عەشیرەتی پەرلەمانتارێک هۆشداریی دەداتە موقتەدا سەدر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

عەشیرەتی پەرلەمانتارێک هۆشداریی دەداتە موقتەدا سەدر

عەشیرەتی ئەلبەرەکات هۆشداریی دەدات و بەرپرسیارێتیی گیانی پەرلەمانتارێک دەخاتە ئەستۆی رێبەری رەوتی سەدر.

فاهیم خەزعەل ئال خەشان، شێخی گشتیی عەشیرەتی ئەلبەرەکات کە عەشیرەتی باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراقە، رایگەیاندووە: عەشیرەتەکەیان رۆڵی گرنگی لە مێژووی عێراقدا لە سەردەمی شۆڕشی 1920ـەوە تا ئێستا، هەیە.

شێخ فاهیم خەزعەل ئال خەشان رەخنەگرتنی باسم خەشان لە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر بە ئاسایی دەزانێت و رایگەیاندووە: پێویستە هەموو ئەو کەسانەی کاری سیاسی دەکەن رەخنە قبوڵ بکەن یاخود واز لە سیاسەت بهێنن بۆ سیاسییەکان و چیتر ئازادیی رادەربڕینی کەسانی دیکە پێشێل نەکەن.

شێخی عەشیرەتی ئەلبەرەکات هۆشداریی داوەتە موقتەدا سەدر و رەوتەکەی و رایگەیاندووە: عەشیرەتەکەی و هەموو خەڵکی پارێزگای موسەننا بەرپرسیارێتیی سەلامەتیی گیانی باسم خەشان دەخەنە ئەستۆی خودی موقتەدا سەدر.

پێشتر باسم خەشان لە چاوپێکەوتنی کەناڵێکی عێراقیدا، رایگەیاندبوو، بانگەشەکانی موقتەدا سەدر بۆ چاکسازی ”دووڕووییە“ و ئەو ”سەرۆکی کوتلەیەکی گەندەڵە“.

دوای ئەو لێدوانە، ئەبو یاسر، یاریدەدەری سەربازیی موقتەدا سەدر هەڕەشەی لە باسم خەشان کرد و رایگەیاند: ئەگەر ئەو ”بێ ئەدەبە“ داوای لێبووردن نەکات، ئەوا بە هەموو رێگە یاسایی و عورفییەکان و بە رێگای خۆیان و بەپێی ”پەروەردەی ئال سەدر“، وەڵامی دەدەنەوە و هەڵوێستی لە دژ وەردەگرن.