سیاسەتمەدارێکی تورکیا: ئەردۆغان ناتوانێت ببێتەوە سەركۆمار
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سیاسەتمەدارێکی تورکیا: ئەردۆغان ناتوانێت ببێتەوە سەركۆمار

توركیا لە ساڵی 2023 دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، بەڵام ئەوەی پرسیاری شارەزایانی بواری دەستوورە لە توركیا، كاندیدبوونەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم بۆ پۆستی سەركۆمارییە و قسە لەسەر دەستووریبوونی یان نەبوونی، دەکرێت.

مستەفا كەمالەک، شارەزای دەستووری توركیا و سەرۆكی پێشووی پارتی سەعادەت، دەڵێت، ”ئەردۆغان بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی كاندید بكاتەوە“.

لە دیمانەیەكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (TV5)ی وڵاتەکەیدا، مستەفا كەمالەک رایگەیاندووە: لە ئەگەری هەڵبژاردنی ئاسایی، ئەردۆغان مافی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا نییە، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، ”ئەوكات قسەیەكی ترە“.

بەپێ مادەی 101ـی دەستووری توركیا، ماوەی سەرۆكایەتیی سەركۆمار بۆ هەر خولێك پێنج ساڵە، هەروەها سەرکۆمار بۆی هەیە لە دوو خولی لەسەر یەک، خۆی بۆ سەرۆكایەتی كاندید بكات.

شارەزایانی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)ی دەسەڵاتدار پێیان وایە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیی ئەردۆغان هەژمار ناكرێت، چونكە ئەوكات دەستووری توركیا هەموار نەكرابووەوە، لە دوای 2018 و هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا و دانانی سیستەمی سەرۆكایەتی، باس لەوە كراوە سەركۆمار بۆی هەیە دوو خول سەرۆک بێت.

بەپێی ماددەی 116ـی دەستووری تورکیا، ئەگەر لە ساڵی سێیەم یان چوارەمی سەرۆکایەتیی سەرکۆماردا، هەڵبژاردنی پێشوەختە ساز بکرێت، ئەوا سەرکۆماری ئەگەر دووەم خولی سەرۆکایەتییەکەی بێت، دەتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە، چونکە ئەو خولەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی تێدا ساز دەکرێت، هەژمار ناکرێت.