کەرکووکییەکان بە گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکەیان، ئومێدیان بۆ گەڕاوەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کەرکووکییەکان بە گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکەیان، ئومێدیان بۆ گەڕاوەتەوە

 

پارتی دیموكراتی كوردستان، خاوەن جەماوەرێكی تایبەت و بەرچاوە لە كەركووك، لە هەموو هەڵبژاردنێكیشدا \ئەگەر بەشداریی كردبێت\ توانیویەتی كورسیی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. بە گوێرەی پێشبینییەكانیش بێت، لەم هەڵبژاردنەدا كورسییەكانی پارتی هەڵدەكشێ، هۆكارەكەشی ئەو گرنگیدانەیە بە پێگەی كورد و كوردستان لەناو عێراق و هەروەها پاراستن و بەرگریكردنە لە مافی خەڵكی كەركووك بە هەموو پێكهاتەكانیەوە.

سامان ساڵەیی دەنگدەرێكی كوردی كەركووكە، لە هیچ هەڵبژاردنێكدا دەنگی بە پارتی نەداوە، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەڵێت، دەنگی من بۆ پارتی دەبێت.

ساڵەیی تایبەت بۆ (باسنیوز) قسەی كرد و دەڵێت: ”پێشتر دەنگم بە پارتێكی دیاریكراو داوە، بەڵام دوای ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ ئیدی چاوم كرایەوە و هەموو شتەكانم بە چاوی خۆم بینی، ئیتر زانیم كێ بەرگری لە میللەت و خاك و ئاڵا و شكۆی كوردستانیان دەكات، بۆیە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە بە دڵ و بە گیان دەچمە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگی من بۆ كاندیدی پارتییە“.

ئەگەر بەناو كەركووكدا گوزەرێك بكەیت بۆت دەردەكەوێت كە پارتی لە كوێدا خزمەتگوزاریی كردووە، بە تایبەت لە بواری رێگەوباندا، بۆیە خەڵكی كەركووك دەڵێن هەموو ئەو كارانەی پارتی كردوویەتی خەڵكی پێی حەساوەتەوە.

نادیە تاهیر دانیشتووی گەڕەكی رووناكییە لە كەركووك، باس لەو شەقامە دوو سایدە دەكات كە بۆ گەڕەكەكیان كراوە.

نادیە قسەی بۆ (باسنیوز) كرد و دەڵێت: ”پێشتر گەڕەكەكەمان زۆر بێ خزمەتگوزاری بوو، بەڵام بە دروستكردنی ئەو شەقامە چەند هەنگاوێك گەڕەكی ئێمەی بردە پێشەوە، ئەویش كاتێك كاك نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت بوو دروستی كرد“.

نادیە دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدات، چونكە وەكوو خۆی ئاماژەی بۆ دەكات لە دوای نەمانی پارتی لەو شارە، خزمەتگوزاری بوونی نەماوە.

پارتی لەسەر بازنەی كەركووك دوو كاندید هەیە، یەكێكیان شاخەوان عەبدوڵایە، ئەوی تریش نەجوا حەمیدە، هەموو هەوڵێكیش دەدات تا بتوانێت هەردوو كاندید دەربچوێنێت بۆ پەرلەمانی عێراق، لەمبارەیەوە هەڵمەتێكی باشی بانگەشەی بۆ ئەو دوو كاندیدە بە ئاڵای كوردستانەوە دەست پێ كردووە.

نەجوا حەمید كاندیدی پارتی لە كەركووك، پێیوایە دەنگی پارتی لە هەڵكشان دەبێت و هەردوو كاندیدی لە كەركووك دەردەچن.

نەجوا بۆ (باسنیوز) دەڵێت: ”خەڵكی بۆی دەركەوت كێ دڵسۆزی كوردە و كێش دڵسۆز نییە. بۆی دەركەوت ئەوەی بەرگری لە نیشتمان و ئاڵا و پێشمەرگە دەكات كێیە؟ بۆی دەركەوت كە لەسایەی باڵادەستیی پارتیدا هەموو پێكهاتەكانی دانیشتوانی كەركووك، پارێزراو و رێزلێگیراو دەبن، بۆیە بە دڵنیاییەوە پارتی هەڵدەبژێرن و دەنگی پێ دەدەن“.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا، نەجوا دڵنیایە لەوەی پارتی لە كەركووك هەردوو كاندیدی سەردەكەون، نموونەش بەو سەردانانە دەهێنێتە كە خەڵكی كەركووك رۆژانە بە سەدانیان سەردانی ئۆفیسی پارتی دەكەن لەو شارە.

پارتی ئۆفیسی هەڵبژاردنی لە كەركووك كردووەتەوە، هاووڵاتییەكی زۆری خەڵكی كەركووك سەردانی ئەو ئۆفیسە دەكەن وەكوو پشتگیرییەك بۆ پارتی. بۆیە نەجوا داوا دەكات میدیاكان بچنەنە كەركووك و سەردانی ئۆفیسەكەیان بكەن، تا لە نزیكەوە بە چاوی خۆیان گەرموگوڕیی خەڵك ببینن كە چۆن پشتگیری لە پارتی و كاندیدەكانی دەكەن و چۆن بە گەڕانەوەی پارتی ئومێد بۆ خەڵكی كەركووك گەڕاوەتەوە.