كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

مەسرور بارزانی: ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێکردنی بەڵێنی سەرۆک بارزانییە

دەقی وتاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێکردنی بەڵێنی سەرۆک بارزانییە بە خەڵکی سنوورەکە.

ئەمڕۆ، سێشەممە 14/9/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا ڕایگەیاند: وەک وەفادارییەک بۆ خەبات و تێكۆشانی خەڵکی سنووری سۆران، ”هاتوینەتە خزمەتیان بۆ ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی ئەم دەڤەرە“.

 

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

 

خوشك و برایانی بەڕێز

ئامادەبوانی هێژا

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

دانیشتوانی تێكۆشەر و قارەمانی دەڤەری سۆران، ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانتان لێ پیرۆز بێت.

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە ئامادەین بۆ ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە لە هەرچوار قەزای سۆران و ڕەواندز و چۆمان و مێرگەسۆر پێك دێت. خەڵكی ناوچەكانی سۆران و باڵەكایەتی و برادۆست و بارزان كە دانیشتوانی ئەم دەڤەرە تێكۆشەرەن، سەرەڕای ئەو هەموو قوربانی و زەحمەت و ئازارەی كە بینیویانە، ئەمڕۆ دەبینن كە ئێمە وەك وەفادارییەك بۆ خەبات و تێكۆشانی ئەوان، هاتوینەتە خزمەتیان بۆ ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی ئەم دەڤەرە.

ئەمڕۆ، ڕۆژێكی مێژووییە، ڕۆژی بەجێگەیاندنی بەڵێنی جەنابی سەرۆك بارزانییە بۆ ئەم دەڤەرە. ڕۆژی وەفادارییە بەرانبەر بە خوێنی شەهیدانمان و قوربانیی پێشمەرگە قارەمانەكانمان. ڕۆژی پێشاندانی سۆز و وەفا و پێزان و ڕێزلێنانە لە خەبات و تێكۆشانی خەڵكی ئەم دەڤەرە.

 

جارێكی تر پیرۆزباییتان لێ دەكەم و لێتان پیرۆز بێت.

 

جێی خۆیەتی سەری ڕێز و نەوازش بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێزانینمان بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان پێشكەش بكەین.

 

خوشك و برایانی بەڕێز و خۆشەویست

ئەمڕۆ بە ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەستبەكاربوونی سەرپەرشتیاری ئەم دەڤەرە، قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات. ئێرە، ئەم دەڤەرە هەر لە سەرەتای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمانەوە تاكوو ئێستا بنكە و پشتیوانی هەموو شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی گەل و نیشتمانەكەمان بووە. قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات و ئایندەیەكی گەش چاوەڕێتان دەكات. ئەم دەڤەرە دەوڵەمەندە بە سروشتێكی دڵگیر و سەرنجڕاكێش، بە خەڵكێكی قارەمان و تێكۆشەر و كۆڵنەدەر، بە خەباتێكی دوورودرێژ و مێژوویی. ئێمە بینیمان كە سەدان و هەزاران شەهید لەم دەڤەرە بۆ ڕزگاریی كوردستان و پاراستنی ئەزموونی كوردستان خۆیان كردە قوربانی، هەرچی بكرێت بۆ ئەم دەڤەرە كەمە.

ئەوەی ئێمە لە حكوومەت لە تواناماندا بێت، بەردەوام دەبین لە پشتگیریكردنی ئەم ئیدارە سەربەخۆیە كە دەتوانێ خزمەتێكی زیاتر پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات، ڕۆتین كەم بكاتەوە و هاتوچۆی نێوان ناوچە و دەڤەرەكان كەم بكاتەوە و زۆربەی كارەكان هەر لەم دەڤەرە ڕایی بكرێت و فشارێكی زۆریش لەسەر هەولێر كەم بكرێتەوە، بە یەكەوە دەتوانین وڵاتیكی ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بونیاد بنێین.

دەزانین زۆر لەو ناوچانەی زۆر دڵگیر و سەرنجڕاكێشن، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان، هێشتا گیرۆدەی بابەتی ئەمنی و سەقامگیرین، بەڵام ئێمە لە حكوومەت هەموو هەوڵێك دەدەین تا ئەم ناوچانە جارێكی تر ئارامی و سەقامگیرییان بۆ بگەڕێتەوە و بخرێنەوە خزمەتی ئەم دەڤەرە و هەموو كوردستان، چونكە دڵنیام ئەم ناوچانە بێوێنەن و لە ڕووی گەشتیارییەوە دەتوانن یارمەتیدەرێكی یەكجار زۆری خەڵكی ئەم دەڤەرە و هەموو كوردستان بن.

ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندە بە كانزا سروشتییەكانی، ئێمە دەتوانین یارمەتیدەر و پشتیوان بین بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتوگوزاری لەم دەڤەرە.

ئەمڕۆ كە 14ی مانگی ئەیلوولە، لە مانگی ئەیلوولداین كە ئەو مانگەیە گەورەترین شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان تێیدا دەستبەكار بوو. ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژوویی دەبێت، دەستپێكێكی مێژوویی دەبێت بۆ ئەوەی لە ڕووی ئیداریشەوە ئەم دەڤەرە پێشكەوتنی بەرچاو بە خۆیەوە ببینێت.

هیوادارم لە داهاتوودا بەڕێوەبەرانی ئەم دەڤەرە لە هەرچوار قەزاكە بتوانن خزمەتێكی زیاتری هاووڵاتیان بكەن و یاسا جێبەجێ بكەن و پرۆسەی چاكسازی وەكوو لە كابینەی حكوومەتدا هاتووە، وەك خۆی جێبەجێ بكەن، ڕووبەڕووی هەموو ئەو سەرپێچیكارانەش ببنەوە كە لەوانەیە لەم دەڤەرەش وەك هەموو ناوچەكانی تر ڕوویان دابێت.

دڵنیا بن من وەك خۆم و وەك كابینەی حكوومەت بە هەموو شێوەیەك پشتیوانتان دەبین بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و دەستەبەركردنی ئایندەیەكی گەشتر بۆ خۆتان و نەوەكانی داهاتوو.

تمووحی ئێمە زۆر لەوە زیاترە كە بتوانین ئیدارەی ناوچەكانی خۆمان بكەین، ئەم ناوچە دڵگیر و خۆشەی دەیبینن، دەتوانێت ببێتە ناوچەیەكی گەشتیاری نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكوو بۆ هەموو ناوچەكە و لە جیهانیشدا خەڵك بتوانن سەردانی ئێرە بكەن. دەمانەوێ لە هەموو ڕویەكەوە خۆمان پێ بگەیەنین، لە ڕووی پەروەردەییەوە كارێكی وا بكەین كە نەوەی داهاتووی ئێمە بتوانێت خۆی بە زانست و دەوڵەمەند بكات بە پەروەردەیەكی باش، بۆ ئەوەی بتوانین ئایندەیەكی گەشتر و ئاوەدانییەكی زیاتر پێشكەش بە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان بكەین. قۆناغی سبەی لەمڕۆوە دەست پێ دەكات، پێویستە هەموومان هەموو هەوڵێك بدەین و دەست لەناو دەستی یەكتر بنێین بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خەڵك و وڵاتەكەمان بكەین.

ئێمە بەڵێنی ئەوەمان داوە كە دەسەڵات شۆڕ بكرێتەوە بۆ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان. لەم ڕووەشەوە دەبینن ئەم هەنگاوانەمان دەست پێ كردووە و كەوتووەتە كار و هیوادارین بەرپرسە بەڕێزەكانیش لەم ئاستە بتوانن زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەن و ئەوەی كە شایستەی هاووڵاتییە جێبەجێی بكەن.

بەڕێزان، هەروەك دەزانن ئێستا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیشین كە هەڵبژاردنە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەم هەڵمەتە پێویستە بۆ ئەوە بێت كە ئێمە بتوانین باشترین نوێنەر كە داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكات، بۆ بەغدا بنێرین، بۆ ئەوەی لەوێوە پشتیوان بێت بۆ دەستەبەركردنی هەموو مافەكانی خەڵكی ئێمە.

ئەو نوێنەرانەی كە دەستنیشان دەكرێن، پێویستە بەبێ فەرق و جیاوازی نوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی كوردستان بكەن.

هیوادارم لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، لەجیاتی پەلاماردانی یەكتر و لە جیاتی یەكترشكاندن، هەوڵ بدرێت هەریەكە و بەرنامەی خۆی پێشكەش بە خەڵكی كوردستان بكات كە چۆن دەتوانێت باشتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات.

ئەوەی هیچی لە هەگبەدا نەبێت یان نەمابێت، بە پەلاماردانی لایەنەكانی تر ناتوانێت خزمەت بكات، توانای جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەشی نابێت ئەگەر خۆی بەرنامەی چاكسازی و پێشخستن و خزمەتكردنی هاووڵاتیان پێشكەش نەكات.

ئێمە لە هەموو قۆناغێكدا هەوڵمان داوە ئەو بەڵێنانە بە خەڵكی خۆمان بدەین كە بتوانین جێبەجێیان بكەین. لێرەشەوە من داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و بەربژێرەكان دەكەم، لەم هەڵمەتە هەوڵی ئەوە بدەن زیاتر ڕووی گەشی كوردستان پێشانی جیهان بدەن و زیاتر هەوڵ بدەن كێبڕكێ لەسەر خزمەتكردنی وڵات و خەڵكەكەیان بكەن.

جارێكی تر پیرۆزبایی ئیدارەی سەربەخۆ لە خەڵكی ئەم دەڤەرە دەكەم، هیوادارم هەمووتان سەركەوتوو بن، ئیشەڵڵا لە ماوەیەكی نزیكدا دەبینین پێشكەوتنی بەرچاو لەم دەڤەرە ڕوو دەدەن، ئەوەی ئێمەش بتوانین لە حكوومەت پشتیوان و پاڵپشتی ئێوە دەبین. ئیشەڵڵا هەر سەركەوتوو بن. هەر تەندروست و سەلامەت بن، خۆشتان بپارێزن، بەتایبەتی كە هێشتا پەتای كۆرۆنا كۆتایی نەهاتووە، بۆ پاراستنی خۆتان ڕێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن، بە لەشێكی تەندروست دەتوانین وڵاتێكی تەندروستیش بونیاد بنێن.

جارێكی تر لێتان پیرۆز بێت، هیوادارم هەمیشە هەر سەركەوتوو بن و كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.