مافی دەنگدانیان هەیە.

بۆ بڵاوکردنەوەی کارتی دەنگدان، پارێزگای دهۆک لە ئاستی عێراقدا پلەی یەکەمە

خالد عەباس، لەبارەی پرۆسەی بڵاوکردنەوەی کارتی دەنگدان ڕایگەیاند "پاریزگای دهۆک، لەسەر ئاستی هەموو عێراق بۆ پرسی بڵاوکردنەوەی کارتی دەنگدان تا ئێستا لە پلەی یەکەمدایە و بە ڕێژەی 90٪ی کارتی دەنگدان لەناو هاووڵاتییان بڵاو کراوەتەوە، هەروەها ئێستا لە پارێزگای دهۆک تەنیا 65 هەزار کارتی دەنگدان ماون کە هێشتا دەنگدەران وەریان نەگرتووەتەوە و پرۆسەکەش هەر بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک بەمەبەستی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان، سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن و ئێمە هیوادارین هەموو هاووڵاتییان هەوڵ بدەن کارتەکانیان وەربگرن تاکوو بتوانن لە هەڵبژاردندا بە ئاسانی دەنگ بدەن".

بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن گوتیشی: "پلانی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق سەری گرتووە و ئێمە توانیومانە، بۆیە ئێمە توانیومانە لە ئاستی هەموو عێراقدا بۆ بڵاوکردنەوەی و دانەوەی کارتی دەنگدان بە هاووڵاتییان پلەی یەکەم بەدەست بهێنین، تا ئێستا هیچ کێشەیە دروست نەبووە و پرۆسەکە لە دهۆک لە لە باشترین قۆناغدایە و هەموو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن لە دهۆک کۆتاییان پێ هاتووە".

هەر ئاوارەیەک کارتی دەنگدانی نەبێت، بە مەرجی پەنجەمور دەنگ دەدات

خالد عەباس، لەبارەی چۆنیەتیی دەنگدانی ئاوارەکان گوتی: "پرۆسەی دەنگدانی ئاوارەکان لە هەڵبژاردندا لەگەڵ دەنگدانی تایبەتدا دەبێت، چونکە ئاوارەکان لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا لەگەڵ هاووڵاتییانی دیکە ناتوانن دەنگ بدەن، هەر ئاوارەیەکیش کارتی دەنگدانی خۆی پێ نەبێت، ناتوانێ بەشداری هەڵبژاردن بێت، ئەگەریش بیهەوێ دەنگ بدات، دەبێ بە هەر 10 قامکی دەستی پەنجەمۆر بکات، ئەگەر بێت و تەنانەت یەک لە پەنجەمۆرەکانیشی نەیخوێنێتەوە، ناتوانێ دەنگ بدات".

فەرمانبەرانی دهۆک پرۆسەی هەڵبژاردنی شنگال بەڕێوە دەبەن

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە دهۆک ڕاشیگەیاند "بە‌غدا لە هەوڵدا بوو بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنەکان و بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەناو کەمپی ئاوارەکان, لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە فەرمانبەر بهێنێت، بۆیە ئێمە ڕێگریمان لێ کردووە و کار بۆ ئەوە دەکەین کە فەرمانبەرانی دهۆک پرۆسەی هەڵبژاردنی قەزای شنگال بەڕێوە ببەن و فەرمانبەر لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە نەهێندرێن و ئەمەمان یەکلا کردووەتەوە و هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی خەڵکی شنگال نەفەوتێن و ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن و ئێمە لەسەر پرۆسەی دەنگدانی ئاوارەکان زۆر ڕژدین و ڕێگە نادین دەنگی ئاوارەکان بفەوتێت".

31 بنکەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان دانراوە

خالد عەباس لەبارەی ژمارەی بنکەکانی دەنگدان بۆ ئاوارەکان و خەڵکی دهۆک گوتی: "بۆ ئاوارەکان 31 بنکە و 168 وێستگەی دەنگدان لەناو کەمپی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک دادەنرێت و لەم هەڵبژاردنەدا 80 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە، هاوکات بۆ خەڵکی دهۆکیش 164 بنکە و هەزار و 807 وێستگەی دەنگدان دادەنرێن و لە پارێزگای دهۆکیش 827 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە".