بڕیارێك بۆ مووچەی زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگە دەردەچێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بڕیارێك بۆ مووچەی زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگە دەردەچێت

وەزارەتی پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بە فەرمانێك بڕیاری پێدانی سەرمووچە (عه‌لاوه‌) بۆ زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگە دەردەكات.

بەپێی فەرمانێكی وەزارەتی پێشمەرگە، كە وێنه‌یه‌كى دەست (باسنیوز) كەوتووە، بڕیار دراوە بە پێدانی سەرمووچە بۆ لە 10 هەزار و 75 پێشمەرگە، پلەداری دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتییەكان و لیواكانی پێشمەرگە.

سەرمووچەی ئەو 10 هەزار و 75 پێشمەرگە و پلەدارە، پەیوەندیی بە خشتەی نەورۆزی 2020ه‌وه‌ هەیە.

وەك لە نووسراوەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، سەرمووچەی ئەو كەسانە بە دوو لیستی جیاواز كراوە، لیستێكیان بۆ دیوان و بەرێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیه‌، لیستی دووەمیش بۆ هەشت هەزار و 788 پێشمەرگە و پلەداری لیواكانە.

وەزارەتی پێشممەرگە لە نووسراوەكەدا ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو، سەرمووچەی ئەو كەسانە لە 1/4/2020وە ئەژمار دەكرێت.

بەهۆی سەرمووچەوە، مووچەی پێشمەرگە زیاد دەكات و هەنگاوێكیش لە بەرزكردنەوەی پلە نزیكتر دەبنه‌وه‌.

سەرچاوەیەكی ژمێریاریی لیواكانی پێشمەرگە بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: "نووسراوەكە گەیشتووەتە دەستیان و كار بۆ بەستنی سەرمووچەی ئەو پێشمەرگانە دەكەن كە لە لیستەكەدا ناویان هاتووە".

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) كە لە ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگەوه‌ وەرگیراون، ئەمساڵ بە دوو فەرمانی جیاواز پلەبەرزكردنەوەی زیاتر لە هەشت هەزار پێشمەرگە و پلەداری پێشمەرگە جێبەجێ كراوە كە تایبەت بووە بە پلەبەرزکردنەوەی خشتەی ئەیلوولی 2020.

بۆ سەرمووچە و پلەبەرزكرنەوە (عه‌لاوه‌ و ته‌رفیع)، وەزارەتی پێشمەرگە دوو خشتەی ساڵانەی هەیە، خشتەی یەكەمیان نەورۆزە و خشتەی دووەمیش خشتەی ئەیلوولە.